متمانە بە جنێو و تەشهیر دروست ناكرێ!

متمانە بە جنێو و تەشهیر دروست ناكرێ!
لە سایەی بارودۆخێكی قەیراناوی و پەرێشانبوونی خەڵكی كوردستان بە دەست تەنگژەی ئابووری و سیاسییەوە، باشتر وایە هەموومان ئەو پرسیارە بكەین، ئایە لایەنە سیاسییەكان دەتوان چی بكەن بۆ دەرچوون لە تونێل، یان گێژاوەکە؟!
بێگومان چارەسەرەكان ئاسان نین، بەڵكو ئاڵۆز و نیمچە مەحاڵیشن، لە بەر ئەوەی جڵەوی كارەكە لە دەستی هەندێ لایەندا نەماوە و ئەوان بوونەتە دیلی چەند یاریكەرێكی لە خۆیان گەورەتر و، جڵەوەكە لە دەستی خەڵکی دیکە دایە. بۆیە ئاسان نییە ئەو لایەنانە بیر لە داهێنانی چارەسەرەكان و بە دەنگەوەچوونی دەستپێشخەرییە ئیجابییەكان بکەنەوە..
كەسانی هۆشمەندی ناو گۆڕان هەق نییە، جڵەوی خەبات و مێژووی خۆیان بدەنە دەست كەسانێكی نامەسئول كەبە جنێو و تەشهیر وەڵامی دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازەكان دەدەنەوە، وەك ئەوەی لە دەمڕاستی ڕاگەیاندنی گۆڕانمان بینی، کە بە وتارێكی پڕ لە جنێو و سوکایەتیکردن، قەتماغەی برینەكان دەكولێنێتەوەو (شەلم كوێرم ناپارێزم) كەوتۆتە وێزەی هەوڵی ئاشتیخوازانەی لایەنەكان و سەردانەكانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.!
لە ڕاستیدا دەروازەی ڕزگاربوون لە هەموو تەنگژەكان تەنها دانوستان و لێكتێگەیشتنە، ئەوەش بنەماو پەیامی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانییە. ڕێگای ڕاست ئەوەیە هەمووان بە باشی بارودۆخە تێكئاڵاوەكە بە ڕەهەندە نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە بخوێننەوە . دەبێ لایەنە سییاسییەكان ئەو ڕاستییە بزانن، كە هیچ لایەنێكی دەرەكی یارمەتیی حزبە كوردستانییەكان نادات، ئەگەر بە ئیڕادەی خۆیان هەوڵی داهێنانی ڕێگای چارەسەرەكان نەدەن، ئەزموونەكان دەریانخستووە، هەر كاتێك حزبەكان لێك نێزیك بوونەتەوە و پێك گەیشتوون، كاریگەریی دەرەكیی و دەستتێوەردانەكان لاواز بووە، بە پێچەوانەشەوە.
لێرەوە ئیتر ستراتیژی پشتئەستووربوون بە فاكتەری دەرەكی بۆ لاوازكردنی شەریكی ناوخۆ، سوودی نییە، چونكە پێشتر تاقی كراوەتەوە و، تەنها یەكتر وێرانكردن بەرهەم دێنێ و گێڕانەوەی پێشكەوتنەكانی كوردستانی لێدەكەوێتەوە بۆ خاڵی سفر.
نوخبەی هیچ میللەتێكی ژیر، پشت بە وڵاتێك نابەستێ كە خاك و میللەتەكەی دابەش كردبێت، داگیركەر و ستەمكار ناتوانێت كێشەكانت بۆ چارەسەر بكات، بەڵكو قەیرانەكانت بۆ زاخاو دەدات و وەك دیل و كۆیلەیەكیش بەكارت دێنێ.
چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكانی كوردستان، پێویستی بە دروستكردنی بڕوا و متمانەی نوێ هەیە، بە جۆرێك هەر كەسێك هەڵە دەكات و كەسیش هەقیقەتی ڕەهای بە دەستەوە نییە، ئەگەر بەم ڕوانگا واقیعییەوە تەماشای كێشەو دەروازەی چارەسەرەكان نەكرێت، هەڵەی دوو هێندەی ڕابردوو دەكرێنەوە، بەوەش پردەكانی پێكگەیشتن بۆ چارەسەر دەڕووخێن و قەیرانەكان بەشێوەی خراپتر بەرهەم دێننەوە، بۆیە چارەسەرەكە پێویستی بە دەستوپەنجە نەرمكردن لە گەڵ یەك و خەیاڵێكی داهێنەرانەیە، ئەمەش وادەكات هەر لایەك پشكی خۆی لە ڕێككەوتن و پێكگەیشتنەكان بدۆزێتەوەو وزەو تواناكانیش بخرێنە خزمەت سەربەخۆبوونی خاک و گەلی كوردستان.
Top