ترەمپ سیاسەتی كۆمارییەكانی سەرتاپا ژێراوژوور كردووە

ترەمپ سیاسەتی كۆمارییەكانی  سەرتاپا ژێراوژوور كردووە
لە وتارێكیدا كە لە ئیندیا ئیكسپریس بڵاوی كردۆتەوە، رەجا موهان بەرێوەبەری دیراساتی هیندستان لە ئامۆژگای كارینجی باس لە تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ دەكات بۆ شەڕو ئاشتی لە جیهاندا و هەروەها بەیەكداچوونی سیاسەتی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لەم هەڵبژاردنەدا، ئەمەش چەند پەرەگرافێكی ئەو بۆچوونەیە.
هەمیشە توانیومانە بە ئاسانی دوو پارتە سەرەكییەكەی ئەمەریكا لێكجیابكەینەوە، بە تێڕوانین لە دیدگایان لەبەرامبەر شەڕ و ئاشتیدا. گریمانەی ئەوە دەكرێت دیموكراتەكان پارتی ئاشتی بن، لە كاتێكدا كۆمارییەكان هەمیشە لەئامادەباشیدان بۆ شەڕ، بەڵام پێدەچێت لە ئەمساڵدا پێچەوانەبوونەوەیەكی سیاسی لەم پرسەدا بەدی بكەین.
دۆناڵد ترەمپ جیهانی دووچار راچەنین و تاسان كردووە بە خۆدوورخستنەوەی لە زۆرێك لەو پرسانە كە كۆمارییەكان لەم ساڵانەی دواییدا پێوەی پابەندبوون و بەرگرییان لێدەكرد. لە ئێستادا و لە نێوەندە سیاسییەكاندا، ركابەرە دیموكراتەكەی، هیلاری كلینتۆن، وەك مەشخەڵهەڵگرێكی ژیر و بەئەزموونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەیردەكرێت.
لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەم دواییانەدا، دیموكراتەكان، ناچاربوون هەموو كارێك بكەن بۆ ئەوەی لەلایەن كۆمارییەكانەوە وەك كەسانی لاواز لە بواری ئاسایشدا ناوزەد نەكرێن.
لە ئێستادا ترەمپ هێرش دەكاتە سەر مەیلی كلینتۆن بۆ پەنابردنەبەر شەڕ. ئەو پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەستێوەردانەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مایەی كاولكاری بووە بۆ ناوچەكە و سەرچاوەی تیرۆریزم بووە بۆ ئەمەریكا.
ئەوەی شایستەی ئەوەیە بایەخی پێبدرێت بوونی ئەو گریمانەیەیە كە رووسیا و چین خۆشحاڵ دەبن بە چوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، نەك كلینتۆن.
هیلاری كلینتۆن ترەمپی بەوە تۆمەتباركرد كە دڵسۆزییەكی رەهای هەیە بۆ ئامانجەكانی سیاسەتی رووسیا. ترەمپیش ئەم تۆمەتانەی رەتكردەوە و جەختی لەسەر قەناعەتی خۆی كردەوە كە مامەڵەكردن لەگەڵ رووسیادا، لە نێویاندا ئەگەری هاوكاریكردن لەگەڵیدا لە دژی توندڕەو و تیرۆریستان، شایستەی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت.
چین كەیسێكی ئاڵۆزترە. رەنگە سەركردەكانی چین گرەوی ئەوە بكەن كە ترەمپ رۆژئاوا لاواز بكات بە ناوی بایەخدان بە ئەمەریكاوە. هەروەها گومانیان لە ترەمپە لەوەی بتوانێت هێرشی بەردەوام بكاتەسەر چین بە چەشنی ئەوەی كلینتۆن دەتوانێت، بەڵام لە هەمان كاتدا پەكین لەوە نیگەرانە ترەمپ نەخشەی جیوپۆلەتیكی ئاسیا هەڵگێڕێتەوە بە هاندانی یابان بۆ ئەوەی ببێتە هێزێكی ناوكی.
ئەمەش دەمانباتە سەر بابەتی ریشەییترین ئاڵوگۆڕ كە ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا بەدی بێنێت. بەپێچەوانەوە، كلینتۆن، سیاسەتێكی نەگۆڕی هەیە كە دەبێتەهۆی گەشەپێدان و سەركردایەتیكردنی هاوپەیمانێتییەكان لەلایەن ئەمەریكاوە.
گرنگ نییە سیاسەتەكانیان پەسەندە یان نا، بەڵام زۆربەی وڵاتانی جیهانی خوازیارن كلینتۆن سەركەوتن بەدەست بێنێت لە هەڵبژاردنەكاندا. لەبەر ئەوەی پێی ئاشنان و مامەڵەیان لەگەڵ زۆرێك لەو كەسانەدا كردووە كە ئەگەری ئەوە هەیە كلینتۆن لە پێگە باڵاكانی حكومەتەكەیدا دایانمەزرێنێت. كەسانێكی كەم هەن خوازیارن خۆیان لەگەڵ ئەو پشێویە ستراتیژیەدا بگونجێنن كە ترەمپ بەڵینی داوە بەرپای بكات، لەگەڵ ئەوەشدا كارێكی ژیرانەیە ئەگەر لایەنە پێوەندیدارەكانی ئەمەریكا ئامادەكاری بكەن بۆ هێنانەئارای گۆڕانكاری گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیاندا، بە چاوپۆشین لەوەی كێ لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتوو دەبێت.

Top