دووربینی وبەرپرسیاریەتی سەرۆك بارزانی بۆ پرسە نەتەوەییەكان
September 3, 2016
وتار و بیروڕا
ڕۆڵ و كاریگەری سیاسی و خەباتی نەتەوایەتی بارزانی لەنێو هاوكێشە و لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەكە و جیهان هێزێكی كاریگەر بووە, ئەم توێژەرە سیاسییە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت" سەرۆك بە جۆرێك هەوڵی ناساندن و پاراستنی دۆز و مافی گەلەكەی داوە و تەحەددای هەموو فشار و پیلانگێڕی ناحەزانی كردووە. ئەم تێكوشان و خۆڕاگری و بەردەوامییەی بارزانی وایكرد ئەم گەلە دەیان هەوراز و نشێو ببڕی و كوڵنەدەرانە بە خەبات و قوربانیدانی خۆی بگاتە راپەڕین و دەستكەوتەكانی نێو قەوارەی ئەمڕۆی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەرقەرارە. سەرۆك بارزانی لە تەمەنی (13) ساڵییەوە چەكی بەرگری لە خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی هەڵگرتووە تا پرۆسەی ئازادی كوردستان و ئێستاش خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانێت، بۆیە لە هەموو كەس زیاتر خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە هەیە و لە ئێش و ئازارەكانی پێشمەرگەش زۆر بە باشی تێدەگات، هەردەم ئاواتەخوازە ژیانی پێشمەرگە و كەس و كاریان باش بێت و پێشمەرگە دەوڵەمەند بكرێت بە تەكنەلۆژیای سەردەم و لە ڕووی زانستی و تاكتیكی جەنگەوە گرنگی زیاتر بە پیشمەرگە بدرێت، لەبەرئەوەی سەرۆكی هەرێم باش دەزانێت هۆكاری مانەوە و بەرگری كردن لە خاك و نیشتمان و كوردستانیان تەنیا پێشمەرگەن كە سنگی خۆیان كردووەتە قەڵغان و گیان فیدا بەرامبەر بە داگیركەر و ناحەزانی وڵاتەكەمان دەوەستنەوە.
بارزانی لە ئاستی نێودەوڵەتی وەك سەرۆكی دەوڵەت سەیر دەكرێت و لە لایەن سەرۆكی وڵاتانیش بە هەمان ئاست و ئەتەكێتی سەرۆكایەتی پێشوازی لێدەكریت بە تایبەتی دوایین سەردانەكانی بارزانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و دەركەوتنی ئاڵای كوردستان لەتەك ئاڵای عێراق و ئوردن لەكاتی پێشوازی كردن لە بارزانی. ئەو پێشكەوتنەی كورد لە سایەی بارزانی دەرئەنجامی سیاسەتی ژیرانە و حەكیمانەی بارزانییە لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی لۆژیكی بۆ ڕازیكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست بەدیهێنانی ئامانج و داخوازییەكانی گەلی كورد لە پێناو هاویشتنی هەنگاوی كۆتایی بەرەو سەربەخۆیی كە دەمێكە بارزانی سەرقاڵی زەمینە بۆ خۆشكردنە و ئێستاش بە كردەوە كاردەكات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لە مێژینەیەی گەلی كورد.
ەوەی زۆر گرنگە بەلای ئێمەوە ئەم جارە سەرۆكی هەرێم پەیوەندییەكی باشی لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی دەرەوە گرێداوە، بە تایبەتی وڵاتە زلهێزەكان و وڵاتانی ئەوروپی و توركیا و ئێران، یەكێك لە هۆكارەكانی شكستی شۆڕشی ئەیلول ئەوەبوو هەموو تۆپەكانمان خستبووە ناو سەبەتەی ئەمەریكاوە، ئەمە كارەساتی بۆ كورد دروستكرد و پەندێكی باشمان لێی وەرگرت، بۆیە ئەگەر سەیری سەردانە مەكۆكییەكانی سەرۆكی هەرێم بكەین لەم وڵات بۆ ئەو وڵات تێدەگەین، كە چیتر تەنیا چیاكان دۆستی ئێمە نین، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی مافی مرۆڤ و كەمینەكان و بە دەنگەوە هاتن بەرەو پیری ئاوەرەكان، ئەم كارە مەزنەی سەرۆكی هەرێمی زۆر ئاسانتر كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆزینەوەی نەوت و غاز و دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی بەرژەوەندییەكی باشی هاوبەشی بۆمان دروستكردووە، لە بیرمان نەچێت، توانەوەی بەستەڵەكی پەیوەندی كوردستان لەگەڵ توركیا كە هەردەم بە هێرشی سەربازی بەرامبەر بە كورد دەوەستایەوە، سەرۆكی هەرێم هۆكار بوو لەگەڵ توركیا زمانی هاوبەشی ئاشتیخوازانە بدۆزینەوە و نەوتی كوردستانیش بەناو خاكی وڵاتێكدا بڕوات تەنانەت قسەكردنیش بە كوردی تێیدا قەدەغە بوو و كوردیش بە توركی چیایی ناوزەند دەكران.
ئەوەی كە دەكرێت جەنابی سەرۆك بڕیاری لەسەر بدەن ئەوەیە كە بە واقعی عێراق بەسەر سێ هەرێم دابەش بكرێت، بە ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، سوننی و شیعی لە چوارچێوەی حكومەتێكی بنكەفراوان لە بەغدا كە مافی هەموو لایەك مسۆگەر بكات و وڵات بەرەو دیموكراسی بەرێت و دوور لە تاكڕەوی لە فەرمانڕەوایدا. بەڵام بە بۆچوونی من، جەنابیان وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان, بۆ دوایین بڕیار دەگەڕێتەوە, هەرچەندە جەماوەری كوردستان بە هەموو پێكهاتە و لایەنەكانیەوە ئەوان بڕیاریان بە چیدا جەنابیشیان لەگەڵیدایە. ئێستاش ئەو ساتەیە كە هەزاران ساڵە كورد چاوەڕێی دەكات ئەویش دروستبوونی دەوڵەتی كوردییە كە كورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە.