جووڵەی ئیقلیمی لە میدیای كوردی بابەت نییە

جووڵەی ئیقلیمی لە میدیای كوردی بابەت نییە
لە سەروبەندی ئەو جووڵە ئیقلیمییەی دەرهاوێشتەكانی دەركەوتوون، ئاراستەكانی مامەڵەی میدیاش لەگەڵ ئەو رووداوە بە پێی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكانە، لەبەر ئەوەی نەتەوەكانی سەردەست لە ناو دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، جووڵە ئیقلیمییەكە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەبینن، لەسەر ئەو بنەمایە میدیاكەیان دەخەنەگەڕ، بەتایبەتیش میدیای دیاری عەرەب، لێ ئەوەی جێی سەرنجە، ئامانجی جووڵە ئیقلیمییەكە راگرتن و نەهێشتنی پرۆژەی كوردییە، كەچی هێشتا لە میدیای كوردستاندا، نەبۆتە بابەتی سەرەكی، تەنانەت لە سۆشیاڵ میدیاش جێی باس نییە.
لەوەتەی كارەكتەرەكانی جووڵەی ئیقلیمی سەردانی یەكتر دەكەن و خەریكی جێبەجێ كردنی بەندەكانی رێككەوتنی نێوانیانن، هاوكات میدیای عەرەبی، بەتایبەتیش رۆژنامە بەناوبانگ و دیارەكان، كەوتونەتە جووڵە و زەمینە بۆ جووڵە ئیقلیمییەكە خۆش دەكەن تا بچێتە واری جێبەجی كردنەوە، بۆ ئەمەش كار لەسەر چەند تەوەرێك دەكەن، یەكەم پێشاندانی كورد وەك مەترسییەكی گەورە لە ناوچەكەدا، تەنانەت هەندێكیان لە داعش بە مەترسیدارتری دادەنێن، دووەم داعش بە ئامرازێك دادەنێن كە بە هۆیەوە كورد بە هاوكاریی ئەمەریكا خەریكی فراوانخوازییە بە قەولی خۆیان، سێیەم پێشاندانی عەرەب وەك نەتەوەیەكی زوڵملێكراو كە خاكی داگیر دەكرێ، چوارەم ترساندنی هێزە ئیقلیمییەكان بەتایبەتیش توركیا بۆ ئەوەی زیاتر بێتە مەیدان.
دەبوو میدیای كوردستان لە میدیای عەرەبی زیاتر كاری لەسەر ئەو جووڵە ئیقلیمییە كردبا، چونكە بەدرێژایی مێژوو كورد بۆتە قوربانیی ئەو جۆرە رێككەوتنانەی نێوان دەوڵەتانی داگیركەر، كەچی میدیای كوردی مێش میوانی نییە، زۆرجار دەكەومە گومان، دیارە هیچ لەگۆڕێ نییە بۆیە میدیا خۆی لێنادات.
تا ئێستا ئەو قەڵەمانەی دەمێكە لەسەر ئەو مەسەلەیە دەنووسن، ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت، تەنانەت لە سۆشیاڵ میدیاش هەر ئەو چەند قەڵەمانەن رەزای خۆیان گران كردووە و باس لەو جووڵە ئیقلیمییە دەكەن، ئەگەر بەگوێرەی ئەو خۆلاتەریك كردنەی میدیای كوردی بێت لەو بابەتە، ئەو جووڵە ئیقلیمییە هیچ مەترسییەكی نییە، بۆیە بەلایدا ناچێت، بەڵام دڵنیام ئەو خۆدوورگرتنەی میدیای كوردی، لەبەرئەوەیە هێشتا ئەو مەسەلەیە نەبۆتە بابەتی سەر مێزی دانیشتنی حزبەكان، میدیای كوردی پێی وایە بازاڕی خۆی لە باس و خواسی كۆبوونەوەی حزبەكاندا دەبینێتەوە، ئەو كۆبوونەوانەش هێشتا لە دابەشكردنی پلە و پۆست تێپەڕیان نەكردووە، راستییەكەی دەبوو میدیا رای گشتیی بەجۆرێك جووڵاندبا، حزبەكان نەوێرابان چیدی باسی پشكی خۆیان بكەن، بەڵكو لەسەر ئەوە كۆیكردبانەوە ئاخۆ لەبەرامبەر ئەو جووڵە ئیقلیمییەی لە گۆڕێدایە و زەرەرمەندی یەكەم كوردە چی بكەن، ئەو خۆ كەڕولاڵ كردنەی میدیای كوردی لە ئاست ئەو جووڵە ئیقلیمییە مەترسیدارە، وەك ئەو كابرایە وایە كە بەسەر لاشەی كوژراواندا بازی دەدا و دەیگوت خوا رەحم بكا هیچ نەقەومێ!
Top