31ی ئابی پارتی، دەر ئەنجامی 28ی تەموزی یەكیەتی بو (( مێژوو وەكوو خۆی راستییەكان بخوینەوە))

31ی ئابی پارتی، دەر ئەنجامی 28ی تەموزی یەكیەتی بو (( مێژوو وەكوو خۆی راستییەكان بخوینەوە))
هەموو سالێك لەو كات وساتەدا ،باس باسی 31ی ئابەو بە هەزاران جۆر تەفسیر وهێنان و بردنی بۆدەكرێت و هەموو میدیاكانی سێبەر و حیزبی تەنیا بۆ مەبەستی بە كار هێنانی كارت زۆر بە بێ‌ ویژدانانە باس لەو رۆژە دەكەن و ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی درێژە بە قین و فكرە شۆڤێنیەكانیان بدەن .
لەو رۆژەوە كۆمەلێك قسەی مەتاتی كە سەرچاوەی لەو دژایەتی رۆژ و سەردەمی جەنگەوە دێتو ئەوەیكە ئێستا دەوترێت تێ‌ گەیاندنی نەوەی نوێ نییە بەڵكوو درێژە دانە بەو فەلسەفەی كە سالانێك بۆ مەبەستی گەوجاندن بە كار دەهێنرێت.31یئاب خاڵی یەك لاییی كردنەوەی هێز بوو لە بە دەست هێنانەوەی هەموو ئەو خاكەی كە لە ژێر كاریگەری سوپای پاسدارانەوە كۆنترۆڵ كرابوو.و ئەوەی كە بە بەردەوامی زیاتر لە 20 ساڵە كە باسی لێوە دەكرێت باسكردنێكی راستگۆیان نییە بەڵكوو راگەیاندنێكە كە لە بڵند گۆی بەرەی شكست خواردووی 31 ئابەوە دێتە دەرەوەو هەموو ئەوو ووتەو قسە پر لە قینانەن كە سەرچاوەیان لە شەستەكانەوە دەست پێدەكات و تا ئەو كاتوو ساتەش درێژەی هەیە ئەویش بە بێی ئەوەی كە لێكۆلینەوەیەكی زانستیانە بۆ بكرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش بە نیازین بە شێوەیەك لە شێوەكان شیكاریەكی نەك وەكوو ئەوەی كە تاوەكوو ئێستا شیكاری بۆ كراوە بیكەین بەڵكو پشت بە هەندەك بەڵگە نامەی بەشدار لەورۆژانەدا بكەین. سەرەتای باسەكەمان بەوە دەست پێدەكەین كاتێك كە كەسێك تووشی نەخۆشی دەبیت پزیشك بە دوای هۆكاری نەخۆشییەكەدەگەرێت بۆ ئەوەی بزانیت هۆكاری چی بووە بە زانیینی هۆكارەكەی دۆزینەوی چارەسەری ئاسانتر دەبیت و یان كاتێك كە وولاتێك تووشی داتەپین و قەیران دەبیت بە دۆزینەوەی هۆكاری قەیران ،چارەسەر كردنی ئاسانتر دەبیت .
سەرەتا پرسیار دەكەین كە 31ی ئاب چۆن دەستی پێكرد؟ هۆكارەكان چی بوون؟چ پاڵ نەرێك لە پەنای 31ی ئابەوە بوون؟
تاوەكوو ئێستاشەوە وەكوو هەر كەسێك كە بەدوای گرژی نەبیت نەمویستووە هیچ شتێك لەو بارەیەوە باس بكەم بەڵام باشتر ئەوەیە كاتێك كە باسی بەرەیەك دەكرێت نابیت لایەنەكەی تریان فەرامۆش بكرێت هەر بۆیەش بە گەرانەوە بۆ مێژووی شەستەكان و جیابوونەوەی بەرەیەك لە پارتی دیموكرات كە هەڵگیرسێنەری شەری ناوخۆییی بوو،ئەوەش وای كرد كە پارتی بە دووبەرە دابەش بكرێت پاش گەرانەوەی ئەو بەرەی كە جیا بوویەو ە بە پێی ئەو تۆمارە دەنگییەی كە لە لای پارتی هەیە سەركردەكانی ئەو جیابونەوەیە كە برایم ئەحمەد و هاورییەكانی دەگریتەوە دانیان بە هەڵكانیان و هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆییی داناوە و ئەوەش یەكلا بوتەوە كە بەرەی جەلالی ئەو كات شەری دژی بەرەی مەلاییی دەست پێكردووە.
دوای رێككەوتنە شوومەكەی ئەڵجەزایر بەینی شای ئێران و سەدام و نسكۆی شۆرەش ،دیسان ئەو بەرەیە كەوتنە خۆو و بە ناوی شورەشێكی نوێ‌ لە دوو بەرەی جێاواز دەستیان بە ململانێ‌ كرد.و خەباتی خۆیان وەكوو بەدیلی پارتی لە گۆرەپانی سیاسی راگەیاند بە لەبەر چاو گرتنی نامیلكەكانی ئەو كاتی شۆرەش رق و قینی سیاسی ئەو كات بەرانبەر بە مەلاییەكان زیاتر لە هەموو كاتێك بەرجەستەتر دەبیت ئەوانەش وەكوو بەڵگەی مێژوویین كە پشتیان پێوە دەبەسترێت.
تاوەكوو راپەرین ئەنجامدرا و لە دەرەنجامی ئازادكردنی كوردستان یەكەم هەڵبژاردن ئەنجام درا بەڵام سندۆقە كانی دەنگدان كە سەرچاوەی دیموكراسییە كە دەكرێت پشتی پێ‌ ببەستی پارتی توانی زۆرینەی دەنگەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكات بەڵام پارتی بە زانیینی رابردووی هێزی بەرانبەر ،نەتیجەی هەڵبژاردنی بەقوربانی نیشتمان كردوو و بە پەنجا بە پەنجای دەستەلات رازی بوو كە ئەو كات بە فیفتی بە فیفتی دەناسرا ئەو قەبوول نەكردنەی نەتیجەی هەڵبژاردن تاوەكوو ئەمرۆش رەنگی داوەتەوە و لایەنی یەكیەتی لە پارێزگای سلێمانی نەتیجەكەی قەبووڵ نەكرد.یەكیەتی بەوە نەوەستا وهێزەكی زۆری خۆی لە ناو ئەو هێزانەی كە وەزارەتەكەی لە لایەن یەكەتییەوە بەرێوە دەچوو گونجاند بوو و هەر لەو رێگایەشەوە پەلاماری بنكەو بارەگاكانی پارتی لە سلیمانی دا بەڵام پارتی زۆر محاولەی كرد بۆ ئەوەی كە شەر نەگاتە هەولێر تاوەكوو دەزگا شەرعییەكانی هەولێر هەرەشەیان بۆ دروست نەبیت كە بۆ یەكەم جار بوو لە مێژوو دەزگایەكی بەو شێوەیە لە رووی شەرعی ویاساییی بۆ یاسادانان بۆ كورد دروست ببیت بەڵام یەكیەتی خۆی لێ‌ نەپاراست و هەر وەكوو باسی لێوە دەكرێت ئەو كات نۆشیروان مستەفاجێگری سكرتێری یەكیەتی بوو گوتبووی:"هەولێر كوێی موقەدەسە تاوەكو شەری تێدا نەكرێت".
و هەموو ئەو ئالییەتە سەربازییانەی كە لە ئێرانەوە وەرگرتبوو شەرعییەتی پارلمانیان خستە ژێر پۆستاڵەكانی پاسداران و ئەو ئالییەتانەیان لە سەر پارڵمانی كوردستان جێگیر كرد و تاوەكوو 31ی ئابیش پارتی خۆی گرت بۆ ئەوەی كە هێزی عەسكەری لە هەولێر جێگیر نەكرێت ئەوەش تەنیا مەرجی پارتی بۆ ئاشتبونەوە بوو بەڵام بە جۆرێك یەكیەتی مەغرور ببو ئامادە نەبوو كە هەولێر لە ژێر پۆستاڵی پاسداران چۆڵ بكات.
نەوەك هەولێر یان چۆڵ نەكرد بەڵكوو لە یۆبیلی زێرینی پارتی لە 16ی ئابی 1996 مام جەلال نەفی عامی پارتی دەركرد بۆ ئەوەی بۆ یەكجارەكی پارتی لە گۆرەپانی سیاسەت بسریتەوە ئەویشبە پشت بە ستن بە سەفقەیەكی سەربازی كە لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و یەكیەتی نیشتمانی كوردستان هەبوو بۆ ئەوەی كە دەرگا لە سەر چەكدارانی ئێران بكاتەوە بۆ ئەوەی كە كۆمەڵكوژی لە ناو كەمپەكانی ئاوارەو ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی لە كۆییە بكات وبۆ ئەو مەبەستەش ژن و مناڵ و پیر و پەككەوتەكانی لەو كەمپانە كردە ئامانج و ئاوارە كران بە پێی رێككەوتنەكەش بۆ یەكلا كردنەوەی شەری ناو خۆییی ،ئەوە یەكەم هەنگاو بوو.
وەكو بەڵگە، دووەمین هەنگاوی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی نێوان ئێران و یەكێتی، بە پەلاماردانی پارتی لەلایەن ئێران و یەكێتی یەوە دەست بەجێبەجێكردنی كرا، نەك هەر لە قۆڵەكانی جەنگەوە، بەڵكو لە پشتیشەوە، ئێران بەهێزی سەربازی و بۆ هاوكاری یەكێتی لە سیدەكان و حاجی ئۆمەرانەوە، پەلاماری پارتیدا، پیلانەكە بەشێوەیەك بوو، كە پارتی بەرەو نەمان ببەن، ئەودەمیش هێزی كوردستان لەو ئاستەدا نەبوو بەرەنگاری وڵاتێكی خاوەن هێزی وەكو ئێران بكات، بۆیە پارتیش ناچار بوو، بیر لەوەڵام بكاتەوە بەهێزێكی هەمان ئاست، خاوەن هەمان توانای سەربازی بەرگری لەخۆی بكات ڕووبەڕووی ئەو پیلانە بوەستێتەوە.و بۆ مەبەستی زیاتر روونكردنەوەی بابەتەكە پشت بە یادداشتەكانی محەمەدی حاجی مەحمود كە ئەوكات یەكەك لە دژ بەرانی پارتی لە 31ی ئاب بوو و گرینگی بابەتەكەش لەوەدایە كە خۆی رووداوەكانی تۆمار كردووە.
پاڵنەرەكانی رووداوەكە
محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، یەكێك لەسەركردە سیاسی و چەكدارەكانی بەرەی دژ بەپارتی بوو، لە شەڕەكانی دژ بەپارتیدا پارتەكەی بەچەكداری و سیاسی بەشداری هەبووە، ئەو لەبەرگی چوارەمی كتێبی (رۆژژمێری پێشمەرگەیەك) كە بریتییە لە نوسینەوەی بیرەوەرییەكانی خۆی، باسی هۆكارەكانی رووداوی ٣١ی ئاب دەكات و نوسیویەتی”“سەر لەبەیانی رۆژی 26/7/1996 برادەرانی خۆمان ئاگاداریان كردم، كە سەیارەیەكی زۆر بەبارەوە لەمەریوان و قەسری شیرین و لەپەروێزخانەوە بەرەو سەر سنووری باشماغ و پێنجوێن و سەرسنووری پەروێزخان و بۆ سەر سنووری حاجی عمران خانە وەستان و قەرارگای حەمزە و قەرارگای رەمەزان و سوپای پاسدارانیان لەگەڵ دایە، رۆژی هەینیان دانابوو بۆ هاتنەناو هەرێمی كوردستان، كە سەر سنوورەكان چۆڵە و خەڵكی كەمتر لێیە. سەعات 12ی هەمان رۆژ گوتیان لۆریەكی زۆر بە بار و لاندگرۆز بە چادر داپۆشراون، تۆپ و كاتیۆشا و دۆشكا و زۆری تری لەسەرەو لەدەربەندیخان بەرەو عەربەت و سلێمانی و سەید سادق گەیشتنە ناو شار و لەشەستیەكەوە بۆ معەسكەر سەلام”.
ئەو سەركردە بەشدارەی شەڕی دژ بەپارتی، هەر لە بیرەوەرییەكانیدا، نایشارێتەوە، كە زۆر نیگەران بووە، بەوەی رۆژی پێشتر لای مام جەلال بووە، بەڵام هیچی لا باس نەكردووەو نەیگوتووە، كە هێزی ئێرانی دێنن و ئێرانییەكانیش كە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵی هەبووە هیچیان پێ نەوتووە.
محەمەدی حاجی مەحمود ئاشكرای دەكات، ئەو هێزانەی هاتبون بۆ لەناو بردنی پارتی و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سەربە كام یەكە سەربازییانە بوون، وەك ئەو نوسیویەتی هێزەكە بریتی بووە لەسوپای پاسداران و قەرارگای حەمزەی سەیدی شوهەدا، قەرارگای رەمەزان بەقیادەی سەردار ئەحمەدی كازمی و لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە فەرەیدون عەبدولقادری ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی هێزەكەی ئێراندا بووە “لەسەعات 6ی سەرلەبەیانیەوە لەچیای هەیبەت سوڵتانەوە بەتۆپ و راجیمە لەبارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەجادەی تەقتەق- كۆیە درا و هێزەكانی ئێران نوێنەری یەكێتیان لەگەڵ بوو لەسەر سنوورەوە سەیارەی یەكێتی لەپێشیانەوە بوو”. دوای ئەوەی ئەو هێزەی ئێران لەبارەگاكانی دیموكراتی داو دوو سێ هەزار كەسی لەژن و منداڵی دیموكرات “بەپێی پەتی و شپرزەییەوە بەرەو هەولێر و بەردەمی (UN) و حەوت حزبەكەو ئەو ناوە دەڕۆیشتن. پاسداریش چووەتە ناو شاری كۆیەو كۆنتڕۆڵی كردووەو سەیتەرەی داناوە”.
سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، دوای ئاشكراكردنی یەكەم جەولەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ئێران و یەكێتی، كە پەلاماردانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو، جێبەجێكردنی بەشی دووەمی رێككەوتنەكەش ئاشكرا دەكات، كە بریتییە لە پەلاماردانی پارتی و هەوڵی لەناو بردنی.
هەر لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی یەكێتی، ئێران، ئەوكاتی لەشەوی 16/17 ی ئابی 1996، كە پارتی لەئاهەنگی یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕا، جێبەجێكردنی پیلانەكە بەهێرشكردنە سەر سەنگەرەكانی پارتی لەناوچەی چۆمان دەستی پێكردەوە، محەمەدی حاجی مەحمود لەبیروەرییەكانیدا نوسیویەتی “یەكێتی وای دەزانی دوو هەنگی لەدارێكدا دۆزیوەتەوە، لەگەڵ سوپای پاسداران و قەرارگای حەمزە و رەمەزاندا بەردەوام بوون، تۆپخانەی ئێران بەخەستی بۆردومانی هێزەكانی پارتی دەكرد، بەچاوساغی و رەسەدی یەكێتی لەحاجی عمران و چۆمان و دەوروبەری، بەدەیان پێشمەرگەی پارتی بوونە قوربانی شەڕی ناوخۆ، هێزی پارتی لەپەلوپۆ كەوتبوون”. هەروەها دەڵێ “لە20/8 هەر لەسلێمانی بووم هێزی یەكێتی بە هاوكاری تۆپخانەی سوپای پاسداران حاجی عمران و قەسرێ و خانەقا و چۆمان و گەڵاڵە و دارسەلام تا نزیكی گەرووی عومەر ئاغایان لەپارتی پاك كردەوە و پارتی شكا و خۆی دانی بە 100 كوژراو دانا، بەڵام كوشتاری زۆر هەبوو، پارتی نەیدەتوانی لەبەردەم هێزی یەكێتی و تۆپخانەی ئێراندا راوەستێ و بەرەنگاری بكات”.
وەك سكرتێری حزبی سۆسیالست لەبیرەوەرییەكانی تۆماری كردووە، یەكێتی ئەوكات، چاوەڕوانییەكی ناواقیعی هەبووە، كەپێی وابووە، سەرەڕای نزیككەوتنەوەی تەواوی لەئێران و هێنانی سوپای پاسداران، هێشتاش ئەمریكا پاسەوانیان دەكات و دەیانپارێزێت لەهەر هێرشێكی عێراق، ئەو نوسیویەتی كە پێش رۆژی 31ی ئاب، چەند جارێك بەكۆسرەت رەسوڵ و سەركردایەتی یەكێتی گوتووە،مەترسی هاتنی سوپای عێراق دەكرێ، بەڵام ئەوان گوتوویانە ئەمریكا رێگا نادات و ئێمەش 17 هەزار پێشمەرگەمان هەیە.“كاك كۆسرت گوتی تازە ئەمریكایەكانم دیوەو مام جەلالیش تەئكیدی كردووەتەوە ئەمریكا رێگا بەعێراق نادات و لێی دەدات، ئەوكات قازانجی خۆمانەو ئەگەر لێی بدات دەبابەكانی بەجێدەمێنێ”. محەمەدی حاجی مەحمود، زیاتریش ئاشكرا دەكات و دەنوسێت”28/8 لەهەولێر لەمەكتەب سیاسی بوین وەفدێكی ئێران هاتبون وتیان وەزعەكە چۆنە وا پارتی شكاون و زۆر شوێنیان بەجێ هێشتووەو عێراقیش خۆی ئامادە كردووە بۆ پەلاماری هەولێر، منیش پێم ووتن راستە بەڵام ئێوە رەئیتان چییە؟ وتیان ئەگەر عێراق بێت دێتە هەولێر بەڵام بەبێ ئاگاداری ئەمریكا نایەت، چونكە ئەمریكا ئاگاداری یەكێتی كردووە ئەو جێگایانەی ئەو دوو سێ رۆژە لە 17 تا 18 گیراوە چۆلی بكەن، یەكێتیش پێناچێت چۆلی بكات”. سكرتێری حزبی سۆسیالست وەك خۆی باسی دەكات، بەردەوام چاودێری پێشهاتەكانی كردووە، بۆیە دووبارە چووەتەوە لای كۆسرەت و لێی پرسیوە چ ئامادەكارییەكتان كردووە؟، ئەویش گوتوویەتی هێز ئامادەیە و ئەمریكا رێگە نادات هیچ بكات، “پاشان من رۆیشتمەوە كاك خورشیدم ناردەوە بۆ لای كاك كۆسرەت دەمویست تێ بگەم مقاوەمە تا كەی دەكرێت و تا كەی دەتوانرێت و پاشان بۆ كوێ دەكشێینەوە بڕیاری وا هەیە یان نە، بەڵام بروسكەی مام جەلال بۆیان و تەئكیدی خۆیان ئەوەندە یەكێتی دڵنیا كردبوو، كە هەلیكۆپتەری ئەمریكا بێت لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵیان بگرێت و بیانبات، ئەگەر كار گەیشتە ئەوەی عێراق بێتە ناو شار”.
لەبیرەوەرییەكانی ئەو سەركردەدا ساتی داخلبوونی هێزەكانی عێراق بەهەولێر تۆماركراوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، كە هێزەكانی عێراق و پارتی لەهەموو لایەك پێشڕەوییان دەكرد، “كاك خورشیدم ناردەوە لای كاك كۆسرەت گەڕایەوەو وتی كاك كۆسرەت لەوێ نەبوو، تەنها كاك سەعدی ئەحمەد پیرەو چەند پێشمەرگەی لەگەڵدا ماوە، كاك سەعدی كلاشینكۆفێكی پێبوو. كاك سەعدی لەگەڵیان چووە بۆ سەربانەكان گوتی وا دامەزراوین…وتم كار گەیشتە ئەوەی كاك سەعدی لەسەربان بێت و دامەزرابێت كلاشینكۆفی پیبێت بۆ سوپای عێراقی با چاوەڕێ نەبین، ئیتر ئەزانم چی بكەم خۆم بڕیار ئەدەم لەچارەنوسی خۆمان”. دوای ئەوە چیتر سكرتێری حزبی سۆسیالیست بڕوا بەوە ناكات، كە ئەمریكا لەسەر یەكێتی بەجواب بێت، بۆیە خۆی بۆ رۆیشتن ئامادە دەكات.
محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەش ئاشكرا دەكات كە”یەكێتی وای دەزانی كە رێككەوتنی عێراق و پارتی بۆ هەموو كوردستانە، بەڵام راستییەكەی تەنها بۆ هەولێر بوو، بەڵام پارتی غرور بوو، یەكێتیش رووخا بوو”. دەشڵیت “ئەمریكا چرای سەوزی بەعێراق دا بۆ هەولێر و بۆ تەمێكردنی یەكێتی كە زۆر لەگەڵ ئێران نەڕوات”. زیاتر دەڵێ “یەكێتی لەغروری و گوێنەگرتن و حیسابی نادەقیق لەسەر ئەمریكا و توركیا و ئەوانە وای دەزانی هەموو شتی كردووە، لەسەر خەیاڵ ئەژیا. هێنانی پاسداران غەڵەتی یەكێتی بوو، یەكێتی سەری لەسیاسەتی ناوچەكە دەرنەدەكرد.. هەر ئەمەش یەكێتی توشی ئەو كارەساتە كرد”.
سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكرات. ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئێران “دوای شكستی یەكێتیش هەر لەسەر خەت بووە”، دەشڵیت دوای ئەوەی كە لەگەڵ پارتی كۆدەبێتەوە، بەرپرسانی ئێرانی لەسنە لەگەڵی دادەنیشن و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن، كە بۆچی محەمەدی حاجی مەحمود، لەگەڵ پارتی دانیشتووە، من بەراستی زۆرم پێ ناخۆش بوو وتم كاكە ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان ئەدەین، وا ئێستاش دەگەڕێمەوە كوردستان نە دژی پارتی دەبم نە دژی یەكێتی”. دوای ئەوە قەرارگای رەمەزان داوایان لێدەكەن بگەنە نەغەدە بۆ كۆبوونەوەو بەرپرسانی سنەش پێی دەڵێن “هەر چۆنێك بووە مام جەلال ببینە”.
كە لەنەغەدە بەرپرسانی ئێرانی دەبینێ، پێی دەڵێن “هاوكاریكردنی مام جەلال، هاوكاریكردنی كۆماری ئیسلامی ئێرانە” ئەوەش دەڵێت كە “یەكێتی لەدوای راپەڕینی ئاداری 1991ەوە، لەسیاسەتی ئیقلیمی سەری دەرنەدەكرد، چونكە بەدەستی وڵاتانی ئیقلیمیەوە گیرۆدە ببوو.
ئەوانە هەمووی سەڵمێنەری چەندین بابەتی گرینگن ئەویش بە لەبەر یەك دانەوەی هەردوو لایەنی بابەتەكە روون دەبیتەوە كە 31ی ئاب دەستپێكی كارەساتەكە نییە بەڵكوو 31ی ئاب دەرئەنجامی ئەو سەفقە سەربازییەیە كە لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و یەكیەتی بۆ شكست دانی ئۆپۆزۆسیۆنی رۆژهەڵات لە قۆناغی یەكەم و لە هەنگاوی دووەم شكست پێهینانی پارتی بووە.
((هەرچەندە كە ئەوە بابەتە پێشتریش بڵاو كراوەتەوە بەڵم بە هۆی هەستیاری بابەتەكەو تێگەیاندنی جیلی نوێ‌ و روونكردنەوەی بۆ خەڵكی كوردستان و بەرپەرچ دانەوەی هەموو ئەو پرۆپاگەندانەی كە لەو رۆژەدا لە میدیاكانی سێبەر بە مەبەستی سیاسی ولێدانی پارتی بڵاو دەكرێنەوە دارێشتنەوەیەكی نوێم بۆ كردووە)).
Top