سیاسه‌ت فاڵگرتنه‌وه‌ نییه‌

سیاسه‌ت فاڵگرتنه‌وه‌ نییه‌
سیاسه‌ت كار و كاردانه‌وه‌ و ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتنی دژه‌كانه‌، پرۆژه‌ و واقع بینییه‌، هه‌ڵوێست و خوێندنه‌وه‌ی درووسته‌ بۆ رووداوه‌كان، به‌رپرسیارێتی و شاندانه‌ به‌ر ئه‌ركه‌ قورسه‌كانه‌، نه‌ك درووشم و درێژدادڕی و ره‌شبینی و نادیده‌گرتنی كار و چالاكیه‌ سه‌ركه‌وتووكانی ركابه‌ره‌كانت، جا ئه‌گه‌ر له‌و دیدگایه‌وه‌ بۆ هه‌ڵویست و كار و كرداری نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی بڕوانین، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن دووره‌ له‌ سیاسه‌ت و كاری سیاسی و زیاتر له‌ كاری ئه‌و فاڵگره‌وانه‌ ده‌چێ كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌ری ده‌ست و ئه‌مدیوه‌ودیو كردنی فنجانی قاوه‌ خه‌ڵكی ساویلكه‌ ده‌خه‌نه‌ ناو جوغزی سیحربازی خۆیان.
نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌تێكمان ناوێ بۆ هاووڵاتیانی ببێته‌ زیندان، ئاخر ئه‌وه‌ كاری فاڵگره‌وه‌كانه‌ و ئه‌مڕۆ ئه‌تۆ به‌رگی سیاسیت به‌به‌ردا كردووه‌ و خه‌ڵكی پێده‌گه‌وجێنی، ئه‌گه‌رنا ده‌وڵه‌تێك هێشتا دانه‌مه‌زرابێ چۆن ده‌زانی بۆ هاووڵاتیانی ده‌بێته‌ زیندان؟!
جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ڵسووڕاوانی هه‌وڵده‌ده‌ن چۆن ته‌مومژی نائومێدی بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئه‌و هه‌وڵه‌ی هه‌ڵسووڕێنراوان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌زانن هه‌موو داگیركاریه‌ك ده‌رهاویشته‌ی حه‌ز و خولیای دیكتاتۆری و زه‌وتكردنی دیموكراتی و پێشێل كردنی مافی ئازاد بیركردنه‌وه‌یه‌، كه‌چی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ڵده‌سووڕێن، روو له‌و راستییه‌ وه‌رده‌گێڕن و دیموكراتی و زۆر شتی تر كه‌ به‌بێ ئازاد بوونی نه‌ته‌وه‌یی مه‌حاڵه‌ بێنه‌دی ده‌خه‌نه‌ پێش سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، پێیانوایه‌ له‌ژێر سته‌م و سیاسه‌تی قڕكردنی دوژمناندا ده‌توانرێ سیسته‌می دیموكراتی بنیات بنرێ و بكرێته‌ كلیلی‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ به‌ رووی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا، به‌ڵام ناتوانرێ دوای ده‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ به‌ دیموكراتی بكرێ، ئاخر له‌ كوێی دونیادا بووه‌ گه‌لی ژێرده‌سته‌ توانیبێتی ئیراده‌ی دیموكراتی به‌سه‌ر گه‌لی سه‌رده‌سته‌ و باڵاده‌ستدا بسه‌پێنێ، ئاخر چۆن ده‌توانرێ له‌ناو دۆزه‌خی داگیركاریدا په‌نایه‌كی ئارام بۆ ئازادی بیركردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی دیموكراتی چێبكرێ؟!
به‌ راستی گه‌وجاندن گه‌یشتۆته‌ ئاستێك خودی گه‌وجێنه‌ر پێی سه‌یره‌ خه‌ڵكێك هه‌یه‌ ئاوا ئاسان ده‌گه‌وجێ، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ بۆ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك هه‌ڵگری په‌یامی سه‌ربه‌خۆیی بیانوویه‌ك بدۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌تا سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا و هه‌ڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌ناو كۆشكێك كه‌ به‌ درێژایی مێژوو پیلانخانه‌ی له‌ناوبردنی كورد بووه‌، به‌ سیحر و جادووی فاڵگرتنه‌وه‌ خۆڵ ده‌كه‌نه‌ چاوی خه‌ڵك و ده‌ڵێن: هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نییه‌ و كێ ده‌ڵێ پیلانێك له‌ پشت هه‌ڵكردنیه‌وه‌ نییه‌.
مه‌ترسی بوونی ده‌سته‌ و گرووپێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مستافا ناوی ناون هه‌ڵسووڕاو و گۆڕانخواز له‌وه‌دایه‌ بانگه‌شه‌ی پێشه‌نگی كوردایه‌تی ده‌كه‌ن و به‌ كوردایه‌تی و هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانیش ته‌نگاو ده‌بن، پێیانوایه‌ هه‌موو راستیه‌كان لای ئه‌وانن و به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی خۆیان راستی دوێنێیان ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیارگه‌لێكی بێ وه‌ڵام، بۆیه‌ له‌ وه‌ڵامی حه‌وت ساڵ سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاری و كاری گه‌وجاندن و فاڵگرتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌ڵسووڕاو و گۆڕانخوازانی بۆ رووداوه‌كان ده‌ڵێم: تێگه‌یاندنی كه‌سێكی به‌ ئه‌نقه‌ست خۆ لاده‌ر له‌ راستییه‌كان زۆر ئه‌سته‌م و گرانتره‌ له‌ تێگه‌یاندنی هه‌زاران كه‌سی تێنه‌گه‌یشتوو له‌ راستییه‌كان.
Top