ترامپ ئەو توانا و ئیرادەی نییە رێز لە میراتی پارتی كۆمارییەكان بگرێت

ترامپ ئەو توانا و ئیرادەی نییە  رێز لە میراتی پارتی كۆمارییەكان بگرێت

هەفتەی رابردوو سیناتۆری كۆمارییەكان سۆزان كۆلینیس لە وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی واشنتۆن بڵاوی كردووەتەوە، رەخنەی توندی لە رۆنالد ترامپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا گرت، ئەمەش بەشێكی قسەكانیەتی.

من دەنگ بە دۆناڵد ترامپ نادەم بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك. ئەمە بڕیارێكی ئاسان نییە بۆ من كە بە درێژایی ژیانم لەگەڵ كۆمارییەكاندا بووم. دۆناڵد ترامپ نە بەها مێژوییەكانی پارتی كۆماری تێدا بەرجەستە دەبێت و نە شێوازێكی حوكمڕانی سەرتاپاگیریش كە ئەمەی دواییان گرنگییەكی یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ ساڕێژكردنی ئەو دابەشبوونەی لە وڵاتەكەماندا بوونی هەیە.. ئەمەش ئەو راستیە دەردەخات كە بەڕێز ترامپ شایستەی ئەوە نییە ببێتە سەرۆكمان.
ئەو دەرئەنجامەی پێی گەیشتووم لەبارەی شایستەنەبوونی ترامپ بۆ سەرۆكایەتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەو كەسێكە ناتوانێت بە رێزەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ كەسانی دیكەدا بكات. لە بری ئەوە گاڵتە بە كەسانی لاواز دەكات و پەرە بە بیروباوەڕە دەمارگیرەكان دەدات لە رێی هێرشكردنەسەر كەمینە ئیتنی و ئایینییەكان. سێ رووداو بوونە هۆی ئەوەی بگەمە ئەو دەرئەنجامەی كە ترامپ، خەسڵەتەكانی سەرۆكایەتی تێدا نییە.
یەكەمیان: گاڵتەكردنی بە رۆژنامەنووسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمەش مایەی تاسان و شۆك بوو كە وەك پێویست تیشكی نەخرایەسەر. من بەردەوام چاوەڕوانی ئەوەم دەكرد ترامپ پۆزش بهێنێتەوە، ئەگەرچی بە شێوەیەكی ئاشكراش نەبێت، بەڵام ئەو ئەم كارەی نەكرد، لە بری ئەوە نكۆڵی كرد لەوەی كارێكی لەو جۆرەی ئەنجامدابێت.
دووەمیان: پێداگیری بەردەوامی ترامپ لە دادوەر گۆنزێلا كیورێڵ لە بەر ئەوەی بە رەگەز مەكسیكییە، ئەمەش رەنگدانەوەی نەبوونی رێزە نەك تەنیا لە ئاست دادوەرەكەدا، بەڵكو لە ئاست بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان – كە بناغەی شێوە حكومەتەكەی ئێمەیە-و لە دەستووردا چەسپێندراوە. جارێكی دیكە بە بێهوودە چاوەڕێی ئەوەم كرد كە ترامپ لێدوانەكانی خۆی بكێشێتەوە.
سێیەمیان: بریتی بوو لە رەخنەكانی ترامپ لە دایك و باوكی هیومان خان كە كاپتنی سوپای ئەمریكا بوو، لە عێراقدا كوژرا. ئەوەی ناچێتە عەقڵەوە ئەوەیە كە كەسێك، چ جای ئەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی بێت، هێرش بكاتە سەر باوانی سەربازێكی كوژراو. واتە لە بری ئەوەی رێز لە قوربانییەكانیان بگرێت و ددان بە ئێش و ئازارەكانیاندا بنێت، بە سووكی سەرنجی دایە ئایینی خانەوادەی پاڵەوانێكی ئەمەریكی. جارێكی دیكە سەلماندی كە ناتوانێت پۆزش بهێنێتەوە و رایبگەیەنێت كە هەڵە بووە.
لە هەمان كاتدا، من درك بەوە دەكەم كە سەركەوتنی ترامپ ئاماژەیە بە ناڕەزایەتییەكی قووڵ لەم وڵاتەدا، بەتایبەتی لە نێو ئەو كەسانەدا كە هەست دەكەن پەراوێز خراون، بە هۆی ئابوورییەكی ناهاوسەنگ و ئەو كەسانەی دەپرسن ئایا منداڵەكانیان ژیانێكی باشتر بەسەر دەبەن لە ژیانی باوانەكانیان.
هەندێ كەس دەڵێن من وەك كەسێكی كۆماری ئەركی ئەوەم لەسەرشانە كە پشتیوانی كاندیدی پارتەكەم بكەم. من زۆر بە وردی و بە دوور و درێژی بیرم لەمە كردۆتەوە، كۆماری بوون بەشێكە لە كەسایەتیی من. من رێز لە مێژووی پارتەكەم دەگرم، بەتایبەتی كاتێك بەها بۆ شایستەیی و كەرامەتی تاكەكەسەكان دادەنێت، من لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا كار دەكەم بۆ پاڵێوراوەكانی پارتی كۆماری، بەڵام بێتوانایی و بێئیرادەیی ترامپ بۆ رێزگرتن لە میراتی ئەم پارتە وام لێدەكات، نەتوانم پشتیوانی لە كاندیدبوونەكەی بكەم.

Top