لە قەیرانی یەکێتی چۆن تێبگەین؟

لە قەیرانی یەکێتی چۆن تێبگەین؟
یەکێک لەجۆرە تایبەتییەکانی ئەحزابی سیاسی لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەداکە بە ئینگلیزی پێی دەلێن(Developing countries) ئەو حیزبانەن کە پێگەی جەماوەرییان لە ناو خەڵکێکی تازە بە شاریی بوودایە وەک سلێمانی خۆمان.
ئەم بزووتنەوانە خاوەن بیروکراسییەکی دیمۆکراتیکی سیاسی مۆدێرن نین و هەروەها ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی روونیان نییە. ئەم بزوتنەوانە یەکگرتوویی نێوخۆی خۆیان لە دەوری سەرۆکێکی کاریزماتیکدا ئاوا دەکەن.
ئەحزابی لەم جۆرە سیاسەت لە سەر ئەساسی پراگماتیزم بەرێوەدەبەن، لەو کاتانەدا کە سیاسەتی پراگماتیکی سەرکەوتووبێ ئەوا حیزبەکە بە هێزە و یەکگرتوویی نێوخۆییش جێگیرە، بەڵام کاتێک کە سیاسەتی پراگماتیکی سەرکەوتوو نابێ، حیزبەکە تووشی گرفت دەبێت. بەڵام گرینگترین خاڵسەبارەت بەو حیزبە ئەوەیە کە مان و نەمانی حیزبی لەم جۆرە هەم گرێدراوی تاکە کەسە هەمیش بە سەرکەوتوبوون و نەبوونی سیاسەتی پراگماتیکیانەی ئەو تاکە کەسەوەیە.
نموونەی زۆر هەیە کە پرۆسەی داڕمان و تێک چوون لە ناوخۆیئەم حیزبانەدا زۆر خێرا دەبێت.
لە ناو سیاسەتی کوردییدا دەتوانین بڵێین کە یەکێتی نیشتمانی لەم کاتاگۆرییە و لەم پێناسەیە زۆر نێزیکە. رێگای چارەسەری قەیرانی زۆر جیددی لە ناو ئەم جۆرە حیزبانەداکاتێک کە سەرۆکی کاریزماتیک لە مەیداندا نەما، بریتییە لە هەوڵدان بۆ جێگۆرکەی سیاسەتی پراگماتیکی بە بەرنامەیەکی روونی سیاسییەوە کە مەشرووعییەت لە بەرنامە بۆ ئێستا و داهاتوو و کردەی سیاسی رۆژانەی وەرگرێت.
لە بەستێنی سیاسەتی کوردییدا ئەو بەرنامەیە کە ببێتە بنەمای کار بۆ ئێستا و داهاتوو و ریکخستنەوەی هەنگاوەکان و ساز کردنەوەی بیروکراسی حیزبی لە سەرەتاوە، بریتییە لە پرۆژەی گەورەی ئەنجامدانی رێفراندۆم و بنا نانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
ئەم ئاسۆ و بەرنامەیە دەتوانێ هەم ببێتە بناغەی سیاسەتی کورت و درێژخایەن، هەمیش ببێتە بناغەی دارشتنەوەی بیروکراسی مۆدێرنی حیزبی.
هەر دوو باڵی یەکێتی دەتوانن خۆیان ئەرکداربکەن بۆ کارکردن لە پێناو جێبەجێ کردنی ئەم دووخالەدا، جا ئێستا هەر باڵێک کە لە توانایدابێ یان خوازیاربێ دەتوانێ ببێتە ئەو رەوتەی کە حیزب لە قەیران نەجات بدات، یان رەنگەهەر دوو باڵ پێکەوە ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەینن. ئەوەی کە روونە ئەوەیە ئەگەر ئەم دووخاڵە نەکرێنە ئەولەوییەت ئەوکات خاڵی جیاوازییەکانیان بە تەنیا دەبنە شتی شەخسی و رێکخستنی بێ ئامانج و .......
یەکێتی نیشتمانی بایەخی زۆری هەیە بۆ سیاسەتی کوردیی و جگە لە کورد بۆ رزگاریی خۆی نابێ هیچ لایەنێکی تر سودمەند بێت لە تواناکانی.




Top