ئەگەر بمانەوێت چارەسەری دەوڵەتی فاشیل بكەین نابێت سنوورەكان بە پیرۆزی سەیر بكەین

ئەگەر بمانەوێت چارەسەری دەوڵەتی فاشیل بكەین نابێت سنوورەكان بە پیرۆزی سەیر بكەین


ئەم بابەتە بەشێكە لە توێژینەوەی (دەستنیشانكردنی دەوڵەتی شكستخواردوو) كە لەلایەن -جۆن یۆ –پڕۆفیسۆری یاسا لە زانكۆی بیركلی نووسراوە، لەبەر گرنگیی ئەم بابەتە بۆ ئێستای دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم بەشەمان بە زمانی كوردی بڵاو دەكەینەوە.

دەوڵەتە شكستخواردووەكان یەكێكن لە قووڵترین تەحەددییەكان كە رووبەڕووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی دەبنەوە. دۆزینەوەی چارەسەرێكی گشتگیر و كارا بۆ تەحەددییەكانی تیرۆریزم و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، یان هەژاری و گەشەپێدانی ئابووری، پێویستی بە راددەیەك لە تێگەیشتن هەیە دەربارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی دەوڵەتە شكستخواردووەكان. تا ئێستا ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئاست ئەم پرسەدا هەمان رێگاچارە دەگرنەبەر كە بریتییە لە: بنیادنانی ئەو دامەزراوانەی بەهۆیانەوە دەوڵەت كۆنتڕۆڵی خۆی دەسەپێنێت، خۆ ئەگەر خۆشبەختیش بن، ئەوا هەڵدەستن بە چاندنی دیموكراسییەتێكی كارا و ئابووری بازاڕ لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتەكەدا، بەڵام زۆرێك لە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی بە ئاشكرا گومانیان هەیە لە توانای دەوڵەت بۆ بنیادنانەوە، كێشەكەش بریتی نییە لە دەوڵەتی شكستخواردوو، بەڵكو بریتییە لە دەوڵەتی نەتەوەیی وەك كاراكتەرێكی سەرەكی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا. لەبەر ئەوە سیاسەتی ئەمەریكا و نەتەوەیەكگرتوەكان لە ئاست ئەم پرسەدا لە لایەك و بۆچوونی باوی ئەكادیمی لەلایەكی دیكەوە، هەردووكیان هەڵەن. پرسی بنیادنانی دەوڵەتێكی نەتەوەیی –ئاسایی-، لە سەرتاسەری جیهاندا كە خاوەن سەروەریی تەواو بێت، بە بێ ئەوەی هیچ سنوورێك دەستكاری بكرێت، ئەوەمان بۆ روون ناكاتەوە كە بۆچی لە بنەڕەتدا هەندێ دەوڵەت شكست دەهێنن. ئەگەر بە سادەیی بدوێین، ئەوا دەوڵەتە كاراكان گرێنادرێنەوە بەو سنوورانەی كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە دانیان پێدانراوە، یان ئەو سنوورانەی لە سەروەختی هەڵوەشاندنەوەی خێرای كۆڵۆنیاڵیزمدا و لە دەیەكانی دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا كێشران. ئەو ئەكادیمییانەی كە لە دەوڵەتە شكستخواردووەكاندا سەرهەڵدانی بەدیلێك بەدی دەكەن بەرەو دەوڵەتی نەتەوەیی، چارەسەرێكی كردەیی شك نابەن كە پشتی نەبەستبێت بە سەرچاوە سەربازی و ئابووری و سیاسییەكانی دەوڵەتە نەتەوەییە بەهێزەكان. چونكە بە بێ ئەوان ئەو یەكێتییانەی كە لە كۆمەڵێك وڵات پێكدێن و حكومەتی ئەو وڵاتانە دەسەڵاتیان پێداون و ئەو لایەنانەی كە بە بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان كاروباری هەرێمی دیاریكراو بەڕێوەدەبەن و رێكخراوە ناحكوومییەكان توانایەكی كەمیان هەیە بۆ راستكردنەوەی دەوڵەتە شكستخواردووەكان. كەواتە دەوڵەتە بەهێزەكان دەتوانن هاوكار بن، ئەویش بەوەی رۆڵیان هەبێت لە پەرەپێدان و زەمانەتكردنی رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوان گروپە ركابەرەكانی نێودەوڵەتە شكستخواردووەكاندا.
بەشێك لە وتاری: Fixing Failed States
نووسینی: John Yoo
Top