دوا سه‌فه‌ری سه‌رۆك......

دوا سه‌فه‌ری سه‌رۆك......
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاوتوێ كردنی چه‌ند پرسێكی هه‌نوكه‌یی و گرنگ سه‌ردانی توركیا و چه‌ند وه‌لاتێكی تری ئه‌وروپی ده‌كات و له توركیا به‌جیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا (ئەردوگان) سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا (یلدرم) كۆده‌بێته‌وه‌، ئاژانسه‌ هه‌واڵیه‌كانی توركیا به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ سه‌ردانی (سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی) ده‌كه‌ن و ده‌نوسن:( ئه‌مه‌ دوا سه‌فه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌وله‌تی توركیا و دوا به‌دوای ئه‌مه‌ وه‌ك دوو سه‌رۆك ده‌وله‌ت دانیشتنه‌كانیان به‌رده‌وامی ده‌بێت)
گرنگی ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك له‌ چه‌ند رویه‌كه‌وه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت پێش ئازادكردنی موسل و كه‌ به‌ دیاریكردنی سنوری ده‌وله‌تی كوردستان ناوی ده‌هێنرێت و هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی بوژانه‌وه‌ی ئابوری توركیا و كوردستانه‌ له‌دوای پڕۆسه‌ی به‌ده‌وله‌ت بوون و رێكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانه‌ وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر داوای (بارزانی) دووباره‌ دەستپێشخەری دەکرێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك بارزانی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانی جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنقەرە، كه‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی دابه‌شكردنی عێراقه‌ .
له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردووشدا گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ سه‌رۆك بارزانی به‌ داوه‌تنامه‌یه‌كی فه‌رمی (كۆماری) داوه‌تی (كۆماری ئیسلامی ئێران) كراوه‌ و له‌گه‌ڵ گونجانی كات و له‌ ده‌رفه‌تێكدا سه‌ردانی ئه‌وێش ئه‌كات، چاودێران پێیان وایه‌ ئێران كه‌ تاكه‌ ده‌وله‌تی دراوسێ یه‌ به‌ سه‌ختی دژی راگه‌یاندنی ده‌وله‌تی كوردستان هه‌لوێستی ده‌ربریوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارزانی سه‌ردانی تاران ده‌كات تا له‌ نزیكه‌وه‌ باس له‌ سەربەخۆیی کوردستان بكات و پێیان بلێ (ده‌وله‌تی كوردستان مافی ره‌وای خه‌لكی كوردستانه‌ و ئێمه‌ ده‌وله‌تێكی گرنگی ناوچه‌كه‌ داده‌مه‌زرێنین و په‌یوه‌ندیه‌ ئابووری و ڕامیاریه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ده‌پارێزین)
له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا (بارزانی) چه‌ندین جار پرسی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ ده‌وله‌تانی گه‌وره‌ی جیهانی خستۆته‌ به‌ر باس و هه‌میشه‌ له‌ لێداوانه‌كانیدا ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌كاته‌وه‌ كه‌ شه‌ری ئه‌مجاره‌ و خوێن ڕاژانی ئه‌مجاره‌ سنوره‌كانی ده‌وله‌تی كوردستانی دیاری ئه‌كات. سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستانیشه‌ ماوه‌ی 3 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی شه‌ڕی نه‌گریسی تاریكپه‌رستانی (داعش) ‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئۆپراسیۆنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئه‌كات، هه‌روه‌ها له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ئازاد ئه‌كرێن گوتاری خۆی پێشكه‌ش ده‌كات و ته‌ئكید له‌سه‌ر مافی سه‌ربه‌خۆبوون و ده‌وله‌تی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و باس له‌ باشترین هه‌ل و (نزیكترین كات) ده‌كات بۆ ئه‌م ئامانجه‌ مه‌زنه‌.
Top