چوار ئامانجی سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا
August 23, 2016
وتار و بیروڕا
یەکەم: پرسی عێراق، لەسەرووی هەموویانەوە ئایندەی شاری مووسڵ، کە ئێستا بارزانی پێشنیاری ئەوەیە کە ئەو شارە بکرێتە چوار پارێزگا و یەکێک لە پارێزگاکان راستەوخۆ بێتەوە سەر هەرێمی کوردستان ئەویش شەنگالە، لەسەر ئازادکردنەوەی موسڵ بارزانی دەبێت گەرەنتی لە تورکیا و هاوپەیمانان وەربگرێت کە سنووری کوردستان نەبێتە گرفت بۆ هیچ لایەنێک، بەتایبەتی رێککەوتنی سوننەکان لەسەر بەرێوەبردن و ئیدارەدانی موسڵ دوای نەمانی داعش.
دووەم: چوونی بارزانی بۆ تورکیا.. هاوکاتە لەگەڵ چوونی"جۆ بایدن" جێگری سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە لێرەوە پەیامێکی ڕوون لەو سەردانە هەیە، بەوەی گۆڕانکاری لە ئیدارەی ئەمەریکا دەکرێت کە بڕیارە مانگی ١١\٢٠١٦ هەڵبژاردن لەو وڵاتە بکرێت، بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکات، پێش گۆڕانکاری لەئیدارەی ئەمەریکا دەبێت چارەنووسی گەلی کوردستان دیاری بکرێت، بەوەی گەرەنتی بدرێتە کورد لەهەمان کاتدا ئەمەریکا وەک سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناوچەکە ئێستا ڕۆڵی گرنگی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و خەریکە هاوکێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەگۆڕێت، بە جۆرێک بۆردومانکردنی فرۆکەی سوریا لە شەڕەکەی حەسەکە و پێکهێنانی چەند هێزێک لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشانەی ئەوەیە کە ئەمەریکا نایەوێت لە بۆشایی خۆیدا ڕووسیا شوێنی بگرێتەوە، بۆیە سەردانەکەی بارزانی سەرجەم ئەم گۆڕانکاریەی تێدا باس دەکرێت.
سێییەم: ماوەیەکی زۆر تورکیا دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زیندوو بکاتەوە، بەڵام زیندووکردنەوەکەی دەبێت ئامادەکاری بۆ بکرێت، ئێستاش هێزەکان لە باکووری کوردستان گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی پرۆسەی ئاشتی لەشەری کۆڵان بەکۆڵان باشترە، چونکە دەرکەوت لەشەڕی باکووری کوردستان.. کورد زەرەرمەندی یەکەم بوو، بۆیە بارزانی گرنگە وەک کەسێکی کاریگەر لەسەر دۆسیەی کورد پێشنیاری چالاککردنەوەی پرۆسەکە بدات، لەوەش دەچێت ئەم جارە بەتەنیا نوێنەرایەتی (هەدەپە) نەبینێت و چەند حزبێکی دەرەوەی ئاراستەی پەکەکە بێنە مەیدانەوە، چونکە مەترسی سیاسەتی (پەیەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان وادەکات، مەترسی بکرێت لەوەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانیش هاوشێوەی تورکیا لێ بێت، چونکە پەیەدە باڵی سەربازی پەکەکەیە.
چوارەم: ئێران و تورکیا و ڕووسیا جۆرێک رێککەوتنیان هەیە کە دۆخی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەدەرەوەی چوار چێوەی ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیە چارەسەر بکرێت، دەشتوانن ئەوە چارەسەر بکەن، چونکە سوریا و تورکیا و ئێران ماندووبون لەو شەڕی لەناوچەکە هەیە، بۆیە کوردیش وەک هێزێکی کاریگەری لەناوچەکە مامەڵە دەکات ناکرێت گۆڕنکاری لەناوچەکە بەبێ کورد هەنگاو بنێت، لێرەوە ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان و پاراستنی باکووری عێراق لەلایەن سوننەکانەوە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و راوەستانی شەڕ لەدژی ئەسەد لە سوریا لە چوار چێوەی ئەو گۆڕاناریەن.