ترەمپ بەرامبەر رۆڵی ناتۆ و گرنگی بۆ ئەمریكا بەهەڵەداچووە
August 23, 2016
وتار و بیروڕا
لە لوتكەی وارشۆدا، كە مانگی رابردود بەڕێوەچوو، سەركردەكانی رێكخراوی پەیماننامەی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایانگەیاند كە چوار بەتالیۆنی –فرەڕەگەزی- دیكە لە پۆڵەندا و لاتڤیا و لیتوانیا و ئیستۆنیا جێگیر دەكەن. ئەم بڕیارە پەیامێكی دڵنیاكردنەوەی گرنگی دا بە جیهان لە سەروەختێكدا كە هەندێ كەسی وەك دۆناڵد ترەمپ، گوزارشت لە گومانی خۆیان دەكەن لە بارەی متمانەكردن بەم هاوپەیمانێتییە و لەبارەی درێژەكێشانی ئەم هاوپەیمانێتییەوە.
لە رۆژگاری ئێستادا، ناتۆ رۆڵی سەركردایەتی دەگێڕێت لە ئیدارەدانی قەیرانە جیهانییەكان و چەندین ئۆپەراسیۆنی راستەوخۆی سەربازی ئەنجام دەدات بۆ پشتیوانیكردنی لەم ئەركە. هەروەها ناتۆ لە توانایدایە كە كاربكات بۆ رێگریكردن لە روودانی ناكۆكی وەك پشتیوانییەك بۆ هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یاخود لەسەر داوای دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەكان. بەرەوپێشچوونی ناتۆ لە دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت گەیشتۆتە ئەوەی ببێتە هاوپەیمانێتییەكی سەربازیی بێئەندازە تۆكمە كە لەسەر ئاستی جیهان بوونی هەبێت. بەو پێیە، لایەنە ئیجابییەكانی بوونی ناتۆ تەنیا لە كاریگەرییە سەربازییە راستەوخۆكەیدا كورت نابێتەوە، بەڵكو چەندین سوودی تاكتكیشی هەیە، وەك هاوپەیمانێكی سەربازی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە و بەپیرەوەچوونی قەیرانەكان. هەروەها مانۆڕەكانی مەشقی هاوبەش و بەرپەرچدانەوە. ئەركێكی دیكەی بریتیە لە راوێژكاری و گۆڕینەوەی زانیاری و پلانە سەربازییەكان و هاوبەشیپێكردن لە سەرچاوە و ژێرخانە سەربازییەكاندا. لە ماوەی شەڕی سارددا، ناتۆ رۆڵی راستەوخۆی نەبوو لە ئۆپەراسیۆنەكانی شەڕدا، بەڵام هاوكاری كرد لە دەستەبەركردنی پشتیوانی لۆجیستی بۆ هێزی دەوڵەتە ئەندامەكانی، لە نێویاندا كارئاسانی بۆ گواستنەوە، مافی نیشتنەوە، بەكارهێنانی بەندەرەكان و هاوكاری پزیشكی. بە هەمان شێوە، ئەگەرچی لە ئێستادا ناتۆ بەشدار نییە لەو هاوپەیمانێتییەی بۆ شەڕ داعش پێكهاتووە، بەڵام دەوڵەتە ئەندامەكانی هاوكارن بە دەستەبەركردنی سەرچاوە و بە ئاسانكاریكردن بۆ ئەنجامدانی شەڕەكە. بەپێی داتای هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا، دوای كرانەوەی بنكەی ئەنجەرلیك لە ساڵی 2015دا بە رووی ئەو چالاكییانەدا، رێژەی بۆردومانەكان لە سەدا 30 زیادی كردووە.
كەواتە بەڵگەی زۆر و زەوەند لەبارەی گرنگیی ستراتیژی ناتۆوە بۆ ئەمەریكا ئەو راستییە دەردەخات كە لێدوانەكانی ترەمپ لەبارەی ناتۆوە لێدوانی چەواشەكارانەن. لەوەش زیاتر، هەڕەشەی كشانەوە نابێتە هۆی زیادكردنی سەنگ و قورسایی ئەمەریكا لە گفتوكۆكانی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا. لە بری ئەوە، تەنیا دەبێتە هۆی لاوازكردنی سەركردایەتی ئەمەریكا و جەسارەتپێدانی رووسیا.