بانگهێشتە فەرمییەكان، پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە وجیهان پیشان دەدات
August 25, 2016
وتار و بیروڕا
رووداوەكانی دوو ساڵی رابردوو، شكاندنی هەیبەتی داعش و داگیركەرٍان لە سەر دەستی پێشمەرگە، گەرٍاندنەوەی رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی كوردستان ، متمانەی نێودەوڵەتی بە گەلی كوردستان ، بوونی دەیان كۆنسوڵخانە ، كۆمپانیایی بواری نەوت و بازرگانی ، پێكەوەژیانی ئاشتیانە ، سەقامگیری كوردستان ، هەموو ئەوانە بواریان رٍەخساندووە تا هەنگاوەكانی سەربەخۆیی كوردستان خێراتر بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێنن .
لە لایەكی دیكەوە بانگهێشتە فەرمییە یەك لە دوای یەكەكان لە سەر ئاستی هەرێمی و نێو دەوڵەتی بۆ سەركردایەتی كورد و سەرۆكی هەرێمی كوردستان وایكردووە كە سەربەخۆیی كوردستان لە هەموو كاتێك نزیكترە، چونكە ئەمجارە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وڵاتان بە ڕاستەوخۆ دەبێت.
ئەوەی ماوە كورد نەك تەنیا لە باشووری كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن بەڵكو لە بەشەكانی تریش رٍەچاویی دۆخە هەستیار و گۆرٍانكارییەكان بكەن ، بە پێی عەقڵ و مەنتیق بجوڵێنەوە و نەكەونە ژێر كاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی دژی كورد ، چونكە ئەو وڵاتانە جگە لە هەوڵی بە لارێدا بردنی سەربەخۆیی و تێكدانی یەكریزی كورد هیچ سوودیان بۆ كورد نەبووە ، لێرەدا هەمووان پێوستە پشتیوانی سیاسی حەكیمانە و كوردانەی سەرۆك مسعود بارزانی بین كە دلسۆزانە بۆ هەموو كورد تێكۆشان دەكات ..
ئێستا ئێمە لە قۆناغ و سەردەمێك داین كە پێوست دەكات ، پێداگر و داكۆكیكار بین بۆ بەدیهێنان و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان ، چونكە گشت شۆرشە و تێكۆشانەكان بە ئێستاشەوە كە سەرۆك بارزانی لە نێو خۆیی و كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان گشت تواناكانی خستۆتەگەر و گەلی كوردستان لە هەمبەر ناخۆشییەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان سینگی خۆیان وەك قەڵەغانێكی پۆڵایین داوەتە بەر تۆپ و تەقینەوەی تێرۆریستان و داگیركەران لە پێناو ئەو ئامانجە گەورەیەیە كە "سەربەخۆیی كوردستانە "، رٍەتكردنەوەی زوڵم و زۆر و ژێر دەستی و كۆیڵەبوونە .
سەربەخۆیی ئاواتی لەمێژینەی گەلی كوردستانە، پاش ئەم گۆڕانكاریانەی بەسەر ناوچەكەدا هاتوون، سەد ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكس پیكۆدا تێپەڕیوە و ئێستایش لە هەر كات زیاتر گونجاوترە بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی كیانیكی سەربەخۆ كە گوزارشت لە نەتەوەیەكی مافخوراو بكات، بۆ ئەوەی پەرە بە ئابووریی خۆمان بدەین و زیاتر دیموكراسی و ئازادییە كەسییەكان فەراهەم بكەین و چیتر پشت بە بەغدا نەبەستین، چونكە بەغدا خۆی لەناو كۆمەڵێك قەیراندایە و ناتوانن كێشەكانی خۆیان چارە بكەن. ئێستاش لەگەڵ گشت بانگهێشتە فەرمییەكان بۆ سەرۆك بارزانی ، پەیامی نەتەوەیی و سەربەخۆیی كورد دەگەێنێتە سەرۆك و وڵاتانی دۆست و دوژمن و پێیان دەڵێت كە ئێتر ناتوانین و نامانهەوێت بێ دەوڵەتی سەربەخۆیی بین .
ئێمە هەموو خەبات و تێكۆشانمان بۆ ئەوە بووە گەلی كورد سەرفراز بژیت، ئومێدی زۆریشمان هەیە سەرۆك بارزانی گەلە ستەمدیدە و زوڵملێكراوەكەی خــۆی بگەیەنێتە مەنزڵی ئارامی و ئاســوودەیی. سەرۆك بارزانی بەدیلی نییە ئێمە دەزانین بە چ شێوازێكی هەست كردن بە بەرپرسیارەتی رەفتار دەكات بۆ ئەوەی گەلەكەی بگەیەنێتە كەناری ئارامی و سەربەخۆیی، ئەمە رەوشتی مرۆڤی سەركردەو نیشتمانپەروەرە. ئەمە دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی. لە رٍاستیدا هیچ دەوڵەتێكی دیموكراتی ڕاستەقینە دروست و نایەتە كایەوە بەبێ ڕەچاوكردنی یەكسانی و دادپەروەری لە كوردستان لە ژێر سێبەری بڕیارە تازە و گرنگەكانی میللەتەكەمان بە چاودێری وسەركردایەتی ئەندازیاری جاڕدانی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان سەرۆك بارزانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان . وە دیارە جەماوەری بەشەڕەفی كوردستان هەر هەموویان پێشمەرگەن لە پێناو رزگاری و ئازادی و سەرفرازی بە خاوەن بوونی میللەتی كورد مافە ڕەوا و زەوت كراو و پەنا دراوەكانی . بۆ ئەوەی جارێكی تر توشی كارەسات و ماڵوێرانی و ژێر دەستی نەبینەوە ..بێ گۆمان میللەتێك خاوەنی كەسایەتییەكی كوردپەرەور و نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری وەك پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی بێت ، بە دڵنییاییەوە دەگات بە ئامانج.