شاندی ئێرانی و ته‌بایی و یه‌كهه‌ڵوێستی كورد

شاندی ئێرانی و ته‌بایی و یه‌كهه‌ڵوێستی كورد
دوای ئه‌وه‌ی باڵێكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت و خۆیان گوته‌نی له‌ به‌رامبه‌ر باڵی پاوانكاری ناو یه‌كێتی، ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتیان راگه‌یاند و ئه‌و راگه‌یاندنه‌ش یه‌كێتی خسته‌ دووڕیانی كه‌رتبوون، بۆ رێكخستنه‌وه‌ و رێگری كردن له‌ ئه‌گری كه‌رتبوون، (24) كاتژمێری نه‌برد شاندێكی ئێرانی گه‌یشته‌ سلێمانی، هاتنی ئه‌و شانده‌ی ئێرانی به‌ هه‌ڵه‌داوان و به‌و په‌له‌ په‌له‌ خۆی پرسیارێكه‌ و پێویستی به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌یه‌، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ مێژوو هه‌ڕ وه‌ڵامێك بدرێته‌وه‌ وه‌ڵامێكی درووست و گونجاو نابێ. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی پرسیاری هاتنی شاندی ئێرانی بۆ پرسی رێگری كردن له‌ كه‌رتبوونی حزبێكی كوردی له‌ مێژوو وه‌ربگرین، هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ری مێژوو بگه‌ڕێین هه‌ڵوێستێكی له‌و بابه‌ته‌ له‌ هه‌موو مێژووی نێوان كورد و داگیركارانی نابینین، ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا روویداوه‌ هه‌موو داگیركارانی كوردستان و له‌ هه‌موو قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا هه‌وڵیان داوه‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی كورد له‌بار به‌رن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو رێگاكانیان تاقی كردوونه‌وه‌ و كه‌مجاریش هه‌بووه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنابێ. ئه‌وه‌ی له‌ناو یه‌كێتیدا رووده‌دات پرسی ناوخۆی حزبێكی دیاریكراوه‌ و من وه‌ك كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ ئه‌و مافه‌ به‌خۆم ناده‌م باسی لێوه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م هه‌ڵوێستی ئێران و ده‌ستوه‌ردانیه‌تی له‌ كێشه‌ی ناوخۆی حزبێكی باشووری كوردستان، له‌ كاتێكدا ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی پێشووی هه‌موو داگیركارانی كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ری كه‌رتبوونی حزبی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردا یه‌كه‌مجار نییه‌ و دوا جاریش نابێت، هه‌ر جارێكیش ناكۆكی كه‌وبێته‌ ناو حزبێك یان دوو حزبی كوردی، ئه‌وا داگیركارانی كوردستان له‌ رێگای ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانیان و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیان هه‌وڵیانداوه‌ ناكۆكیه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقاری گرژی و نانه‌وه‌ی شه‌ڕ و كوشتار به‌رن، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌مجاره‌ی ئێران وه‌ك یه‌كێك له‌ داگیركاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی كوردستان بۆ نێوانگیری و رێگری كردن له‌ ئه‌گه‌ری كه‌رتبوونه‌كه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ دوژمنێكی كورد ببینرێ، جا لێره‌وه‌ مه‌به‌ستی ئێران له‌و نێوه‌ندگیریه‌ به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌بێ هه‌موومان ئه‌و راستییه‌ بزانین: ئه‌وه‌ی ئێران ده‌یكات له‌ په‌رۆشی یه‌كێتی و پاراستنی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی نییه‌، به‌ڵكو ترسه‌ له‌ لاوازبوونی به‌ره‌ی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردی و مه‌به‌ست لێی پاراستنی هاوسه‌نگی هێزه‌ له‌ نیوان به‌ره‌ی ده‌وڵه‌تخوازی و دژه‌ ده‌وڵه‌تی.
Top