ئه‌گه‌ر هاوكاریش نین كێشه‌ درووست مه‌كه‌ن

ئه‌گه‌ر هاوكاریش نین كێشه‌ درووست مه‌كه‌ن
سیاسه‌ت به‌ فسكه‌فسك و له‌ژێر په‌چه‌ و چارشێو ناكرێ، سیاسه‌ت له‌ هه‌ر قۆناغێكدا هه‌ڵگیری خواستێكی دیاریكراوه‌ و بۆ كوردیش له‌ ئێستادا هه‌ڵگری خواستی سه‌ربه‌خۆیی و رزگار بوونه‌ له‌ ژێرده‌سته‌یی، شه‌رم كردنیش له‌ گه‌یاندنی ئه‌و خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ هه‌م دووڕوویی سیاسی و هه‌م ترسنۆكییه‌، كاتێك دوژمنان به‌ راشكاوی و بێ په‌رده‌ پێمان ده‌ڵێن: ئێوه‌ شایانی ژێرده‌سته‌یی ئێمه‌ن و ده‌بێ تا ئه‌و شوێنه‌ داوای ماف و ئازادی و بوون و ژیان بكه‌ن، كه‌ باڵاده‌ستیمان بپارێزن و نیگه‌رانمان نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رای نه‌گۆڕی سه‌دان ساڵه‌ی دوژمنان بێ! بۆ ده‌بێ ئێمه‌ شه‌رم له‌ گه‌یاندنی خواستی خۆمان بكه‌ین و به‌ راشكاوی پێیان نه‌ڵێین: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ی داگیركار ژێرده‌سته‌یی ئێمه‌ به‌ ئه‌ركی شۆڤێنیزمی خۆتان ده‌زانن، ئه‌وا ئێمه‌ش سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیخوازی به‌ مافی ره‌وای خۆمان ده‌زانین، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ كوشتوكوشتار و كاولكاری به‌ هۆكاری بێده‌نگ كردنی ئێمه‌ ده‌زانن، ئه‌وا ئێمه‌ش به‌ پێشمه‌رگایه‌تی و گیانبه‌خشینی به‌رده‌وام ده‌نگی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵده‌بڕین، سه‌رۆك بارزانیش ئه‌و ده‌نگه‌یه‌ و دوێنێ له‌ سه‌رنگه‌ری به‌رگریه‌وه‌ په‌یامی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌گه‌یاند، سبه‌ی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و دووسبه‌ی له‌ تاران هه‌مان په‌یام ده‌گه‌یه‌نێ.
ئه‌مڕۆ كورد له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ كۆده‌نگی و هاوخاتی و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوهه‌ڵوێستی هه‌یه‌، زوڵم و سته‌می رابردووی دوژمنان و رووداوه‌كانی ئێستا و گۆڕانكاریه‌كانی داهاتووش بیانوو بڕن بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین و به‌یه‌كه‌وه‌ زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی ره‌تبكه‌ینه‌وه‌ و به‌یه‌كیشه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌یه‌نین، بۆیه‌ هه‌ر حزب و لایه‌نێك ئه‌و راستییه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرێ سیاسه‌تی ژێر په‌چه‌ و چارشێو ده‌كات، سیاسه‌تی ژێر په‌چه‌ و چارشێویش له‌ ده‌رفه‌تێكی ره‌خساوی وه‌ك ئێستادا به‌ هه‌ر پاساوێك بكرێ، چوونه‌ پاڵ سه‌نگه‌ری دوژمانه‌ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی خواستی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌موو جه‌سته‌ی سووژنئاژنی ژێرده‌سته‌یی و نه‌بوونی ئازادی نه‌ته‌وه‌ییه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی بیانووی نه‌بوونی زه‌مینه‌سازی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی دێننه‌وه‌ ده‌ڵێم: بارزانی نه‌مر فه‌رموویه‌تی: ئه‌گه‌ر خه‌بات و تێكۆشان گرانه‌، به‌ڵام خیانه‌ت نه‌كردن ئاسانه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی هاوكاری سه‌رۆك بارزانی ناكه‌ن، با لێگه‌ڕێن و لانی كه‌م به‌ كێشه‌ درووست نه‌كردن هاوكاری بن.
Top