سەرۆك بارزانی بەهێزیی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستانە
August 23, 2016
وتار و بیروڕا
بۆیە ئەمڕۆ كەسایەتییەكی نێودەوڵەتییەو دەبێ كورد سوود لەكەسایەتیی سەرۆك بارزانی وەربگرێ. چونكە ئەو رۆڵەی ئێستا سەرۆك بارزانی وەك كەسایەتییەكی كارێزما دەیگێڕێ، جێگای رێزی هەموو كوردێكی دڵسۆز و بەویژان و نیشتیمانپەروەرە، بۆیە بۆ كورد و دۆزەكەی پێویستییە. ئەمڕۆ دنیا بە چاوێكی تایبەت و رێزەوە سەیری بارزانی كردووەو دەیكات. گرنگی سەردانەكان و بانگهێشتكردنی بارزانی بۆ ئەمەریكا و ئەورووپا رۆژ لە دوای رۆژ ئۆمێد و هیوای تازە بە نەوەی نوێ دەبەخشێت، ئەمەشیان خەون بوو بۆ هەموو تاكێكی كورد كە ئەمەی ئەمڕۆ بەرهەمیەتی كە چۆن لە ئاستێكی بەرز و پایەبەرزی پێشوازی لە جەنابی سەرۆك و سیاسەتی حەكیمانەی دەكرێت.
لە هەمانكاتیشدا بە هەموو پێوەر و لێكدانەوەیەك ئەم ئاستە بەرزەی دیپلۆماسیەتی كورد كە سەرۆك بارزانی رابەرایەتی دەكات، جگە لە دەرخستنی توانا و لێهاتوویی سەرۆكمان، نیشاندەری رێزگرتنە لە خەباتی نەتەوەیی و دیموكراسیشمان. سیاسەتی دیپلۆماسیەتی بەهێزی سەرۆك رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەسەندندایە و سەرۆكی كوردستان بۆ داكۆكیكردن و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان لای نەداوە و دیپلۆماسیەت و كاریگەری بەهێزی جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان بە پشتیوانی خوا و ئیرادەی گەل بە هیچ هێزە و لایەنێك لەكەدار نابێت.
رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو ئاسۆیەكی پرشنگدار هەنگاو دەنێت سەرۆك بارزانی چ لە سەر ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی ناوچەكە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە كەسایەتیەكی سیاسیی ژیرو جێی متمانە هەژمار دەكرێت و ئەمانەش هەمووی بۆ مێژوو و ئەزموونی خەباتكاری ئەو سەرچاوەی گرتووە و لە راست و دروستی رابەرایەتی و حەكیمانەی شۆڕشی كورد رەنگی داوەتەوە، كاریگەریشی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە و گشت ئەو پێشكەوتنانەی كە لە دۆزی كورد لەم قۆناغەدا درووست بوونە، دەمانگەیەنێتە ئەو راستییەی كە سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی وەرچەرخێنەرە، چونكە بە ستراتیژییەتی سەركەوتووانە توانی پەیوەندیی بەهێز دروست بكات و مێژووی گەلی كورد بگۆڕێت و دەربازی بكات لەوەی كە تەنیا چیاكان دۆستی بن.
ئەوەتا كاتێك مەترسیی هێرشی تیرۆریستان دەكەوێتە سەر كوردستان، هاوپەیمانەتییەكی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە دێتە كایەوە، لە لایەكی دیكەشەوە بە درێژایی ئەم جەنگەی تیرۆریستان سەرۆك راستەوخۆ لە بەرەكانی جەنگەوە سەرپەرشتیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی دەكرد، بۆیە سەرۆك بارزانی ئەو سەركردەیەیە كە لەم قۆناخە سەختەدا فریای گەلی كورد كەوت و لە مەترسیی تیرۆریستان رزگاری كرد. ڕۆڵی گرنگ و سیاسەتە سەركەوتووانەكەی سەرۆك بارزانی بووە هۆی بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان. سەرۆك بارزانی لە ماوەی چەندین ساڵەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ناوچەكە و جیهان دروست بكات، هەربۆیەش دەبینین هەندێك لەو وڵاتانە بڕیاری بەپەلەیان دا بۆ مەبەستی بۆردومانكردنی مۆڵگە و تیرۆریستەكانی داعش لە نزیك سنوورەكانی هەرێمی كوردستان.
پاشانیش، ماوەی چەندین ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار لە سەر بەهێزكردنی دام و دەزگاكانی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات، هەربۆیەش دەبینین هێزی پێشمەرگە لە تەواوی بەرەكانەوە و بە درێژایی سنوورێكی دوورودرێژ ڕووبەڕووی تیرۆریستان بۆتەوە و تێكی شكاندوون. ئەمەش بەرهەمێكی سیاسیەتی سەركەوتنی دیپلۆماسی سەرۆك بارزانی بوو كە رێگری لە دەستچوونی دەستكەوتەكانی كورد گرت.
ئەمەش دەستكەوتێكی هەرە گرینگ و ستراتیژی بوو بۆ دۆزی كورد لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە، ئەم رووداوەش بوو بە هۆی ورووژاندن و هەستانەوەی هەستی ناسیۆنالیستی لای تاكی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا، بە تایبەتی كاتێك هێزی پێشمەرگەی باشوور سنووری بڕی و گەیشتە كۆبانی. لە روانگەی هەڵسەنگاندن و تێروانینێكی زانستیانەو لە گۆشەنیگای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پرۆتۆكۆلی دیپلۆماسی، بانگهێشت و سەردانەی فەرمییەكانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ناوچەكە و ئەورووپا و پێشوازییان لە ئاستی سەرۆكی وڵات ئەم راستییە بەدیدەكرێت كە پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپییەوە لە ئاستی وڵاتانی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتی بەهێزەوە سەیر دەكرێت و حیسابی بۆ دەكرێت. ئەمە لە كاتێك دایە كە پێناسەی وڵاتی سەربەخۆ لەم سەردەمەدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو زۆر وڵاتی سەربەخۆ هەن كە لە راستیدا تا رادەیەك لە ژێر كاریگەریی وڵاتانی ترو فاكتەرە دەرەكییەكانن كە لە پێناسەی سیاسیی سەربەخۆییەكی ئەوتۆیان نەماوە، لەوانە دەتوانین ئاماژە بە هێندێك وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین كە بڕیارە چارەنووسسازەكانیان لە پایتەختی وڵاتانی ترەوە دەردەچن. ئەمە لە كاتێكدایە كە لەگەڵ ئەوەی هێشتا هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نییە بەڵام لە رووی بڕیاری سیاسی و ئابووری و هاوسەنگی هێزەوەو لە رووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە وەك وڵاتێكی سەربەخۆ كاریگەری بەهێزیان نە تەنیا لە ناوەوەی وڵات بگرە لە ناوچەی دەوروبەریان بەرچاوەو فاكتەری دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و گۆڕانكارین.