"پەیەدە وپەكەكە"، هەمان فیكروئەجیندای داگیركەرانی كوردستان ئەنجام دەدەن

ەگەڵ هاتنە ئارای گۆرانكارییەكانی ناوچەكە بە تایبەت لە سووریا و عێراق ، هەڵێكی زێرین بۆ كوردانی رۆژئاڤا هاتە ئارٍاوە ، تا تێیدا سوود وەربگرێت و مافەرٍەواكانی بە دەست بهێنێت ، بەڵام ئەو دەرفەتە سەرٍەرای چەندین هەوڵ و كۆبوونەوەی سەرۆكی كوردستان لەگەڵ لایەنە كوردەكانی رۆژئاڤا ، ئەنجامی نەبوو، هۆكارەكەشی روون و ئاشكرا بوو، چونكە " پەیەدە" كە باڵێكی پەكەكە، لە بنەوە پەیوەندی لەگەڵ رژێمەكەی ئەسەد كردبوو، بە واتایەكی تر پەیەدە، ئەركی پاراستنی ناوچە كوردییەكانی رۆژئاڤایی بۆ رژێمی بەعسی سوریا جێبەجێی دەكرد ، تا ئەو كاتەی بەڵكو رەوشی ناوچەكە و سووریا ئاسایی ببێتەوە و ناوچەكە رٍادەستی ئەسەد بكاتەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لایەنێك كە بۆنی كوردایەتی و دیموكراتی لێبهاتایە ،ئەوا تا بە ئەمرۆ تووشی گرتن و كوشتن و ئەشكەنجە و سووتانی ئاڵایی كوردستان و دەركردن و راگواستن دەبوونەوە و تا ئێستاش ئەو كارە ناكوردانەیە بەردەوام بوون ، بە روونی دیارە كە " پەیەدە "، سیاسەتی دیكتاتۆرانەی رژێمی ئەسەد لە رۆژئاڤای كوردستان پیادە دەكات ..

روون و ئاشكرایە ئەمرۆ رووبەرێكی هەرە زۆری خاكی پیرۆزی كوردستان لە چەنگی داگیركەران و دوژمنانی كورد وكوردستان پاك كراوەتەوە، بەڵام وادیارە هەندێك لایەنی وەك" پەكەكە و پەیەدە "،بە هەمان عەقڵییەتی ناحەزانی كورد دەجوڵێنەوە و مەرٍامەكانی ئەوان جبَبەجێی دەكەن و روون وئاشكرایە و كردەوەكانیان دەریخستووە كە ئەوانیش هەڵگری هەمان پەیامی دوژمنانی كورد و كوردستانن و دەیانەوێت لەسەر هەندێك لایەنی دیكە فەرز بكەن. چونكە ئێستا نەك تەنیا لە رۆژئاڤا بەڵكو لە باشووری كوردستانیش نەك تەنیا پەكەكە و پەیەدە بەڵكو زۆر لایەنی دیكە هەن كە دژایەتیی سەربەخۆی كوردستان دەكەن.

ئەو كردانەی كە لە ماوەی رابردوو تا بەئێستا لە "پەكەكەو پەیەدە" بینرا بێت جگە لەوەی خزمەتی بە ناحەزانی كورد كردبێت هیچ سوود ە خزمەتێكی لە بەرژوەندی رۆژئاڤا و باكووری كوردستان نەبووە و نابێت . " پەكەكە وپەیەدە " و پاشكۆكانی بە هەموو ناوەكانیانەوە و بەتایبەتی لە رۆژئاوای كوردستان لەم قۆناغەدا لایەنی سەرەكییە لە رەوتی سەركێشی بزووتنەوەی كوردی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكردووە، كە بە یەكجاری بۆتە داردەستی فەیلەقی قودس و بەرپرسەكەی قاسم سلێمانی و بە ناوی پەیەدەوە لەوەتەی چوار ساڵە خزمەت بە رژێمی ئەسەد دەكات، لەوانە دابەشكردن و پەرتكردنی پێكهاتەی كوردی و دوورخستنەوەی كورد لە شۆڕشە نیشتمانییەكەی، هاوكات بە زەبری چەك دەستی گرتووە بەسەر زۆربەی ناوچە كوردییەكاندا لە رێی رادەستكردن و وەرگرتنەوە و كۆچپێكردنی كورد لە ناوچەكانیان و پیادەكردنی پاكتاوی حزبی و رەتكردنەوەی بەرامبەر تا رادەی لەناوبردن، شاردراوەش نییە كە ئەم حزبە دەستی كردووە بە دەستێوەردان لە كاروباری هەرێمی كوردستان بە مەرامی لە ناوبردنی دەستكەوتەكان و نانەوەی دووبەرەكی و هاوكاریكردن لەگەڵ دوژمنانی گەلی كوردستان..

ئەوەی پەیەدە لەو بەشەی كوردستان دەكات بە گرتن و دوورخستنەوەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنەكەسە لەگەڵ ڕەوشی رۆژئاوا ناگونجێت و پاشەڕۆژی رۆژئاوا دەخاتە مەترسی، ئێستا باسی ڕێككەوتنی ئێران و توركیا و رووسیا دەكرێت، ئەو ڕێككەوتنە دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردە لەو بەشەی كوردستان، سوتاندنی بارەگای لایەنەكانی رۆژئاوا و دەستگیر كردنی كادیر و سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكانی دەرەوەی ئایدۆلۆژیای ئاپۆچییەكان، سوتاندنی ئاڵای كوردستان كە تاكە میراتی كۆماری كوردستانە، رێگری كردن لە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوا، تەنها لەبەر ئەوەی ئامادە نین بچنە چوارچێوەی بیركردنەوەی تەسك و دیكتاتۆرییانەی ئاپۆچییەكان، بردنی گەنج و لاوی كورد بە زۆرەملێ بۆ ڕیزەكانی خۆیان، گەوجاندنی سەدان مێرمنداڵ و بەكارهێنانیان بە ناوی كوردایەتی و مەبەستی تایبەتی خۆیان ، هەموو ئەو ڕەفتارانە تەنها خزمەت بە دوژمنانی كورد دەكات.

لە كۆتاییدا دەڵێم ،هەموو ئەو كارە خراپانەی كە پەیەدە و پەكەكە دەرحەق بە گەلی كورد ئەنجامی دەدەن بە تایبەت ، سووكایەتیكردن بەئاڵایی كوردستان ، دەركردن و گرتنی و ئەشكەنجەدانی ئەندام و لایەنگرانی لایەنە كوردییەكانی رۆژئاڤا ، ئەوا مەترسییە بۆ سەر ئایندەی كورد لەو بەشەی كوردستان و خزمەتكردنی دوژمنانی كوردە و هەروەها سووكایەتیكردنە بە هەست و نەستی خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان.
Top