ئایا توركیا هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە دژی داعش؟
August 30, 2016
وتار و بیروڕا
لە كاتژمێرەكانی سەرەتای رۆژی چوارشەممەدا، توركیا تانك و فڕۆكە سەربازییەكانی بەرەو سنووری سووریا جووڵەپێكرد، ئەویش لە چوارچێوەی هەڵمەتێكدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو چەكدارە موعارەزە سوورییانەی كە لەلایەن رۆژئاواوە پشتگیریان لێدەكرێت بۆ گرتنەوەی شارۆچكەی جەرابلوس، كە دوایین مۆڵگەی بەهێزی داعشە لەسەر سنووری توركیا و بەم دواییە وەزیری دەرەوە بەڵێنی ئەوەی دا كە لەو گروپە سەربازییە پاك دەكرێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەكە پتر بە ئامانجی ئیحتیواكردنی تموحی كوردی سوریا بۆ بەرفراوانكردنی خاكەكەیان بێت، كە توركیا بە دوژمنی سەرەكیی خۆی دەزانێت لە سوریادا.
توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەل، كە گروپێكی سەربازی كوردی سووریان، بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان- كە پارتێكی قەدەغەكراوە- دەزانێت، ئەو گروپە سەربازییەی بۆ چەندین دەیەیە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا دەكات. ئەوە راستە كە پێوەندییە نزیك لە نێوان ئەو گروپانەدا هەیە، بەڵام ئەوەش راستە كە بەم دواییە یەپەگە بۆتە كاراترین هاوپەیمانی واشنتۆن كە لەسەر زەوی شەڕی داعش بكات لە سووریا.
توركیا نیگەرانە لەوەی كورد، بەو پشتیوانی ئاسمانییەی ئەمەریكا بۆی دەستەبەر دەكات، بەرەو رۆژئاوای- ئەو وڵاتە- پێشڕەوی بكەن لە شەڕەكەیاندا لە دژی داعش، كە بەو شێوەیە دەتوانن راڕەوێك دروست بكەن بە درێژایی سنووری توركیا كە لە عێراقەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست درێژ ببێتەوە. كۆنتڕۆڵكردنی ئەو خاكانە دەبێتە هۆی زیندووكردنەوەی خەونی جوداخوازی لە نێو كوردی توركیادا. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە حكومەتی توركیا فشاری لەسەر ئەمەریكا دروست كرد بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی لەگەڵ یەپەگەدا بوەستێنێت. ئەنقەرە بڕیاری دا كە ئۆپەراسیۆنێك بە سەركردایەتی توركیا بۆ گرتنەوەی ئەو شارۆچكە سنوورییە ئەنجام بدات كە رێگری دەكات لە هەر هێرشێك كە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە ئەنجام بدرێت.
ئەمەریكا نەك تەنیا پشتیوانی خواستی توركیای كرد بۆ جڵەوكردنی كوردی هاوپەیمانی واشنتۆن، بەڵكو بە ئاشكرا بەیاننامەیەكی نائاسایی لەسەر یەپەگەی هاوپەیمانی دەركرد، لە هەمان رۆژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەدا. جێگری سەرۆكی ئەمەریكات جۆزێف بایدن، كە بە سەردانێك لە توركیا بوو لە رۆژی چوارشەممە، هۆشداریدا لەوەی كە ئەمەریكا پشتیوانییەكانی بۆ كورد رادەگرێت، ئەگەر بێتو ئەوان داواكاری ئەنقەرە بۆ كشانەوە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات جێبەجێ نەكەن.
كەواتە رەنگە ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە، هەروەها تەئكیدكردنەوەی ئەمەریكا بەوەی كورد لەوبەری رووبارەكە دەمێننەوە، ببنە هۆی خاوكردنەوەی گرژییەكانی پەیوەست بە داواكانی توركیا بۆ رادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن، ئەو پیاوە ئایینییەی كە لە پەنسلڤانیا دادەنیشێت و توركیا بەوە تۆمەتباری دەكات كە لە پشتی رێكخستنی كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی رابردووەوە بوو. بەڵام رەنگە ئەمە سیاسەتێكی كورتبینانە بێت. چونكە دەستبەرداربوون لە كورد و هاندانی توركیا بۆ دەستێوەردان لە سووریادا تەنیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزكردنی شەڕی ئەمەریكا لە دژی داعش.
جووڵەكردنی توركیا بەرەو سووریا هەڵگری مەترسییەكی جددییە بەوەی ئەگەری ئەوە هەیە بە تێپەڕبوونی كات ئامانجەكانی هەڵمەتە سەربازییەكە بگۆڕێن و لە دەرئەنجامدا پابەندبوونی درێژخایەن و پلان بۆ دانەنراوی لێبكەوێتەوە. چونكە پێناچێت توركیا پاشەكشە بكات ئەگەر بێتو یەپەكە نەكشێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی روباری فورات. كەواتە لە حاڵەتی پاشەكشەنەكردنی كورددا ئەوا ئەگەرێكی راستەقینە دێتەئاراوە بە روودانی پێكدادانی راستەقینە لە نێوان ئەو دوو هاوپەیمانە گرنگەی واشنتۆن.
میلیشیا كوردییەكان وەك باشترین هاوپەیمانی واشنتۆن دەمێننەوە لەسەر زەوی. ئەگەر سەرنج لە رابردوویان بدەین، ئەوا ئەو چەكدارانەی موعارەزەی سووریا كە لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی دەكرێن، ئەگەری ئەوەیان لێناكرێت بتوانن پارێزگاری لەو شارۆچكەیە بكەن كە لە سنووری توركیادا دەستیان بەسەردا گرتووە. هەروەها بەهۆی كەمبوونەوەی تواناكانی لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەوە، ئەوا رەنگە سوپای توركیاش نەتوانێت لە ئاست ئەم ئەركەدا بێت. لە سەروەختی كودەتاكەدا، حكومەتی توركیا بە هەزاران كارمەندی سەربازی لەكار لاداوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی سوپا لاوازتر بێت و پتر لێكترازاو بێت.
ئەمەریكا لە ئێستادا رووبەڕووی تەنگژەیەك بۆتەوە، لەلایەكەوە، پێویستی بەوەیە بەردەوام دەستی بە بنكەی ئاسمانی ئەنچەرلیك لە توركیا رابگات، كە بنكەیەكی سەرەكییە لە شەڕی دژ بە داعشدا. هەروەها پێویستی بەوەیە توركیا رێگری لە جیهادیە شەڕكەرەكان بكات بۆ ئەوەی بە خاكی ئەودا نەچنە سووریا و بەپێچەوانەشەوە، لەلایەكی دیكەشەوە، ئەمەریكا پێویستی بە كوردی سووریا هەیە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی دژ بە داعش لە سووریادا.
بۆ دەرچوون و دەربازبوون لەم تەنگژەیە، پێویستە واشنتۆن فشار لەسەر حكومەتی توركیا دروست بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆكانی ئاشتی لەگەڵ كوردی وڵاتەكەیدا، كە لە هاوینی رابردوودا ئەو گفتوگۆیانە هەرەسیان هێنا. هەوڵی كودەتاكەی ئەم دواییە هیچ لایەكی ناكۆكییەكەی ناچار نەكرد، پێداچوونەوە بە ستراتیژیەتی هەڵكشاندنی بارودۆخەكەدا بكەن. حكومەتی توركیا پارتە كوردییەكەی لە بەشداریكردن لەو هەوڵانەدا بێبەشكرد كە هێنانەدی یەكێتیی نیشتیمانی خرانەگەڕ و سوپای توركیا و چەكدارە توركەكان بەردەوام بوون لە شەڕكردن لەدژی یەكتر لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەدا. ئەگەر توركیا نەتوانێت چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ كێشەی كورد بێنێتەدی، ئەو كاتە كوردی سووریا بە هەڕەشەیەكی وجوودی دەزانێت لەسەر خۆی و بەردەوام دەبێت لەسەر هێرشكردنە سەر یەپەگە، بەمەش هەوڵەكانی ئەمەریكا لە دژی داعش لاواز دەكات. بۆ ناچاركردنی توركیاش بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ كورددا، دەبێت لە بەرامبەردا ئەمەریكا چەند شتێك بە توركیا ببەخشێت: داواكاری ژمارە یەكی توركیا بریتییە لە دەستبەجێ رادەستكردنەوەی بەڕێز گولەن. كە جێبەجێكردنی ئەم داواكارییەش سەختە. رادەستكردنەوە پرۆسەیەكی یاسایی و تەكنیكی دوور و درێژە.
بەڵام پێویستە لە بری ئەوە ئەمەریكا شەراكەتێكی سەربازی نزیكتر بخاتەبەردەم توركیا. ماوەیەكی زۆرە توركیا دەیەوێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شەڕكەر لە ئەمەریكا بكڕێت، كە ئەمە خواستێك بووە لەلایەن كۆنگرێسەوە بەرهەڵستی كراوە. هەروەها توركیا خواستی ئەوەی هەبووە هاوكاری لەگەڵ واشنتۆندا بكات لە بواری تەكنەلۆجیای بەرگری. بە كاركردن لە نزیكەوە لەگەڵ توركیا لەسەر ئەم بابەتانە، ئەوا ئەمەریكا دەتوانێت هەندێ لە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا كەم بكاتەوە و ئەوە پیشانی حكومەتی توركیا بدات كە پابەندە بە ئاسایشی ئەو وڵاتەوە. رەنگە ئەمەش ئەو دەستڕۆیشتووییە بداتە واشنتۆن بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئەنقەرە بكات تاوەكو هەنگاو هەڵبگرێت بۆ ئەوەی كێشەی كوردی وڵاتەكەی چارەسەر بكات. ئەوەش دەبێتە هۆی لابردنی فاكتەرێكی گەورەی ناڕەحەتكەر لە پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكادا و بوار دەدات هەردوولا تەركیز لەسەر نیگەرانییە گەورەكەیان بكەنەوە كە بریتیە لە شەڕی دژ بە داعش.
گونول تول*- نیویۆرك تایمز
توێژەری باڵا لە ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتمەند لەسەر سیاسەتی توركیا و كورد و
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست