هه‌رچی رووبدات خه‌تای (پارتی)یه‌

هه‌رچی رووبدات خه‌تای (پارتی)یه‌
بڕوای ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ڵگه‌شم له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ كه‌ ئه‌و رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی رووده‌ده‌ن هه‌مووی خه‌تای (پارتی)یه‌، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌ش ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی خێرا له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بده‌ینه‌وه‌ و په‌رده‌ له‌سه‌ر نهێنیه‌كان لابده‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا نیوسه‌ده‌یه‌ وه‌ك ئێستا له‌ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی به‌له‌سه‌ بووه‌ و چه‌ندی پێی كرابێ هه‌وڵی داوه‌ ناو ماڵی كورد به‌ره‌و لێكترازان ببا و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش بخاته‌ ژێر ته‌مومژی چه‌واشه‌كاری خۆی، ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ سه‌یر و جێگای پرسیاریشه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و نیو سه‌ده‌یه‌دا پارتی كه‌ڵكی له‌ زنجیره‌ به‌له‌سه‌ بوونه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ به‌له‌سه‌ بووه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌له‌سه‌ بوونێك هه‌وڵیداوه‌ كورد بوون و كوردایه‌تی لای نه‌وشیروان مسته‌فا بكاته‌ ئامانج، به‌ڵام تا ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ و له‌مه‌ولاش ناتوانی ناخی نه‌شیروان مسته‌فا خاوێن بكاته‌وه‌ و فێری كوردایه‌تی بكات، ئاخر مێژووی ئه‌و په‌نجا ساڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا پێمانده‌ڵێ: هه‌موو ئاشت بوونه‌وه‌یه‌كی به‌ مه‌به‌ستی ده‌رفه‌ت وه‌رگرتن بووه‌ و هه‌موو هاتنه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆشی پێلانێكی له‌ ژێر مێزه‌كه‌ حه‌شار داوه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی نه‌وشیروان مسته‌فا بێ، ئایا خه‌تای پارتی نییه‌ كه‌ پێیوایه‌ ده‌توانێ وازی پێ له‌ خووی ئاژاوه‌گێڕی بێنێ و هاوهه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ درووست بكات؟!
نه‌وشیروان مسته‌فا بڕیاری داوه‌ پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی پارتی هه‌نگاو بنێ ئه‌گه‌ر هیچ گومانێكیش له‌سه‌ر درووستی ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ نه‌بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پارتی بێ هیچ سه‌رنجێك هه‌موو راوبۆچوونه‌كانی نه‌وشیروان په‌سند بكات، ئه‌وكات خۆی له‌ راكانی خۆی نه‌بان ده‌كات و به‌ دیوێكی تردا ده‌كه‌وێته‌ بیانوو گرتن و چه‌واشه‌كاری و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌، ئێ كه‌وایه‌ هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌وشیروان به‌سه‌ر كورد هاتوون بۆ خه‌تای پارتی نین! ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر كه‌سێك غه‌دری لێكردی خوا بیگرێ، ئه‌گه‌ر هه‌مان كه‌س دووباره‌ غه‌دری لێكردیه‌وه‌ خوا خۆت بگرێ، نه‌وشیروانیش ده‌یان جار فێڵی له‌ پارتی و كردووه‌، كه‌چی په‌ند وه‌رناگرێ و وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێ دوای شكست و په‌چه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پیلانه‌كانی دووباره‌ له‌گه‌ڵی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، بۆیه‌ پارتی به‌ر له‌وه‌ی بڵێ: خوا نه‌وشیروان مسته‌فا بگرێ، پێویسته‌ بڵێ: خوا خۆم بگرێ.‌
Top