"نیگەرانن لە بارزانی"

لەچەند ڕۆژی رابردوو، دەزگای راگەیاندنە عێراقییەکان، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، نیگەرانی لە کورد و ئیدارەی هەرێمی کوردستان و "مەسعود بارزانی"، لای ئەمەریکییەکان کردووە، گوایە کورد دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر ئیدارەی مووسڵ وەک خۆی گوتبووی، (قەلەقن لە پێشرەوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان)، نووری مالیکی، باسی لەوەش کردووە، ناکرێت ئیدارەی ئێستای شاری مووسڵ بگۆڕدرێت، راستییەکە ئەوەیە کە زۆر درەنگە بۆ قەلەق بوونی مالیکی، چوونکە وادەی دادگایی کردنی لەسەر کەوتنی مووسڵ نزیکە و دۆسییەیی تایبەت لەو بارەوە ئامادەیە، هەروەک چۆن پرۆژە بۆ بەهەرێمکردنی دەشتی نەینەوا و بەرپارێزگابوونی شەنگال ئامادەکراوە، بێگومان هەرێمی کوردستان و بارزانیش ئامادەییان نیشانداوە بۆ پشتگیری کردنی پرۆژەکە ئیتر مالیکی، بە هاوکارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، (پەکەکە) و حەشدی شەعبی بۆ سەرنەگرتنی ئەو پرۆژەیە سودی نییە.
ئەری بەراست مالیکی، ئێستا خۆی کردووە بەپارێزەری شاری مووسڵ، پێمان بڵێت بەفەرمانی کێ دوو لیوای سوپای عێراق و چوار فرقەی جەیشی عێراقی لە شارەکە کشاندەوە؟، ئەو باسی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات، پێمان ناڵێت لە عێراقی یەکگرتوو چۆن، 72 جار پەلاماری شەنگال دەدرێت، چۆن لەسەر دەمی مالیکی، داعش هات سێ پارێزگای عێراقی داگیرکرد؟.
بۆ ئەمەریکییەکان، ئەوە نازانن لەسەدەمی نووری مالیکی قاسەی پارەی عێراق بەتاڵکرا؟ ئێستا مالیکی دەیەوێت شکایەت لە کورد و بارزانی بکات، گوایە پێشێلکاری دەکەن لە سنووری خاکی عێراق و گوایە سنووری خۆیان فراوان دەکەن، ئەی بۆ مالیکی لەوە ناپرسێت ئەو هەموو سنوورەی کوردستان، چۆن لەلایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکەکانی حکوومەتی عێراقەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و دیمۆگرافیایان گۆڕا؟ دەپرسین ئەی کاتێک، (دووز خورماتوو)، لە پارێزگای کەرکووکەوە، خرایە سەر پارێزگای سەلاحەدین پرس بە کورد کرا؟. کاتێک حکوومەتی عێراق بە هێز هات کەرکووکی داگیرکرد. پرسیان بەگەلی کوردستان کرد؟ کاتێک خەڵکیان لە ناوچە عەرەبییەکانەوە هێنا بۆ کەرکووک پرسیان بە پێکهاتەی کوردستان کرد؟ هەرچەندە ئێمە بیر لە بابەتی تۆڵە و داگیرکرنی خاکی کەس ناکەینەوە، بەڵام سنووری عێراقی پێش داعش لەگەڵ عێراقی دوای داعش مەحالە، چونکە هێشتا پێشمەرگە، نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێش داعش لێ بووە بۆیە دەبێت هەموویان چاوەڕوانی پرۆژەی نوێی دەشتی نەینەوا و بەپارێزگابوونی شنگال بکەن، مووسڵی پێش داعش کۆتایی هات و دەبێت ڕێز لە ویستی پێکهاتەکانی ئەو شارە بیگرێت.
Top