شۆرٍشی ئەیلوول .. مافی كوردی چەسپاند و ژێردەستی رٍەتكردەوە

شۆرٍشی ئەیلوول .. مافی كوردی چەسپاند و ژێردەستی رٍەتكردەوە
شۆرٍشی ئەیلوول .. رٍابوونێكی نیشتیمانی ، رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و بۆ دانپێنان مافە رەواكانی كورد بوو.دوای نەهێشتنەوەی هیچ رێگەیەك بۆ دانووستان و رٍەتكردنەوەی مافەرٍەواكانی گەلی كوردستان ، زوڵم و زۆرداری ، شۆرٍشی مەزنی ئەیلوول هەڵگیرسا بۆ یەكەمین جار لە مێژوویی كورد دانی بە بوون و مافەرٍەواكانی كورد نا .

هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول، جگە لەوەی یەكەم شۆڕشی سەرتاسەری كوردستان و شۆڕشی بە دەست هێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو شۆڕشە بوو كە متمانە و بڕوای كوردستانیانی بە خۆیان و بە ئاییندەیان و بە ناسنامەیان دروست كردەوە، لە هەمان كاتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەركردایەتی شۆڕشی دەكرد ئەو ئەزموونەی داهێنا كە لە شەڕی ئیرادەدا هێزێك نیە لە دونیا بەرامبەر ئیرادەی پارتی و سەركردەكەی و شۆڕشەكەی و خەڵكی كوردستان بوەستێتەوە.

ئێستا كە یادی 55 ساڵەی ئەم شۆڕشە نیشتمانیە فرەپێكهاتە و یەك رەنگەی كوردستان دەكەینەوە، ئەوە بە بیر دۆست و نادۆستەكانمان دێنینەوە كە لە شەڕی سەپاندنی ئیرادەدا هێز نیە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوەستێت. پارتی هەمیشە ئەو هێزە باوەڕ بەخۆیەیە كە هەموو تواناكانی بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەزموونی كوردستان و برەوی دیموكراسی و پاراستنی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكان و زامنكردنی مافەكانیانە، تا ئەو رۆژەی كوردستان دەگاتە كەناری سەربەخۆیی.

ئامانجی سەرەكی بارزانی نەمر لە دروستكردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، تەنیا خەباتی چەكداری نەبوو ، بەڵكو خەبات و تێكۆشانێكی كۆمەڵایەتی ، سیاسی و كەلتووری و ئابووری بوو لە سەرانسەری كوردستان .بارزانی نەمر دەستكەوتی زۆر گەورەی بۆ دوای خۆی بە جێهێشت، لە خەباتی سیاسی، لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی، لە راستگۆیی و لە خۆ نەویستی،لە سەر بڵندی بەرامبەر دوژمنان، لە شەهامەتی بێ وێنەییدا،هەموو ئەمانە دەستكەوتن بۆ كورد و بۆ سەركردایەتی كوردستان،كە رێك ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بەو رێنمایی و بەو خۆنەویستی و بەو تێكەڵبوونەی ناو خەڵك هەیە.

بارزانی بۆ هەموو كورد میراتێكی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ئەم میراتە پێویستی بە دروشمی بریقەدارو دروشمی شۆڕشگێڕانەی رووت نییە، بەڵكو پێویستی بە تێگەیشتن لەو میراتە دەوڵەمەندەو ئینجا هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی هەیە،نەك هەر لە خەباتی سیاسیماندا،بەڵكو لە ژیانی كۆمەڵایەتی و لە تەواوی رەفتاری رۆژانەماندا،ئەگەر ئەمە نەكەین پێم وانییە ئایندەیەكی باش پێشوازیمان لێ بكات كە نەتەوەكەمان چاوەڕوانییەتی. كەواتە ئەگەر تا ئێستاش بە پێی پێویست نەمانتوانیوە،سوود لە پەندو وانەكانی بارزانی نەمر وەربگرین،پێم وایە دەكرێ لەمڕۆ بە دواوە بە ناخی ئەم پرسەدا بچینە خوارەوەو سەرلەنوێ خوێندنەوەیەكی جیدی بۆ بكەین،هەر بەمەش دەتوانرێ ئەم گەلە لەم هەموو نەهامەتی و پڕ دەردەسەرییەیدا، كەمێك ئارام بێت.

شۆڕشی ئەیلوول دەستكەوتێكی هەرە گەورەی بۆ گەلەكەمان بە دەست هێنا، بارزانی نەمر لە لووتكەی شۆڕشی نەتەوەیی ئەیلوولی مەزن و كاریگەر بوو، تەنانەت حكوومەتی عێراقی ناچار كرد دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێت و بەرهەمی شۆڕشەكە بەیاننامەی 11ـی ئازاری لێكەوتەوە، بوو بە بناغەی هەموو گفتوگۆكانی دیكەی كورد لەگەڵ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، كە ئەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو، تا ئێستایش گەلی كورد شانازیی پێوە دەكات.

شۆرشی ئەیلوول، لە رووی دیپلۆماسییەوە، سەركەوتوو بوو، چونكە لەو شۆڕشەدا دۆزی كورد چووە پێشەوە، شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەكی نەتەوەیی بوو، هەر لەبەر ئەوەیش حكوومەتی داگیركەر لە بەغدا ناچار بوو دانوستاندن لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕش بكات و دان بە مافەكانی كورددا بنێت و گەورەترین ڕێككەوتن لەگەڵ كورد ئیمزا بكات، ئەویش ڕێككەوتنی 11ـی ئازار بوو. لەگەڵ ئەوەیش سەركردایەتیی شۆڕش پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان هەبوو، بەتایبەتی یەكێتی سۆڤیەت، لەگەڵ ئەوەیش نوێنەری لەچەند وڵاتێكی ئەوروپا هەبوو، بۆ ئەوەی دەنگی میللەتی كورد بە جیهان بگەیەنێت، كە توانی وڵاتانی جیهان بێنێتە دەنگ و بووە بنەمایەك بۆ هەنگاوەكانی دیكەی ئاسایشی نەتەوەیی، كە لە داهاتوودا كاری لەسەر كرا.
Top