له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین و له‌ ته‌خوینه‌وه‌ بۆ هاوخه‌باتی

له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین و له‌ ته‌خوینه‌وه‌ بۆ هاوخه‌باتی
كاتێك راپۆرته‌كه‌ی مام جه‌لال كه‌ له‌ پلنیۆمی ساڵی 2010 خوێندیه‌وه‌ و تیایدا تیشكی خسته‌ سه‌ر كورد كوژی و تاكڕه‌وی و كه‌ینوبه‌ینه‌ مه‌ترسیداره‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا و، دواتر وه‌ڵامی نه‌وشیروان كه‌ له‌ دووتوێی نامیلكه‌یه‌ك به‌ناوی (له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین) ده‌خوێنیه‌وه‌، جیا له‌وه‌ی توشی مێشك ئاوسان و شۆك بوون ده‌بی، تیده‌گه‌ی ئه‌وه‌ی ناویان نابوو شۆڕشی نوێ جێبه‌جێ كردنی هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌ دۆزه‌خیه‌ بوو كه‌ برایم ئه‌حمه‌د له‌ ساڵی 1964و به‌ رێنمایی موخابه‌راتی عێراقی و ساواكی ئێران نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌ راپۆرته‌كه‌یدا و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ وه‌ڵامنامه‌كه‌یدا ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، ناتوانرێ له‌ وتارێك و دواندا تیشكیان بخرێته‌ سه‌ر، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی من مه‌به‌سته‌مه‌ له‌م وتاره‌دا تیشكی بخه‌مه‌سه‌ر چه‌ند پرسیارێكه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی خودی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كرێن، ئه‌گه‌رنا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ داهاتوودا به‌ چه‌ند وتارێك راستیه‌كان بخه‌مه‌ پێش چاوی خوێنه‌ران به‌ گشتی و ئه‌وانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ داوی چه‌واشه‌كاریه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ به‌ تایبه‌تی.
1ــ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو كاره‌ساتانه‌یان به‌ ناوی شۆڕش كردنه‌وه‌ به‌سه‌ر كورد هێناون، بۆچی بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ په‌رده‌ پۆشیان كردوون و له‌ خه‌ڵكیان شاردوونه‌وه‌؟ به‌ڵام كاتێ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌یان وه‌رگرت كه‌وتنه‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی فایلی تاوانی یه‌كتری، دیاره‌ لای ئه‌وان خۆیان له‌ حزب به‌ گه‌وره‌تر و پیرۆزتر ده‌زانن و حزبیش له‌ نه‌ته‌وه‌ گه‌وره‌تر و پیرۆزتره‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانیان ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌یان وه‌رنه‌گرتبا، ئه‌وا ده‌یان ساڵی تریش كورد و شۆڕشه‌كه‌ی له‌ناو به‌رداشی كه‌ینوبه‌نی دوولایه‌نه‌ ده‌هاڕدران.
2ــ كاك نه‌وشیروان ده‌ڵێ: له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین، واته‌ وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێ: مام جه‌لال ده‌یان ساڵ خه‌باتی نه‌وشیروان مسته‌فای داوه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ته‌خوین كردن، باشه‌ ئه‌گه‌ر وایه‌ و ته‌خوین كردنه‌كه‌ی مام جه‌لال راست نییه‌! بۆچی نه‌وشیروان مسته‌فا دوای حه‌وت ساڵ ته‌خوین كردنی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال چۆوه‌ ناو سه‌نگه‌ری هاوخه‌باتی؟
3ــ خولاندنه‌وه‌ی كورد و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ناو نهێنیه‌كانی سیاسه‌تی له‌ هاوخه‌باتی بۆ ته‌خوین و دواتر له‌ ته‌خوینه‌وه‌ بۆ هاوخه‌باتی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و زۆر مه‌ترسی شاراوه‌شی له‌ هه‌ناوی خۆیدا حه‌شار داون، ئایا خه‌ڵكی كوردستان كه‌ی به‌ده‌نگ دێ و كه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێ؟ ئایا كورد له‌و سیاسه‌ت گۆڕكێیه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا چی ده‌ست كه‌وتووه‌ و چی ده‌ست ده‌كه‌وێ؟ له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: بۆ ده‌ركه‌وتنی رووی راسته‌قینه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و روانینی بۆ دۆزی كورد و ئه‌و خوێنه‌ی كورد له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا رشتوویه‌تی، خۆزگه‌ هه‌موو تاكێكی كورد راپۆرته‌كه‌ی مام جه‌لال و نامیلكه‌ی (له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین)ی نه‌وشیروان مسته‌فای ده‌خوێنده‌وه‌، ئه‌وجار تێده‌گه‌یشتین نه‌وشیروان مسته‌فا چی به‌سه‌ر كورد هێناوه‌ و له‌ داهاتوودا مه‌به‌ستیه‌تی چی به‌سه‌ر بێنێ.
Top