بزاڤی ئیقلیمی و بزەی عەرەبی

بزاڤی ئیقلیمی و بزەی عەرەبی
ماوەیەكە بزاڤێكی ئیقلیمی هەیە، لەو جووڵەدا، هێزە ئیقلیمییەكان هەریەكەو داوای خۆی لە بازاڕی سەوداكردنی نێوانیان بەرزكردۆتەوە، توركیا پێویستی بە گوشارخستنە سەر پەكەكە و پاشەكشەی دۆزی كوردە لە رۆژئاوا، بۆیە لە پێناوی ئەو داوایەدا واز لە رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد دێنێ، سوریا خوا خوایەتی هێزێكی ئیقلیمی وەك توركیا لە دوژمنەوە ببێتە پشتیوان، ئێران خۆشحاڵە چونكە توركیا واز لە پرۆژەی دژایەتیكردنی ئەسەد دێنێ، بەمەش هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانی لە سوریا كەمتر دەبێتەوە، عێراقیش لە هەرسێ هێزەكەی دی خۆشحاڵترە، چونكە پێی وایە جارێكی دی دەوڵەتانی ناوچەكە توانای خۆیان بۆ كۆسپ خستنە بەردەم پێشكەوتنی كورد و سەرەنجام تێكدانی پرۆژەی كورد دەخەنەوەگەڕ.

لەو سەودا ئیقلیمییەدا ناوی عێڕاق نایێ، ئەمەش لەبەرئەوەیە بەغدا كۆنتڕۆڵكراوە و لە بەرژەوەندیی ئەو بزاڤە ئیقلیمییەدا دەجوڵێندرێ، لە سەوداكانیشدا بەشدارنەبێ هەر بەشدارە. وێڕای چەندان خاڵی ناكۆكی نێوانیان، لێ خاڵی هاوبەشی ئەو جووڵە ئیقلیمییە پرسی كوردە، چونكە هەرچوار دەوڵەت، پەڕوباڵ خستنی كورد لە بەرژەوەندیی خۆیان دەزانن، بۆیە ئامادەن لە پێناوی پاشەكشەپێكردنی كورد، هەموو ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن، كەواتە زەرەرمەندی یەكەمی ئەو جووڵە ئیقلیمییە كوردە.

ئەوەی لەو بزاڤە ئیقلیمی و سەوداكارییەدا زیاتر بزەی دێتێ عەرەبە، چونكە پێی وایە پشتیوانی نێودەوڵەتی لە كورد دەكرێ، بەتایبەتیش بەهۆی پێشمەرگە كە رۆڵێكی كاریگەری لە شەڕی دژی داعش هەیە، بە شێوەیەكی گشتی عەرەب (بە سوننە و شیعەوە) بە پێشڕەویی پێشمەرگە خۆشحاڵ نین، بۆیە ئەو بزاڤە ئیقلیمییە بە دەرفەتێك بۆ لێدانی كورد دەزانن، راستە حكوومەتی سوریا و عێڕاق بەدەست عەرەبی شیعەوەن، بەڵام عەرەبی سوننەش كە خۆیان بە كاكڵەی نەتەوەیی عەرەب دەزانن بزەیان دێتێ، چونكە زۆرترین ژمارەی عەرەبی داگیركەری خاكی كوردستان پێكدێنن.

رۆژانی 18 و 19 ی ئابی 2016 رژێمی سوریا بۆردومانی حەسەكەی رۆژئاوای كوردستانی كرد، شەڕ لە نێوان هێزەكانی سوریا و یەپەگە روویدا، لەوانەیە پرسیارێك لێرەدا بكرێ، ئەدی سوریا و پەیەدە پەیوەندییان نەبوو بۆ وای لێهات؟ لە راستیدا دەكرێ ئەو شەڕەی حەسەكە، بە یەكەم دەرهاویشتەی سەوداكاریی بزاڤە ئیقلیمییەكە دابنێین، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێڕاقیش هەڕەشە لە پێشمەرگە دەكات كە لە شوێنی خۆی نەجوڵێت و نەچێتە ناو موسڵ، عەبادی پێگەیەكی بەهێزی نییە، بەڵام وێڕای نەبوونی كولتووری شەراكەت لە بەغدا، دوو هۆكار زەمینەیان بۆ ئەو زمانە توندەی عەبادی خۆشكردووە، یەكیان ئەو جووڵە ئیقلیمییەیە، ئەوی دیكەش پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردستان، ئەوەی دووەمیان رێگەی بۆ جووڵەی ئیقلیمیش خۆشكردووە، كەچی ململانێی حزبەكانی ئێمە هێشتا لەسەر پۆست و پشكی هەر یەكێكیانە، ئاخر عەرەب چۆن بزەی نەیەت و شۆڤێنیزمی عەرەبی چۆن خۆی ئامادە نەكات؟!
Top