شكستی بەرەی ئێران خواز بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك،
September 1, 2016
وتار و بیروڕا
لە ئەنجامی دانووستاندنەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتن لە سەرئەوەی رۆژانە 150 هەزار بەرمیلی نەوتی كێڵگەكانی بابە گوڕگوڕ و خەبازە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هێڵە نەوتییەكەیەوە بنێردرێتە بەندەری جەیهانی توركیا، لەوێش 75 هەزار بەرمیل لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و 75 هەزار بەرمیلەكەی دیكەش لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بفرۆشرێت.
بەو پێیە حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كەركووك كە پێشتر داویەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كەركووك و دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگەكانی كەركووك دەدات. 7 هەزار و 606 فەرمانبەر و كارمەندی كەركووك مووچە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن، جگە لەوانەش حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پارەی پترۆ دۆلار دەداتە كەركووك، كە دەوروبەری 10 ملیۆن دۆلارە.سەرە رای ئەوەی كە وەستاندنی نەوتی كەركوك لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كێشەیەكی یەكجار زۆری بۆ پارێزگای كەركوك و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست كرد بەڵام پارێزگاری كەركووك و بەرپرسانی كەركووك چەندجارێك رایانگەیاندبوو كە ئەوان دەیانەوێت بۆ خێرایی پرۆسەكە و شەفافیەت، نەوتەكە لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بفرۆشرێت هاوشێوەی پێشتر، نەك بە تانكەر و لە رێگەی ئێرانەوە.