عەقل بە واتای قەبوولی راستی ژیئۆپۆلیتک
August 31, 2016
وتار و بیروڕا
نموونەی رۆژئاوا ی کوردستان و تورکیا نموونەیەکی گەلێک بەرچاوە، وا دێتە بەرچاو کە هیچ لایەنێک بیرێکی ستراتێژیکی نییە بۆ هەلس و کەوت لە بەرانبەر یەکتردا.
تورکیا کە خۆی تووشی بە تووشی بار و دۆخێکی ئالۆزی نێو خۆیی بووە و هەتا ئەرتێش و بروکراسی و ئابووریی دەخاتەوە سەر یەک رەنگە دەهەیەکی تری پێویست بێ. تەواوی رووناکی ستراتێژیکی ئەو ولاتە لەوەدایە کە ببێتە خال و ناوەندێکی بەرجەستەی گواستنەوەی ووزە کە چی هیچ ئیشارەیەک لە بیریی ستراتێژیک لە هەلس و کەوتەکانیدا بە دی ناکرێت .
دروستە ئێستا لە سیاسەتی نیو خۆیی دا لە خۆی دەگرێ تا بگاتە هەلوێست و نۆکتەیەکی سابیت بەلام کردوەی ئەمرۆی نابێ بە قیمەتی ستراتێژیی ولاتەکەی بێت. شەرتی سەرەکی بۆ ئەو داهاتوویە بریتییە لە سەقامگیریی سیاسی هەم لە نێو خۆدا و هەمیش لە دەرەوەدا. لەم خالەدا کورد فاکتۆریی سەرەکییە کە تورکیا دەبێ بە شێوەیەکی ستراتێژێک لەگەلی هەلس و کەوت بکات. ئەگەر رێگای قبوولی کورد بگرێتە بەر ئەو دەم لە چەند بەشی سنوورەکانی دلنیا دەبێت و دەتوانێ بیر لە گەشەی ستراتێژیکیی ولاتەکەی بکات. ئەگەر بێتۆ تورکیا تەسلیمی دیسکۆرسێکی شۆڤۆنی بێت، ئێستا و داهاتووی خۆشی دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە قبوولی کورد و ئیسرار لە سەر ژیانی ئاشتیانە لەگەل کورد بەر لە کورد دەبێ ئاجێندای سەرەکی تورکیا بێت. بۆیە ئەوەی ئێشتا دەکرێ زیاتر لە عەقل نیشانەی پانیکی تێدایە، بەردەوام بوون لەم رەوتەدا مەیدانی سەردەستی شۆڤۆنیزم لە سیاسەتی تورکیا دا خۆشتر دەکات و رەنگە ئەو دەم رێگای گەرانەوە و راستکردنەوە زۆر ئاسان نەبێت.
رۆژئاوای کوردستان لایەنێکی تری ئەم هاوکێشەیە لەگەل تورکیادا، ئەوەی وەدەست کەوتووە و وەدەست هێنراوە نرخێکی زۆری بۆ دراوە ، بیریی ستراتێژیک حۆکم دەکات کە بەردەوامی و پایەندە بوونی ئەم تەجروبەیە مسۆگەر بکرێت. لەم خالە دا رۆژئاوا دەبێ عەقل بە واتای قەبوولی هەڵکەوتەی ژیئۆپۆلیتیک بەکار بێنێت. بە جورئەتەوە دەتوانین بلەین کە رۆژئاوا ناتوانێ دەستەکەوتەکانی مسۆگەر بکات و بیپارێزێت و بوونی خۆی بسەلمێنێ وەک قەوارەیەکی سیاسی دژی تورکیا کاتێک کە هاوسنوورن. کە وابوو دەبێ بەرژەوەندییەکانی کوورت و درێژخایەنی خۆی پێناسە بکات و لە سەر بنەمای ئەوان بەرانبەر بە تورکیا سیاسەتێکی مەقبوول پێشکەش بکات. مەرجی ئەم کارەش لە سیاسەتی نێو خۆدا قەبوول و چەسپاندنی پلۆرالیزمی سیاسییە.
هەر دوو لا پێویستییان بە یەکترە بۆیە دەبێ هەول دانەکان بەرەو دیتنەوەی پلاتفۆرمی بە یەکگەیشتن بێ لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هەر دوو لایەن.
حوسێن کوردنەژاد