حکوومەت و دەرچەیەکی یاسایی بۆ پارێزگاری سلێمانی

حکوومەت و دەرچەیەکی یاسایی بۆ پارێزگاری سلێمانی
لەوە دەچێت بزووتنەوەی گۆڕان بەس لەبەر ئەوەی بڵێن نەگەڕاونەتەوە بۆ مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ماوە بەسەر چوونی پۆستەکەی. نەیانەوێت مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئاڵوگۆڕەکەی پارێزگای سلێمانی دەربچێت، بۆیە دەستیان کردووە بە گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی لە یەکێتییەوە بۆ گۆڕان بەبێ ئەوەی ئەو رێکارە یاساییە بگرنە بەر، لە کاتێکدا گۆڕان هەوڵی فێڵکردنی لە حکومەت داوە، بەوەی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارە، بەڵام بڕیارەکانی لەلایەن وەکیلەکەیەوە جێبەجێ دەکرێت، وەک ئەوەی پارێزگاری سلێمانی بڕیار دەدات و وەکیلەکەی کراسی یاسایی لەبەر دەکات، لە کاتێکدا به‌ پێی نووسراوی ژماره‌ (178) له‌ (24/8/2016) ، ئاسۆ فەرەیدون داوای مۆڵه‌تی له‌ وه‌زیری ناوخۆ كردوه‌ له‌ رێكه‌وتی (25/8/2016) تا (1/10/2016) ، دیارنییە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتەکەی قبوڵکردووە یان نا، خۆ ئەگەر قبوڵی کردبێت ئایە له‌ 1\10\2016 د. ئاسۆ فه‌ره‌یدون ده‌توانێت بێته‌وه‌ ده‌وامی ئاسایی خۆی وه‌ك پارێزگار یان نا..؟؟

هه‌روه‌ها له‌ (24/8/2016) د. "ئاسۆ فه‌ره‌یدون" بریارێكی به‌ نووسراوی ژماره‌ (179)ده‌ركردوه‌و (سه‌ردار قادر علی) جێگری پارێزگاری راسپاردوه‌ كاره‌كانی پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت رابپه‌رێنێت. بەپێی یاسا پۆستی بەوەکالەت لە سێ مانگ تێپەڕ ناکات، ئایە چارەنوسی وەکیل چی لێدێت..؟ ئایە سێ مانگ کارەکانی پارێزگار بەڕێوەدەبات یاخود تەنیا ئەو یەک مانگەی کە ئاسۆ فەرەیدون داوای مۆڵەتی بۆ کردووە..؟؟!

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەیە کە دەبێت دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە، چونکە بەهەر پاساوێک بێت دواجار ئەو پۆستە پۆستێکی حکوومییە و یەکێکە لە هەستیارترین پۆستەکان لە ئاستی پارێزگاکان، چونکە راستەوخۆ پارێزگار سەرۆکی ئەمنییەتی شارەکەیە، ناشکرێت بە بیانوی نەگەڕانەوە بۆ مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دووساڵ پارێزگار بەپشت بەستن بە بڕیاری جێگرەکەی کەلەڕووی یاساییەوە دەتوانێت کارەکانی پارێزگا بەرێوە ببات پشت ئەستوربێت چونکە هەندێک بابەت هەیە بەو رێکارە کەڵەکەبووەی یەکێتی و گۆڕان ناکرێت.
دواتر پرسیارێک دێتەوە ئاراوە، د.ئاسۆ، داوای مۆڵەتی کردووە و هاوکات نامەی دەست لەکارکێشانەوەشی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە.. ئایە ئەوە لە رووی یاساییەوە مەقبولە..؟؟.
ئەمە لە کاتێکدایە رێکەوتی (24\8\2016) ئاسۆ فەرەیدون داوای مۆڵەت دەکات لە وەزارەتی ناوخۆ و لە رێکەوتی (25\8\2016) ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگ لەسەر لادانی ئاسۆ دەدەن لە پارێزگاری..! ئایە دەکرێت لەو کاتەی کە یەکێک مۆڵەت پێدراوبێت، لە پلە و پۆستەکەی لابدرێت..؟؟ ئایە د.ئاسۆ پارێزگاری مۆڵەت پێدراوە یان پارێزگاری دەستلەکار کێشاوە..؟؟
Top