له‌ یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتیدا تكایه‌ غه‌در له‌ بارزانی نه‌مر مه‌كه‌ن

له‌ یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتیدا تكایه‌ غه‌در له‌ بارزانی نه‌مر مه‌كه‌ن
له‌ یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زاندنی پارتیدا باشترین وه‌فا بۆ بارزانی نه‌مر و خوێنی شه‌هیدان و ره‌نج و ماندوو بوونی شۆڕشگێڕان و به‌رزترین ره‌وشتی كوردایه‌تی، له‌ گه‌رانه‌وه‌دا‌ بۆ ناو ریبازی بارزانی نه‌مر به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانی رابردوو به‌ هه‌لهه‌له‌ كێشان و په‌رۆ هه‌ڵوه‌شان و رازاندنه‌وه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان ئه‌و یاده‌ ده‌كرایه‌وه‌ و گیانی بارزانی نه‌مرمان پێ ئازار ده‌دا، ده‌وه‌رن با له‌باتی هه‌لهه‌له‌ كێشان و په‌ڕۆ هه‌ڵوه‌شان و رازاندنه‌وه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان، له‌م یاده‌دا هه‌موومان ناخی خۆمان و ره‌وشت و ئاكاری نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیمان به‌ رێباز و فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌بینی بارزانی نه‌مر بڕازێنینه‌وه‌، ده‌وه‌رن با هه‌موومان گه‌نده‌كاران و هۆگربووانی رشتنی كۆنه‌قین بخه‌ینه‌ به‌ر نه‌فره‌تی كوردایه‌تی، به‌وه‌ش هه‌م گیانی ئازاردراو و ره‌نجێندراوی بارزانی نه‌مر ئاشت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌م پاداشتی خوێنی شه‌هیدان و ره‌نجی ره‌نجكێشانی شۆڕشگێڕ ده‌ده‌ینه‌وه‌ و هه‌میش نوایه‌كی ئارام و دوور له‌ چاو سووركردنه‌وه‌ی دوژمنان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو بنیات ده‌نێین، ئه‌و گه‌رانه‌وه‌یه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێ هه‌موومان بڕیار بده‌ین خۆمان له‌ هه‌رچی شتی ناشیرین هه‌یه‌ خاڵی بكه‌ینه‌وه‌ و بچینه‌وه‌ ناو ئه‌و جیهانه‌ جوانه‌ی بارزانی نه‌مر نه‌خشه‌ی بۆ كێشاین.
خاڵێكیتر كه‌ ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌و یاده‌دا غه‌در له‌ بارزانی نه‌مر مه‌كه‌ن و چیتر به‌ كامیره‌ی حزبی وێنه‌ی بارزانی نه‌مر مه‌كێشن، چونكه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیه‌كان بارزانی نه‌مر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ مڵكی هیچ حزب و ریكخراوێكی سیاسی بێت، هه‌ڵوێست و شاكاره‌ مێژووییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردیش پێمانده‌ڵێ: بارزانی نه‌مر مڵكی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ژیاوه‌ و كۆچی دواییشی خه‌ساره‌یه‌ك بوو له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌وتووه‌، بۆیه‌ پێوه‌ر بوون بۆ خاوه‌ندارێتی بارزانی نه‌مر و وه‌فا بۆ رێبازه‌كه‌ی گه‌شه‌ پێدانی هزر و بیری نه‌ته‌وه‌یی و بڕوا بوونه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی.
كه‌سانێك له‌ناو پارتی و ده‌ره‌وه‌ی پارتیش ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌ كه‌ پێیان وابێ هه‌موو پارتی بوونێك پابه‌ند بوونه‌ به‌ ریبزی بارزانی نه‌مر، تێگه‌یشتن له‌ رێبازی بارزانی نه‌مر تێگه‌یشتنه‌ له‌ كوردایه‌تی و هاوخه‌باتی و هاوچاره‌نووسی، تێگه‌یشتنه‌ له‌ داده‌په‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، تێگه‌یشته‌نه‌ له‌ كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كانی ژێرده‌سته‌یی و رێز گرتنه‌ له‌و خوێن و خه‌باته‌ی له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆییدا به‌خشیومانه‌، رێبازی بارزانی نه‌مر كار و كرداره‌، نه‌ك درووشمی بریقه‌دار و وتاری فریوده‌ر، بۆیه‌ وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد مه‌رجی وه‌فا و پابه‌ند بوون به‌ ریبازی بارزانی نه‌مر بڕوا بوون و كار كردنه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، نه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ كام حزبی و ئه‌و حزبه‌ له‌ كام به‌شه‌ی كوردستانه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ حزبێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان یان رۆژئاوا یان باكوور و باشوور گره‌وی مێژوو به‌رنه‌وه‌ و خۆیان بكه‌ن به‌ خاوه‌نی كۆی سه‌روه‌ریه‌كانی بارزانی نه‌مر، ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌كرێ كه‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیه‌كانی بارزانی نه‌مر له‌ ره‌وشت و كارنامه‌ی سیاسی و په‌یامی نه‌ته‌وه‌ییاندا ره‌نگ بداته‌وه‌.
له‌ كۆتا خاڵدا ده‌ڵێم: هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ و گۆڕانكاریه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌كان له‌ به‌رپرس و بڕیار به‌ده‌ستان ده‌خوازێ ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ببن و ده‌ست به‌ رێبازی بارزانی نه‌مره‌وه‌ بگرن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن جیا له‌وه‌ی ریسوا و خه‌جاڵه‌تی به‌ر لیقای مێژوو ده‌بن، ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانش له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن كه‌ به‌ دزی و گه‌نده‌ڵكاری به‌سه‌ریه‌كتانه‌وه‌ ناوه‌.
Top