پارتی دوای 1975 پارتی لە 2016 دا
August 17, 2016
وتار و بیروڕا
نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە 1975 رووداوێكی بە ئازار بوو بۆ خەڵكی كوردستان و پارتی، وانەیەكی گرنگیش بوو بۆ هەموو ئەوانەی لە نێو بزاڤی رزگاریخوازیدا كاریان دەكرد، ئەو نسكۆیە كاریگەری هۆكاری دەرەكیی زۆر بە روونی پێشان دا، بەڵام وەك پەند سوودی لێوەرنەگیرا، بەڵكو بۆ ئەوە قۆزرایەوە كە پارتیی پێ بشكێندرێ، كەچی لە قۆناغەكانی دواتر چەندین جار ئەو هۆكارە زیانی پێگەیاندووین، تا ئەمڕۆش هۆكاری دەرەكی كاریگەرە.
لە دوای 1975 بارزانیی نەمر بە پێشمەرگە و كادیرانی راگەیاندووە كە ئەم دۆخە ناخۆشە هەروا نامێنێتەوە و شۆڕش دەست پێدەكاتەوە، پارتی هەر لەو ساڵەدا هەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەكە و قۆناغەكە كردووە و پێشبینی كردووە كە حزبی نوێ پەیدا دەبن، ئەم تێڕوانینەی بارزانیی نەمر و هەڵسەنگاندنەی پارتی، ئاراستەی كاری بەپێی قۆناغی دوای 1975 تەبەنی كرد. لەبەرامبەردا ئەو هێز و گرووپە سیاسییانەی لەو قۆناغەدا سەریان هەڵدا، ئیشیان لەسەر ئەوە كرد كە پارتی هۆكاری نسكۆی شۆڕشە، بەوە دەستیان پێكرد كە هەموو بەرپرسیاریەتی بخەنە ئەستۆی پارتی، واتە شكاندنی پارتی و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی، ئەم دیدە هەڵەیەكی گەورەی ئەو هێزە سیاسییانە بوو، دواتر لە ژیانی سیاسییاندا كاریگەریی هەبوو.
هەموو كاری لایەنەكان لە 1975 تا 1991 لە هەڵبژاردنی 1992 دا دەركەوت كە خوێندنەوەیان و میكانیزمی كاركردنیان بەرامبەر پارتی دروست نەبووە، چونكە پارتی دەنگی یەكەمی بەدەست هێنا، بەمەش دەركەوت پارتی دیدی بارزانیی نەمر و هەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغەكە كردە بەرنامەی كار، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنی 1992 بە ئاسایی و سینگرفراوانی و ئەعسابێكی ساردەوە وەردەگرێ، كەچی بەرەی بەرامبەر لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی هەڵەبوو بە ئەنجامەكە دڵخۆش نەبوو، پێیوابوو پارتی جەماوەری نییە.
ئێستاش كە قۆناغێكی ناخۆش بۆ خەڵكی كوردستان هاتۆتەپێش، لەلایەك قەیرانی دارایی و لە لایەكیش شەڕی داعش، دیسان حزبەكان وا دەزانن كەرەستەی دوای 1975یان دەستكەوتووە بۆ تۆمەتباركردنی پارتی، بۆیە خۆیان لە بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە دەدزنەوە و هەمووی دەخەنە ئەستۆی پارتی، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە قورسایی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و سەركردایەتیكردنی شەڕی گەوەری داعش زۆر دیارە، لە لایەكی دیكەش هەمان ئەو كارەكتەرانەی خوێندنەوەیان بۆ قۆناغی دوای 1975 كرد، ئێستاش بەو تێڕوانینە دەڕواننە 2016 كە لە جێی خۆیدا نییە.