با ئەمجارە خێر لە موسڵ ببینین

با ئەمجارە خێر لە موسڵ ببینین
وێڕای ئەوەی بەدرێژایی مێژوو، موسڵ ناوەندێكی گرینگی بازرگانی بووە و بەروبوومی لێ ساغكراوەتەوە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا لە یادگەی كورددا وێنەیەكی ناشیرنی هەیە، بۆ نموونە ئەگەرچی هەولێر سوپای هۆلاكۆی بەزاند، بەڵام دواجار مەغۆلەكان بەهاوكاری دەسەڵاتداری موسڵ داگیری دەكەن. تا شەڕی یەكەمی جیهان، سەنتەری ویلایەتی موسڵ بووە، بەوپێیەی كوردستانیش گرێدراوی ئەو ویلایەتە بووە، چارەنووسی بەو سەنتەرەوە بەسترابۆوە، بەخێرا ئاماژە بە هەندێ لەو بیرەوەرییە تاڵانەی كورد دەدەین، لەوانەش ساڵی 1909 داوا لە شێخ سەعیدی بەرزنجی، باوكی شێخ مەحمودی حەفید دەكرێ كە سەردانی موسڵ بكات، لە ئاژاوەیەكدا دژی كورد بە نادیاری دەكوژرێ، هەروەها ساڵی 1914 شێخ عەبدولسەلام بارزانی رابەری بزاڤی كورد لە موسڵ لە سێدارە درا، لە هەموویشی ناخۆشتر، لكاندنی ویلایەتی موسڵ بوو بە عێڕاقی عەرەبییەوە لە 1926 بەهۆیەوە كوردستان بەزۆر خرایە سەر عێراق. بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، موسڵ ناوەندێكی پەلاماردانی كوردستان بووە، شوێنی زیندانیكردن و لەسێدارەدانی هەزاران تێكۆشەری كورد بووە تا 2003 ساڵی رووخاندنی رژێمی سەدام، بۆیە پێی دەگوترا قەسابخانەی موسڵ.
لە دوای 2003 شەوە بەردەوام مەیلی دژایەتیكردنی كورد لە موسڵ هەبووە، بەر لە پەیدابوونی داعش كورد لە موسڵ هەڕەشەی لێكراوە و بۆتە قوربانی، لە 10/6/2014 داعش ئەو شارە دەگرێ، جارێكی دی دەبێتەوە سەنتەری پەلاماردانی كوردستان، جینۆسایدی شنگال و كوشتوبڕی ئەو شوێنانەی پەلاماریان دەدا و سەربڕینی كوردان بەتایبەتیش پێشمەرگەی دیل لەسەر دەستی ئەو تیرۆریستانە، سەپاندنی شەڕ بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر بەسەر كوردستاندا، ئەمە هەمووی دوای ئەوەدێت كە موسڵ دەبێتە پێگەیەكی بەهێزی داعش.
ئێستا ئامادەكاری بۆ ئازادكردنی موسڵ دەكرێ، پێشمەرگە لە پێنج میحوەرەوە دەوری ئەو شارەی داوە، سوپای عێراقیش لە خەتی گەیارە، هاوپەیمانان چاویان لەوەیە پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی لەو ئۆپەراسیۆنە ببینێ، بەڵام ئەوەی بەلای هەولێرەوە گرنگە، قۆناغی دوای ئازادكردنیەتی، ئەگەر پشت لە پێكەوەژیان بكرێ، ئەوا دەبێ چاوەڕێی دۆخێكی ناخۆش بكەین.
هەموو چاوەكان لەسەر موسڵن، ئەمەریكا و ئەوروپا و توركیا و ئێران و عێراق (بە سوپا و میلیشیای شیعەوە)، هەریەكەو ئەجندای خۆی هەیە، ئەگەر لكاندنی موسڵ بە عێراق بووبێتە هۆی دروست بوونی عێراقێكی بەزۆر پێكەوەلكێندراو، كە كورد زەرەرمەندی یەكەم بووە، ئاخۆ ئەمجارە گرتنەوەی موسڵ دەبێتە هۆی دابەش بوون یان بەهێزبوونەوەی عێراق، لە هەردوو حاڵەتدا، پێویستە كورد ئامادەكاری بكات، ئەمەش بە كۆدەنگی و وەخۆكەوتن بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنی موسڵ دەكرێت، بە مەرجێك لە ئێستاوە زەمانەت وەربگیرێ، نەك حەساسییەتی ئەو هەموو ئەجندایە بۆ موسڵ، ببێتە هۆی ئەوەی كورد بكرێتەوە قوربانی، چی تێدایە ئەگەر ئەمجارە خێر لە موسڵ ببینین.
Top