سعۆدییە دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیاند!( سایکۆلۆژیای تیرۆر )

سعۆدییە دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیاند!( سایکۆلۆژیای تیرۆر )
جێگەی داخە کە ھێشتان خەڵکانێک ھەن بە منداڵێکی ساوا لە کورد دەگەن. ئەوە کارەساتە. تەنانەت منداڵانی سەدەی بیستەمیش وەک منداڵانی جاران نین. سعۆدییە، لە ڕقی شێعەکان، بۆوەتە مۆڵگە و قوتابخانەی پێگەیاندنی تیرۆریستان و تووندھاژۆوەکانی سۆننەگەرای جیھان. نەخۆشیە کۆشندەکەی پەنجەشێری مەزھەبی سعۆدییەکان خەریکە جیھان ژێر ئاو دەکات. ئەو وڵاتە لەبڕی خەرجکردنی داھاتی ( فەریزەی) پیرۆزی حەج، کە بە پارە و پۆڵی مەلیۆنەھا ھاوڵاتی مۆسڵمانی جیھان، کە پارەی گیرفانی خێزان و زگی برسیی منداڵەکانیانە و بۆ ئەو ( مەراسیمە) تەرخان دەکرێت، و ھەروەھا پارەی پەترۆلەکەی خۆی بداتە خەڵکی ھەژار و ڕەش و ڕووتی خۆی و وڵاتانی ھەژاری مۆسڵمان و ڕێگە لە چوونی ھزاران گەنجی بێکار و ھەژار بۆ نێو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوانە بگرێ، ئەمڕۆ لە ڕقی ئێران و لە جەنگێکی سایکۆلۆژی لە دژی بەرەی شێعە، ھەمان ئەو شێعانەی کە ھەمان ڕەفتار و کار و بە ھەمان شێوە و ناو و ڕەنگ لە دژی سۆننە، ئەنجام دەدەن، پەنا بۆ ھەر کار و چەکێکی جەنگی سارد و گەرم دەبەن.
با ئێمەی کوردستانی لە یادی نەکەین ئەگەر چی پێویستیمان بە ھەر دەنگێک ھەیەبۆ ڕاگەیاندنی سەربخۆیی و و دەوڵەتی کوردستان ، بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە ئەو سعۆدییە ھەمان ئەو وڵاتەیە کە بەدرێژایی دەھان ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت سەردەمی ئەرەبە شۆڤینییەکانی سۆننەی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو و سەدامی گۆڕبەگۆڕ گەورەترین پاڵپشتیان بوون. دیپلۆماسیەتمان پێویستە، بەڵام وانە گرتنیش گرنگە. گەورەترین وانە بۆ کوردستانیان ئەوەیە کە قەت لە بیر نەکەین کە ئێمە نە شێعەین و نە سۆننەین. ئێمە کوردین. کورد. و کوردێکی ڕاستەقینە نەک تەنھا نابێ ھەرگیزاو ھەرگیز و ھەرگیز بیر لە سۆننایەتی یان شێعایەتی بکاتن، بەڵکۆ نابێ بڕواشیان پێبکاتن. ئێمە " مارگەستویین". ئەوەی شێعە و سۆننەکان بە کوردستانیان کردووە ئەسکەندەری مەقدوونی و چەنگیزخان و ھۆلاکۆ و تەیمووری لەنگ نەیانکردووە. وانەوەرگرتن باشترین مامۆستا و قوتابخانەیە.
*پسپۆری پێداگۆگی و سایکۆلۆژیا/ زانـــینگـــەی زاخۆ


Top