نۆره‌ی ئێوه‌ش دێ

نۆره‌ی ئێوه‌ش دێ
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رامبه‌ر وه‌زیرێكی پارتی كرا، ئه‌وه‌نده‌ی لێپرسینه‌وه‌یه‌كی سیاسی بوو له‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی حزبێك، كه‌ خۆی راده‌ستی ئیراده‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی و توندڕه‌وی سیاسی و مه‌زهه‌بی ئه‌م حزب و ئه‌و لایه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی ناكات، ئه‌وه‌نده‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی یاسایی و په‌رله‌مانی نه‌بوو له‌ وه‌زیرێك، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و راستییه‌ ئه‌وه‌یه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ناو لێپرسینه‌وه له‌ وشیار زێباری هه‌وڵدراوه‌ ئیهانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی پارتیش بكرێ، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌ سیاسی بووه‌ و براوه‌ته‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تا ئێره‌ ئاساییه‌ و هه‌ر كوردێك بڕوای به‌ رێككه‌وتن و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌ڵ عه‌ره‌ب هه‌بێ، یان گه‌وجه‌ یان خۆفرۆشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی فراكسیۆنی خه‌وتووی له‌ كوردستان هه‌بێ، رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌ریخست كه‌ فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ كوردستان فراكسیۆنی خه‌وتووی هه‌یه‌، ئه‌و فركسیۆنه‌ خه‌وتووه‌ش له‌ هاتنی نوری مالیكی بۆ سلێمانی درووست كراوه‌ و خه‌وێنراوه‌، .
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هه‌ندێ په‌رله‌مانتاری كۆن و نوێی فركسیۆنێكی دیاریكراو گوێبیستی بووم ناچاری كردم بڵێم: بژی حه‌نان فه‌تلاوی، چونكه‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌و فراكسیۆنه‌ خه‌وتووه‌ هه‌م له‌ حه‌نان حه‌نانتر بوون و هه‌میش له‌ فه‌تلاوی فه‌تلاویتر بوون، ئه‌گه‌ر وانییه‌ ده‌بووایه‌ ئه‌و فراكسیۆنه‌ و حزبه‌كه‌ی ناردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماتارانیان بێ چاكه‌ت له‌بیر نه‌چێ، بۆیه‌ روو له‌ حزبی خاوه‌ن فراكسیۆنی خه‌وتوو ده‌كه‌م و ده‌ڵێم: ده‌بێ باش بزانن كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر به‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی پارتی كرا دوا نیه‌ت و خواستی به‌غدایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و له‌ پارتییه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ و نۆره‌ی ئێوه‌ش دێ
عه‌ره‌ب له‌ تێكدانی ناوماڵی كورد ئه‌زموونیكی زۆری هه‌یه‌ و ده‌زانن له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ن و له‌ كوێش كۆتایی پێبێنن، بۆیه‌ش له‌ پارتیه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ ده‌زانن ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر پارتیدا سه‌ركه‌ون ئاسته‌نگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ ده‌بڕن و به‌ بڕینی ئه‌و ئاسته‌نگه‌ش وه‌ك ده‌ڵێن سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا به‌ لێوانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و فراكسیۆنه‌ خه‌وتووه‌ چاوی كۆنه‌قینی دابخا‌ و ئه‌و راستییه‌ ببینێ، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌ر پارتیدا و عرووبه‌ به‌سه‌ر كوردایه‌تیدا سه‌ركه‌وێ، ئه‌وكات ئه‌وان ده‌بێ خۆیان راده‌ستی ئیراده‌ی عرووبه‌ بكه‌ن و وه‌ك جاشێك (نعم سیدی) بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن دلنیام ئه‌مجاره‌ نه‌ك بێ چاكه‌ت، بێ شتی تریش ده‌یاننێرنه‌وه‌.
Top