خۆ دزینەوە لە ئەركە نیشتیمانی و نەتەوەیی بە تایبەت پرسی سەربەخۆیی خیانەتە
September 15, 2016
وتار و بیروڕا
قوربانیدانی پێشمەرگەی كوردستان، خۆڕاگری سەرجەم كوردستانیان ، بڕیار و روانگە دروستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی و كارێزمایی و حیكمەتی لە بەرێوەبردنی دۆسیە چارەنوسسازەكان وەك نوێنەری ئیرادەی گشتی خەڵكی كوردستان و، ئاراستەی خواست و داواكاری گەلی كوردستان و مرۆڤی كوردستانی بۆ گرتنە ئەستۆی چارەنوسی خۆیان، بڕیاردان لەو چارەنوسە و كاریگەری راوبۆچونەكانی لەسەر وڵاتانی خاوەن بریار و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ هەر بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە؛ بەبێ ترس لە كەس و، بەبێ دوو دڵی لە داهاتوو بگەینە ئەو بڕوایەی كە زەمینەیەكی لەبار لەڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوورییەوە و نێودەولەتییەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و بون بە دەوڵەت .
گەلی كورد بە درێژایی مێژووی رزگاریخوازی كوردستان زۆر تاڵی و ناخۆشی كێشاوە و دایك شەهیدان و پێشمەرگە ، هەموو كوردێكی دڵسۆزی لە چاوەروانی دەرفەتێك دا بوون تا كو مافەكانی خۆیان تێیدا بەرجەستە وبكەن و بەدەست بهێنن . بۆیە رووداوەكانی ناوچە دەخوازێت چیتر كات بەفیرۆ نەدەین وبەرژوەندی شەخسی وەلاوە بنێن .لە ئێستادا رووداوی زۆر گەورە لە دەوروبەرمان روودەدات. كەچی كاتێ سەیری خەلكی كوردستان دەكەین زۆر بە ساردی تێڕوانینیان بۆ پێشهات و گۆڕانە ناوچەیی و جیهانیەكان هەیە كە هاوبەرژەوەندیشە لەگەل كێشەی كورد. كەواتە كێشەكە دیارە. ئەو تیمەی لەسەرۆكایەتی كردنی حزبەكانن ئەم دۆخەیان دروستكردوە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كەمێك لە بەرژەوەندی تایبەت بەخۆیان و گروپەكانیان دوور بكەونەوە و روویان بە ئاراستە رێكخستنەوەی بۆچوونە سیاسەكان وەرگێڕن و بەسەر كێشە ناوخۆیەكان بەشێوەیەكی تەندروست باز بدەن . بۆ ئەوەی جارێكی تر خەبات بۆ كوردایەتی گەرم ببێتەوە، خەلكی كوردستان هاوڕا ببنەوە لەگەل بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی . بۆیە ئاماژەكان و رووداوەكان دەخوازێت بەرژوەندییە حزبی و شەخسیی و ناكۆكییەكان بەلاوە بنێن و لەجیاتی كات بەفێرۆدان دەوڵەتی سەربەخۆیی ئاوا بكەین ..
وای دەیان ساڵە تێكۆشان سەیرە و جێگەی پرسیارە كەس و لایەن گەڵێك هەبن لە مانای كوردایەتی و نەتەوەبوون تێنەگەیشتن بن . لە رٍاستیدا هەندێك لایەن وشەخس لەو بیرو بۆچوونانەی پاش ئەو هەموو خەبات و تێكوشان و قوربانییەی كورد لەمێژوودا كردوویەتی زۆر بیر تەسكانە بیر دەكەنەوە، دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە بە لۆژیكی بیركردنەوەی خۆیان بە كارێكی ستراتیژی خراپ مەزەندە دەكەن، یا وەكو دەڵێن جارێ كاتی خۆی نییەو وەختەكە لەبار نییە، بە بێ ئەوەی بای تۆزقاڵێك رەچاوی مەشروعیەتی مافەڕەواكانی گەلەكە بكەن، كەچی لەكاتی تەنگانەو رۆژە سەختەكان هاوار لە كورد دەكەن كە بە دەم هاوارەكەیاندا بچن و فریای بارودۆخەكە بكەوێت ئەگەر نا كار لەكار دەترازێت، ئەوەش تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
سەرۆك مسعود بارزانی نوێنەرایەتیی ئەو رێبازە نەتەوەییە كوردستانییە دیموكراسییە دەكات كە میراتگری گشت شۆرٍشەیەك لەدوای یەك كوردستانە كە هەموویان لە پێناو یەك ئامانج بوو و هەروەها هەڵگری مەشخەڵی ئەو رێبازەیە و هەردوو شەرعییەتی نەتەوەیی مێژوویی و شۆڕشگێڕی بەیەكەوە كۆكردۆتەوە و تەنانەت هەموو توانایەكیش دەبەخشێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان و بەدیهێنانی بەیەكەوەژیان و ئاشتی لەنێوان ناكۆكەكان، بەڵام من پێموایە كە لەپێناو سووككردنی بارگرانیی سەرشانی سەرۆك بارزانی و بەدیهێنانی ئەوەی مەبەستمانە لە بەلاوەنانی لەمپەرەكان لەبەردەم هاوكاریی كورد و كورد، پێویستە هەموو هێزو لایەنەكان پشتگیری و پاڵپشتیی سەرۆك بكەن لە هەرێم و هەموو هەوڵێكی دابەشكردن و قەدەغەكردنی ئەجێندای لایەنەكانی ئیقلیمی رابگرن و بە یەك ریز بەرامبەر كێشەكان بوەستنەوە و دەستكەوتەكانیش بپارێزن، سەرۆك بارزانی گشت هەوڵەكانی نەك تەنیا لە كوردستانی باشوور،بەڵكو هەموو بەشەكانی تر چرٍكردۆتەوە تا مافەبەدەستهاتووەكان بپارێزرێن و لەدەست نەچەن و سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ كورد هاتۆتە ئارٍاوە ..