نابێ هەڵەی بەریتانیا لە موسڵ دووبارە بكرێتەوە

نابێ هەڵەی بەریتانیا لە موسڵ دووبارە بكرێتەوە
چۆن ئێستا چەندان ئەجندا كار لەسەر ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە دەكەن، لە سەروبەندی لكاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقی عەرەبییەوە هەمان شت بوو، ئەوكات وێڕای داخوازیی عەرەب، مشتومڕ لە سەر موسڵ، لە نێوان توركیا و بەریتانیادا بوو، هەردوولا زۆر زیادەڕۆییان لەسەر تایبەتمەندیی موسڵ دەكرد، بەریتانییەكان بەغدا و موسڵیان بە دوو شاری عەرەب دادەنا و دەیانگوت عەرەب ئەو دوو شارەی بنیاتناوە، توركیاش دەیگوت تورك 11 سەدە حوكمی ویلایەتی موسڵی كردووە، بەڵام ئەو لیژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە پێكهاتبوو، بەڵگەی هەردوولای پەسند نەكرد.
لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجوومەنی كۆمەڵەی گەلان لە 1924 دامەزرا و لە نێوان لەندەن و ئەنكارا و بەغدا دەهات و دەچوو، سەرەتای 1925 ئەو لیژنەیە دەگاتە بەغدا و نوێنەری بەرزی بەریتانیا، لیژنەكە بە مەلیك فەیسەڵ دەناسێنێ، مەلیكی عێراقیش یاداشتێك دەداتە لیژنە و كۆتایی یاداشتەكەی ئەوەیە:" موسڵ بۆ عێراق وەكو سەر بۆ لەش وایە و كێشەی موسڵ كێشەی هەموو عێراقە". لە لایەكی دی لیژنەی لێكۆڵینەوە ئەوەی بۆ دەركەوتبوو كە "هێشتا پێنج لەسەر هەشتی دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ كوردن و گرنگترین رەگەزن لە ململانێدا" هەروەها لیژنەكەپێیشی وابوو كە "لەناو گەلانی موسڵماندا كورد و مەسیحییەكان لە باشترین هەلومەرجدا پێكەوەژیاون".
سەرەڕای هەموو ئەو راستییانەی لیژنەكە دەریخستبوون، بەڵام لەبەرئەوەی كورد خۆی ئەو ئامادەییەی تێدانەبووە و بەریتانیاش مەبەستی بووە ویلایەتی موسڵ بخاتەوە سەر عێراقی عەرەبی، بۆیە تایبەتمەندیی عەرەبایەتی بە ویلایەتی موسڵ بەخشیوە، لەسەر ئاستی ناوخۆی بەریتانیاش لە رێی رۆژنامەكانەوە كاری كردووە، بۆ نموونە (تایمس) لە 1924 لە رێی وتارێكی دوور و درێژ دەربارەی مێژووی موسڵ، هەوڵیداوە ئەوە بسەلمێنێ كە "موسڵ لە كۆنەوە تا ئێستا شارێكی عەرەبییە"، گۆڤاری (زی ئینگلش ریڤو) لە 1925 چەند لاپەڕەیەك بۆ كێشەی موسڵ تەرخان دەكات و بەریتانییەكانی بۆ ئەوە هانداوە كە" پشتگیری بزووتنەوەی عەرەب بكەن، چونكە زۆربەی موسڵمانان ملكەچی ئەو بزووتنەوەیەن".
نابێ ئێستا ئەو هەڵەیەی بەریتانییەكان دووبارە بكرێتەوە، ئەوان لە نێو هەموو پێكهاتەكانی ویلایەتی موسڵ، تەنیا پشتی عەرەبیان گرت، عەرەب خۆیشیان پشتیان لێكردبۆوە و لێی بێ خەم بوون، چونكە بەریتانیا هەوڵی بۆ دەدان، پێویستە بزاندرێ هەڵەی بەریتانیا چ كارەساتێكی بەسەر كورد و پێكهاتەكانی دیكە هێنا، ئەگەر 100 ساڵ پێش ئێستا كورد قوربانیی سیاسەتی بەریتانیای ئەندازیاری دروستكردنی عێراق بووبێت، نابێ ئەمەریكاییەكان كە ئەندازیاری ئەم سەدەیەی ناوچەكە و عێراقن، چاو لە مافی كورد بپۆشن، ئەوكات كورد نەدەخوێندرایەوە، خۆ ئێستا بۆ شەڕی داعش تاكە هێزی سەرزەمینی هاوپەیمانانن بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا، هەموولایەكیش بۆ گرتنەوەی موسڵ چاویان لە دەستی پێشمەرگەیە، تۆبڵێی بە دەردی جارانمان ببەنەوە؟!
Top