كێشەی سۆماڵ تەنیا بە میكانیزمی پێدانی سەروەریی چارەسەر دەكرێت
September 1, 2016
وتار و بیروڕا
كەیسی سەربەخۆبوونی سۆمالیلاند كە بە عەرەبی پێی دەوترێت: (جمهوریة ارض الصومال)، ئامانجەكانی گرتنەبەری رێگاچارەی بەدەستهێنانی هەنگاو بە هەنگاوی سەروەری “earned sovereignty” دەهێنێتەدی، چونكە دەبێتەهۆی پاراستنی ئاشتی لە كاتێكدا كە هەوڵی ئەوە دەدات دەسەڵاتی زیاتر بەسەر خاكی خۆیدا بەدەست بێنێت. لە ساڵی 1991ـەوە، سۆماڵی لاند كاری لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوەكانی دیكەدا كردوە بۆ ئەوەی هاوكاری بن لە هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمەكەدا. لەبەر ئەوەی سۆماڵیلاند بۆ ماوەی 20 ساڵ بە بێ سەرپەرشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاروبارەكانی خۆی هەڵسووڕاندووە، ئەوا بانگەشەی سۆمالیلاند بۆ دانپێدانان یەكناگرێتەوە لەگەڵ سێ توخمە سەرەكی و پێویستەكە و هەروەها سێ توخمە ئیختیارییەكەی رێگاچارەی “earned sovereignty” لەبەر ئەوەی سەروەریی هاوبەش و سەروەریی هەنگاو بە هەنگاو تەرتیباتێكی پڕ لە وردەكاری لەخۆدەگرێ لەبارەی هاوبەشیكردن لە سەروەریدا لەگەڵ دەوڵەتی دایكدا.
لە میانەی گواستنەوەی دەسەڵات و ئەركەكاندا، ئاڵوگۆڕێكی هەنگاو بە هەنگاویش بەرە حوكمڕانیی دیموكراسی روودەدات، كە لە هەمان كاتدا رێز لە یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتی دایك دەگرێت. سۆمالیلاند نەیدەتوانی هیچ یەكێك لەو قۆناغانەی- گواستنەوەی دەسەڵات و ئەركەكان- جێیبەجێ بكات، لەبەر ئەوەی تاوەكو ساڵی 2013 خاوەنی حكومەتێكی دانپێدانراو و كارا نەبوو. بێتوانایی لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سۆماڵدا بووە هۆی ئەوەی سۆماڵی لاند رێگای خۆی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان بگرێتەبەر. كەواتە دەكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ ئەوەی رێگاچارەی “earned sovereignty” لە سۆمالیلاند جێبەجێ بكرێت. لە پێوەندی بە سۆمالیلاندەوە، ئەوا گرنگترین توخمێك كە غائیبە لە سێ قۆناغەكەی “earned sovereignty” بریتییە لە دیاریكردنی خشتەیەكی زەمەنی بۆ بڕیاردان بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كۆتایی. لەبەر ئەوە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام هاوكاری سۆماڵ و سۆمالیلاند بكات، بۆ دیاریكردنی وادەی كۆتایی كە تێیدا سۆمالیلاند وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدابنرێت، ئەم وادەی كۆتاییەش هاوشێوەی ئەو وادەیەیە كە دیاریكرابوو بۆ بەردەوامبوونی كارەكانی ئەنجومەنی ویسایەی نەتەوە یەكگرتووەكان. كەواتە شتێكی ئاساییە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی- تەنانەت دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆییش- بەردەوام بێت لە چاودێریكردنی ئەركگەلێكی دیاریكراو بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە بەردەوامیی جێبەجێكردنی قۆناغەكانی پێش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
سۆمالیلاند توانیویەتی پەرە بە بونیادی دەوڵەت بدات كە پێكهاتووە لە حكومەتێكی دەستووری هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵكەوە. حكومەت چەند مافێكی دیاریكراوی هەیە و توانیویەتی ئەركەكانی خۆی ئەدا بكات، لە رێگەی مومارەسەكردنی دەسەڵات و كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانی و بەڕێوەبردنی چەند دامەزراوەیەكی گشتی و سەپاندنی باج و دەستێوەردان لە بازاڕ و گەڵاڵەكردنی سیاسەتی پەرەپێدان و دەستەبەركردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتییەكانی، ئەم ئەركانەش هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی دیكەی ئەفریقیا ئەدا كردووە كە خاوەنی سەرچاوەی باشترن و دەوڵەتێكی رێكخراوتریان هەیە. هەروەها سۆمالیلاند توانیویەتی كارئاسانی بكات، بۆ گەشەكردنی كەرتی ئابووری لە رێی دووبارە بووژاندنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان. زۆرێك لە خەڵكی سۆمالیلاند كە وەك پەناهەندە روویان كردبۆوە دەوڵەتانی دراوسێ لە ماوەی شەڕەكەدا، ئێستا گەڕاونەتەوە و رێكخراوە مەدەنییەكانیش گەشەیان كردووە.
نووسینی: Nora Y.S. Ali