ئەمەریکا چی لەبارزانی دەوێت؟

ئەمەریکا چی لەبارزانی دەوێت؟
ماوەیەک پێش ئێستا "مەسعود بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە (مەترسی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و دەبێت هێزەکان بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن)، ئێستا زیاد لە جاران ئەو مەترسییە دەردەکەوێت، چونکە هێرشەکانی سەر شاری حەسەکە لەلایەن سوپای سوریاوە، زۆر چڕوپڕن و مەترسی قورسبوونی شەڕەکە دەکرێت، پێشووتر حزبی(پەیەدە) لەرێگای بەشار ئەسەدەوە هاوکاری دەکرا، بەڵام ئێستا ئەمەریکا بۆ راوەستانی نفوزی ڕووسیا لە سوریا، هێزەکانی پەیەدەی فراوانکردو کردیە (هێزی سوریای دیموکرات) کە پێکهاتەکانی دیکەی خەستە ناو هێزەکەوە، بەمەش ئەمەریکا فێڵێکی گەورەی لە پەیەدە و ئێران کرد یەکەم: هێزی پەیەدەی لەچنگ ئێران و سوریا دەرهێنا و خستیەخزمەتی ستراتیژیەتی خۆیەوە، بەو هۆیەشەوە توانی لەرێگای ئەو هێزەوە تەواوی مونبج کۆنترۆڵ بکاتەوە و شەڕی دیکەش داعشی پێدەکات، دووەم: کاتێک ئێران و سوریا و تورکیا و ڕووسیا بۆیان دەرکەوت ئەم هێزە لە خزمەت ئەوان نییە، بەناچاری پەنایان بردە بەر لەناوبردنی وەک ئەوەی ئێستا لە حەسەکە هەیە، بەم هۆیەشەوە هێزی کورد لە سوریا (هێزەکانی سوریایی دیموکرات یەپەگە یەپەژە)، کەوتونەتە مەترسی گەورەوە.
پیشووتر بارزانی ئاگاداری پەیەدەی کردەوە کە (گۆڕانکاریەکان بەشێوەیەک تێدەپەڕن کە دواجار ئەگەر بە عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت مەترسی دروست دەکات)، ئێستا ئەوە مەترسیەکەیە ئەگەر هاتوو ڕووسیا و ئێران و تورکیا و سوریا رێککەوتنێکیان ئەنجامدا و دژی کانتۆنەکانی پەیەدە وەستانەوە و کاریان کرد بۆ لەناوبردنی پەیەگە ئەو کاتەچی ڕوودەدات؟. چونکە واقعە کە ئێستا ئەمەریکا پشتگیریان دەکات، ڕووسیاش ئەمە بەمەترسی دادەنێت، بۆیە لەرێگای رێککەوتن لەگەڵ ئێران و تورکیا دژایەتی ئەو هێزە دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە سەرەتای دەرکەوتی یاریەکی ترسناکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە دواجار بەمەرگی گەنجانی کورد کۆتای پێدێت، زووتر بارزانی ئاگاداری پەیەدەی کردەوە کە دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان بگەرێنەوە خزمەت بکەن، بەڵام ئەم قسەیە بە مەرامی تورکیا لێکدرایەوە، کەچی ئێستا ئەمەریکا گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت (پێشمەرگەی ڕۆژ) بگەرێنەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام ئاستەمە بارزانی بەمە قایل بێت، چونکە پێشمەرگە ناگەرێتەوە ڕۆژئاوا کە ببێتە قوربانی تەسفیە حساباتی وڵاتە زلهێزەکان.
دڵنیام کە گەرێکی دیکەی گفتووگۆ لەنێوان بارزانی و ئەمەریکا بۆ ئیدارەدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، ئەم جارە پەیەدە و پەکەکەش ئەوە قبوڵ دەکەن، چونکە باش لەوە دڵنیابوون کە یاریەکی نێودەوڵەتی لەسەر ناوچەکە هەیە، بۆیە جەمیل بایک، هاوسەرۆکی (کەجەکە) ئاماژەی بەوەداوە کە ئامادەن لەگەڵ بارزانی گفتووگۆ بکەن، قسەکانی بایک، لە کاتێکدا کە پەکەکە لەو پەڕی لێواری هێرشی کردنە بۆ سەر پارتی، بەڵام قسە گرنگەکە ئەوەیە، تورکیا لەچەند رۆژی رابردوو گوتی (بەڵێنمان لە ئەمەریکا وەرگرتووە کە هێزەکانی سوریایی دیموکرات منبج چۆڵ بکەن) ئەمەش تەواو دەرخەی ئەو راستییەکە کە تورکیا نایەوێت خاکی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە بەکاربهێنرێت، ئەو کاتە ئەمەریکاش دەکەوێتە بەردەم واقعێکەوە کە هاوکار بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەچ رێگایەکەوە دەبێت؟؟ کە ئەمە پرسیارێکی قوسە دەبێت چاوەڕوانی وەڵام بکەین.
Top