فیتەی حەرامزادە دیارە

فیتەی حەرامزادە دیارە
رۆژی 4/9/2016 حەنان فەتلاوی سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیرادە لە پەرلەمانی عێراق و پشتیوانی دیاری نوری مالیكی بۆ دژایەتیكردنی كوردستان، سەردانی هەڵەبجەی كرد و لە سلێمانیش سەردانی سەركردایەتی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانی كرد، سەردانەكە بووە بابەتی سەرەكیی میدیای كوردستان بە سۆشیاڵ میدیاشەوە، فەتلاوی كە بە دژایەتیكردنی كورد ناسراوە، لە یادگەی خەڵكی كوردستان وێنەیەكی نابوت و قێزەونە، لەبەرئەوەشە هاتنی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە هەڵڵای لێكەوتەوە، بۆیە هاتنەدەنگ لە بەرامبەر ئەو سەردانە، رووی لە تاكەكەس نییە، بەڵكو مەبەست لێی ئەو بیركردنەوەیەیە كە هەمیشە ئامادەیە دژی خەڵكی كوردستان بوەستێتەوە، ئەوەی میدیاش كردی لە جێی خۆیدایە، چونكە وەئاگاهێنانەوەی خەڵكە.
فەتلاوی بە شانازییەوە لە دیداری تەلەفزیۆنێكدا گووتی:" چوار ساڵ كارم لەسەر ئەوە كرد ماددەی 140 ی دەستووری عێراق جێبەجێ نەكرێت"، بەمەش ناوبانگی لە نێو عەرەب دەركرد، تەنیا حەنان فەتلاوی دژی ماددەی 140 نەوەستاوەتەوە، فەتلاوی نوێنەرایەتی ئەو بەرە بەرفراوانەی عەرەب دەكات كە هەمیشە بۆ دژایەتیكردنی كورد لە سەرپێن، بەشێوەیەكی گشتی ئەو تێڕوانینە لە لایەن هەردوو پێكهاتەی سوننە و شیعەوە قبوڵە، شیعەكان بەوپێیەی لە دەسەڵاتن و لەگەڵ ئاراستەی بیركردنەوەیان بۆ داهاتووی عێراق دەگونجێ، سوننەش بە هەمان شێوە كە هەمیشە خەون بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی عێراقەوە دەبینن، بە دەستی ئەوان نییە بەڵام بە دڵیانە.
فەتلاوی لەبارەی سەردانەكەی بۆ سلێمانی كە هەم زیارەتە و هەم تیجارەت بۆ تێڕوانینی هەزارانی وەك خۆی، نووسیویەتی:"ئەوەی خێری بۆ عێراق دەوێ پێویستە سەردانی سلێمانی بكات"، ، فەتلاوی بەرامبەر بیركردنەوەی خۆی راستگۆیە، لەمەشیاندا لەگەڵ سیاسییەكانی دیكە جیاوازە، ئەوانەی دەهاتنە كوردستان، باشترین وتاری حەماسییان لەبارەی برایەتی كورد و عەرەب دەخوێندەوە و لە بەغداش دژایەتییان دەكرد یان لێی بێدەنگ دەبوون، فەتلاوی ئەم سەردانەشی بێ ژەهر رژاندن نەهێشتەوە، چونكە ئەو خێرەی بیروباوەڕەكەی بۆ عێراق مەبەستییەتی دیارە، بریتییە لە پەراوێزخستنی كورد.
ئیشی ئەوانە ئەوەیە كار لەسەر بەرینكردنی درز و كەلێنەكانی ناوماڵی كوردستان بكەن، دەنا كە دەڵێ:" سلێمانی قیبلەی كوردستانە، هەروەك چۆن نەجەف و كەربەلا قیبلەی شیعەكانە" و هەروەها دەڵێ:" پێویستە زۆربەی حزب و كوتلە سیاسییەكان بەخۆیاندا بچنەوە كە لەبری سلێمانی سەردانی هەولێریان كردووە" لە خۆشەویستیی بۆ سلێمانی نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە بڕیاری كوردستان لاواز بێت، پێیوایە خێری عێراق لەوەدایە، هەولێر وەك پایتەختی كوردستان پشتگوێ بخرێ، چونكە هەولێر نیشانەی یەكدەنگی و یەكماڵیی كوردە، ئەو خێرەشی ئەو بۆ عێراقی دەخوازێ، خەڵكی سلێمانی هەمیشە رەتیان كردۆتەوە، چونكە كوردستان تیایدا بزرە، بۆیە ئەو ژەهرەی بۆ زیاتر پارچە پارچەكردنی ناوماڵی كوردستان دەیڕێژێ، ئەگەر لای حزبەكانیش بۆ گوشار و ململانێی حزبی چاوی لێ بپۆشرێ، لێ لای خەڵكی سلێمانی و كوردستان فیتەی حەرامزادەیە.
Top