بۆچی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، سیاسەتێکی نەتەوەیی دروستە؟

بۆچی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، سیاسەتێکی نەتەوەیی دروستە؟
سەرۆکایەتی ھەرێم لە چەند ساڵی رابردوودا ھەوڵی داوە کە پرسی رێفراندۆم و سەربەخۆیی بە گۆێی دوست و دوژمن بگەیێنێت لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی وێرانکارانەی داعەشەوە ئەم پرسە وەک ئەولەوییەتی یەکەم لە ئەجێندای سەرۆکی ھەریمدا جێی گرتووە و بە کردەیی لە مەیدانی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیدا کاری بۆ دەکرێ. بۆیە گرینگە کە لە واتای مێژوویی و تیۆریک و ناوەرۆکی سیاسیی ئەم سیاسەتە تێبگەین، تاکوو گرینگی ئەم شیعارە بۆمان دەرکەوێ، بە جۆرێک کە بزانین بۆچی و لە سەر کامە بنەما چین و تۆێژ و تاکی ئەو کۆمەڵگەیە دەبێ خۆیان دەرگیری ئەم پرسە بکەن و جێبەجێبوون و نەبوونی ئەم شیعارە سیاسییە چ پێوەندییەکی لەگەڵ مافەکان و ژیانی ئێستا و داھاتوویانەوە ھەیە؟ لەم نووسینەدا بەم چەند خاڵە باسی لێوە دەکەین.

ناسیۆنالیزم وەک دیسکۆرس
لێرەدا باسکردنی سیاسەتی رزگاری و سیاسەتی رزگاریی نەتەوەیی کە ئەم شیعارە لەسەری بینا نراوە، شۆێنێکی گرینگی ھەیە. موناقیشەی بابەتی نەتەوە و ناسیونالیزم دەکرێ لە چەندین ئاستدا بکرێت، لە ئاستی فیکریدا بە واتای تیۆریی موجەڕەد و نۆرماتیڤ کە رەنگە لەو خاڵەدا جگە لە زۆر بۆچوونی تیۆریکی ناسراو گرینگترین شت بۆ ئێمە کە لەبیرمان بێت ئەوەیە کە ناسیۆنالیزم و سیاسەتی نەتەوەیی نەتەوە دروست دەکات، نەک بەپێچەوانەوە، ئەو نەتەوەیەش دەتوانێ پێکھاتەی ئێتنیکی جیاوازی ھەبێ وەک ئێستای کوردستانی خۆمان .
لە ئاستێکی تردا سیاسەتی نەتەوەیی باشترین مێتۆدی لێتێگەیشتنی ئەوەیە کە وەک دیسکۆرس ببیندرێت، چەمکی دیسکۆرس بە -گۆتار- تەرجومەکراوە، بەڵام لە راستیدا مانای دیسکۆرسی بە تەواوەتی ناگەیێنێت، بۆیە ئەگەر دیسکۆرس- بە – بیر- و - کردە و عەمەلی- ئەو بیرە – تێبگەین سیاسەتی کۆێ کۆمەڵگە و ئاکتۆرەکان ئاسانتر بۆمان شی دەکرێنەوە ، کە وا بوو باسی بیری ناسیۆنالیستی و کردەوەی عەمەلی پێوەندیدار بەو بیرەوە دەکەین.
ژیانی سیاسیی کورد بە روونی و بە تراژیدیای گەورەوە نیشانی داوە کە نەبوونی سەروەریی نەتەوەیی بە واتای دەوڵەت ھۆکاری سەرەکی بووە لەوەدا کە ئەم میللەتە لە قۆناغی جیاوازی ژیانیدا چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ نەپارێزرێت و لایەنێکی ساوێرین و سەروەر لە ئارادا نەبووە تاکوو پارێزگاری لێ بکات.
با وردی کەینەوە، ئەوەی میللەت دروست دەکات و پێناسەی پێ دەبەخشێت، دەوڵەتە کە خۆی بەرھەمی سیاسەتێکی ناسیۆنالیستییە و بە گۆێرەی دەسەڵاتی خۆیشی دەیپارێزێت، تەنانەت لاوازترین دەوڵەتانیش بە گۆێرەی توانای خۆیان خەڵکی خۆیان دەپارێزن، ھەر ئەو ئاسایشە کە لە ھەرێمدا ھەیە نموونەیەکە و یاسای نێودەوڵەتی دونیای مۆدێڕنیش گارانتۆرێکی ترە لەم روویەوە. ئەوەی لە رووی یاسای نێودەوڵەتی، یان حقووقی میللەل لە دوای خەلاسبوونی شەڕی ساردەوە گۆڕانی بەسەردا ھات، ئەوە بوو کە تەنانەت یاسای نێودەوڵەتیی میللەتان لە بەرانبەر دەوڵەتانی خۆشیاندا دەپارێزێت.
( کە دەڵێن نێوە دەوڵەتیش دەبێ ئاگادر بین کە دەتوانێ چەندین مانای جیاوازی ھەبێ، ئەوەش بەستراوە بەوە کە چۆنی دەنووسین و چۆنی دەخۆێنینەوە، ئەگەر بنووسین نێو – دەوڵەتی دێتە واتای پێوەندییەکانی نێوان دوو دەوڵەتان و ئەگەر بنووسین نێودەوڵەتی دێتە واتای نێوان گشت دەوڵەتان و ئەگەر بنووسین گلۆبال بەو مانایە کە ھەم دەوڵەتان و ھەمیش ئورگانەکانی سەرەوەی دەوڵەتان و ژێرەوەی دەوڵەتان لە خۆ دەگرێتەوە. بۆ نموونە یەکەتی ئەوروپا وەک ئورگانێکی لە سەرەوەی دەوڵەتان، یان ئەمنیستی ئینترناشنال و گرین پیس، وەک ئاکتۆرێکی لە ژێرەوەی دەوڵەتان).

دەوڵەت وەک دابینکەر و پارێزەری مافەکان
کە دەگاتە سەر دابینکردنی مافەکانی تاک و تۆێژی جیاوازی نێومیللەتان و بینانانی سازیی و دەزگای پێویست بۆ ئەم مەبەستە تەنیا و تەنیا دەوڵەت دەتوانێ ئەم ئەرکە بە جێ بگەیێنێت و بەستێن و زەمینێکی راستەقینە بۆ دابینکردنی ئەو مافانە دەستەبەر بکات . بۆ تێگەیشتنی تەواو لە ناوەرۆکی ئەم قسەیە، دەبێ بگەڕیێنەوە بۆ سەر تەجروبەکانی خۆمان. ئەمە دروستە کە لە داڕشتنی فیکریی سیاسەتی خۆماندا وەک کورد دەبێ لە سەرچاوەکانی تیۆری و دەستکەوتەکانی زانستیی دونیا کەڵک وەرگرین، بەڵام گرینگتر ئەوەیە کە بەردەوام پەنجەرەی ژوورەکەمان بە رووی واقێعی ژیان و کۆمەڵگە و مێژووی خۆماندا کراوە بێت، وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکان لەوێدایە.
لایەنێکی موناقیشە سەبارەت بە دەوڵەت ئەوەیە کە لە پێشدا دەبێ دەزگاکان دابمەزرێن و سیستمێکی کامیل وەکار بکەوێ و دواتر لە سەر ئەم بنەمایە، پرۆژەی راگەیاندنی دەوڵەت پیادە بکرێت. رەنگە میللەت ھەبن، بتوانن ئەم کارە بکەن، بەڵام با بزانین تەجروبەی خۆمان چیمان پێ دەڵێت.. تەجروبەی کوردی ئەو راستییەی نیشان دەدات کە سەرەڕای ئەوەی لایەنگری کامە حزب و بۆچوون بین ، پێناسەی مافەکان، پێناسەی یاسا، مێتۆدی داڕشتنەوەی مافەکان و جۆری سازیی و دەزگای پێویست، گشتیان ئامرازی دەستی سیاسەتی رۆژی ئەحزاب بوون، لە یاساەوە بگرە تا دەگاتە پەرلەمان و دەزگای داد و ئەمن و ...ھتد. لەبەر ئەوە کە سیاسەتی ئەحزاب بەیانکەری بەرژەوەندیی حزبییە و رۆژانە ئەم بەرژەوەندییە گۆڕانی بە سەردا دێت، ھەم مافەکان ھەم یاساکان و ھەمیش مۆئەسیسیەکان گشتیان دەبنە ئامرازی سیاسەتی ئەحزاب و قەت جێگیر نابن و نابنە بەشێک لە سیستمی ئیدارەی وڵات و کۆمەڵگە، بۆیە ئەم مەبەستە تەنیا بە دەوڵەت پێکدێت. بۆ نموونە پرسی ژنان ھەر حزبەو بە گۆیرەی خۆی تەفسیری دەکات و ئەوەی دەچەسپێندرێت، پیادەکردن و بە دواداچوونی لە سیستمی سیاسی و قەزایی وڵاتدا بە گۆێرەی جۆگرافیای نفووزی ئەحزاب گۆڕانی بە سەردا دێت، با ئەوەش بڵێین کە لە پێناسەی مافدا خالێکی گرینگی تر ئەوەیە کە ھەر شتێک کە بە مافت زانی، دەبێ بتوانی ئیقامەی دەعوای بۆ بکەی لە لای مەحکەمەدا، دەنا ماف نییە. یان پێناسەی مافی خۆێندن کە نموونەیەکی زۆر باشە لەوەی کە چۆن ماف دەبێتە ئامرازی سیاسەتی ئەحزاب، بۆ نموونە لە ھیچ کۆمەڵگەیەکدا چوونە زانکۆ ماف نییە، بەو مانایە کە سیستمی پەروەردە مەجبوور بێ کە جێگا بۆ گشت خوازیارانی چوونە زانکۆ دابین بکات و ئەگەر ھاتوو نەیکرد، خۆێندکار بتوانێ ئیقامەی دەعوا لە مەحکەمەدا بکات.

سیاسەتی کوردی - دەورانی شەڕی سارد و دواتر
لایەنێکی گرینگ و زۆر نێگەتیڤی کارتێکەری دەورانی شەڕی سارد لە سەر سیاسەتی کوردیدا بریتی بووە لەم دوو خاڵە، یەکەم: کورد خۆی بە دەستی خۆی سیاسەتی خۆی سنووردار بکات بە سنووری ئەو وڵاتانەوە کە داگیرکەری کوردستانن. بە جۆرێک کە پاش تێپەڕاندنی چەندین دەیەی زۆر نۆرماتیڤ و بڕیاردەر لە سەر پرسی ناسنامە لەو وڵاتانەدا کورد خۆی لەگەڵ خۆیدا وەک چوار ناسنامەی جیاواز ھەڵسوکەوت بکات. دووەم :ئەم دەورانە کۆت و بەندێکی وای بە سەر سیاسەتی کوردیدا دانابوو کە لەو سیستمی جیھانییەدا مەجال نەبوو کورد وەک میللەت بۆ مسۆگەرکردنی سەرەوەریی سیاسیی خۆی ھەوڵ بدات.
دەرھاویشتەی ئەم دووخاڵەی سەرەوە وای لە سیاسەتی کوردی کرد کە بۆ بەردەوامیی بەرخۆدان، کوردی ھەر پارچەیەک لەگەڵ رێژیمی پارچەیەکی تر ھاوکار بێت و بەمجۆرە سیاسەتی کوردی لە ناو بازنەی داخراوەیی داگیرکەراندا بسووڕێتەوە، ئەمە ھەتا رووخانی سۆڤییەت بەردەوام بوو.
لە دوای خەلاسبوونی شەڕی سارد رێگا کرایەوە کە کورد بتوانێ خەون ببینێت بۆ دەرچوون لەم بازنە داخراوە، رووداوەکانی ناوچە ھەنگاو بە دوای ھەنگاو ئەم مەجالەیان رەخساند و کورد ھەنگاوی ھاوێشت، لە ھەمان کاتدا سیاسەتی کۆنیش بە بوونی خۆی بەردەوامی دەدا. لە ئێستادا کە باسی کوردستان دەکەین دەبینین کە ئەم دوو ستراتێژییە لە سیاسەتی کوردیدا خۆیان فۆرمۆلە کردووە.
سیاسەتی خوازیاریی دامەزراندنی دەوڵەت سیاسەتی رزگاربوونە لەو بازنە کۆنە و لە بەرانبەریدا سیاسەتی کۆن ھەر پێداگری لە سەر بەردەوامیی خۆی دەکات. سیاسەتی سەربەخۆیی رووی لە دونیای پێشکەوتوو و ھاوپەیمانی جیھانییە و خوازیارە ببێتە بەشێک لە ئابووریی جیھانی، (وەک نموونە: گرێدانی سەرچاوە نەوتییەکانی وڵات بۆ سیستمی وزەی جیھانی و سیاسەتی کۆن رووی لە بەغدا و ئێران و....ھتدە.)
سیاسەتی سەربەخۆیی بە کردەیی و رۆژانە لەگەڵ ئەفسەرانی وڵاتانی ھاوپەیمان لە سەر خاکی کوردستاندا ئەرتیش بۆ کورد سازدەکات و زۆرترین کەڵک لەو ھاوبەرژەوەندی بوونەی کورد و جیھانی ئازاد وەردەگرێت کە پێکرا لە شەڕی دژی تێرۆردان، بۆ پتەوترکردن و ستراتێژیکترکردنی ھاوکارییەکانی کورد و جیھانی ئازاد و سیاسەتی کۆن روویان لە ھاوپەیمانی لەگەڵ ئاکتۆرەکانی سەربە تاران و بەغدایە.
راستی ئەوەیە کە ئەگەر بارزانی بە لە پێش گرتنی سیاسەتی دەرچوون لەو بازنە داخراوەی سیاسەتی ناوچەیی توانیویەتی بزووتنەوەکەی و ئیدارە و ستراتێژی و سیاسەتی گشتی کوردییەوە، ئەم پێگە نێوخۆیی و ناوچەیی و جھیانییەی خۆی دابین بکات، بەرپرسە سیاسییەکانی گۆڕان و یەکێتی کە ناوچەکەیان لە ژێر ھژموون و نفووزی ژیۆپۆلیتیکی ئێراندایە، دەبێ ھەنگاوی گەورەتر و مێژووییتر ھەڵبێنن، تاکوو بتوانن وەک بارزانی خۆیان و سیاسەتی کوردی لە تۆقی سیاسەتی داخراوی ناوچەیی جاران رزگار بکەن.
لەم پرۆسەیەدا دەبێ بارزانی و لایەنگرانی سەربەخۆیی یارمەتیدەری سەرکردەکانی گۆڕان ویەکتی بن، بە مەرجێک ئەم ئیرادە و ویستە بە ھێزەوە لەو لایەنانەدا بوونی ھەبێ. ئەگەر ئەمە نەکرێت لە پرۆسەی رزگاریدا مەترسی ئەوە ھەیە کە بەشێک لە باشوور لە شەمەنەفەڕی رزگاریدا بەشدار نەبێ. لە تەجروبەی زۆر وڵاتاندا ئەمە رووی داوە، نموونە ئەمریکا کە لە نێوان ئێمزاکردنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا لە لایەن یەکەمین ویلایەتەوە تا کۆتا ویلایەت سەد ساڵی پێچوو (نەخشەئ ژمارەی ١ی ھاوپێچ).، ئەمە رەنگە لە کەیسی رزگاریی کوردستانیشدا وا بێت، بەتایبەت کە باسی کوردستانی گەورە دەکەین.
گرینگ ئەوەیە کە ھیچ کام لەم سەرپێچییانە و تەگەرخستنانە لە سەر رێگای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ناتوانن رێگربن و ناتوانن ئالترناتیڤی سیاسەتی رزگاریی نەتەوەیی بن، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیە کە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان ھەنگاوی مێژوویی باوێژن و خۆیان لەگەڵ شەمەنەڕی رزگاریی و دامەزراندنی دەوڵەت رێک بخەن کە ئێستا فرسەت بۆ کورد رەخساوە و دوو دەوڵەتی سووریا و عێراق لە کار کەوتوون و پێویستە ھەوڵێ مێژوویی بدەن بۆ دەرخستن و رزگارکردنی ناوچەی جێ نفووزی خۆیان لە ژێردەستی ھژموونی ئێران.

سیاسەتی کۆن لە شکڵی دیسکۆرسی سێھەمدا
ئەم دیسکۆرسە کە ھەم بەھێزە و ھەمیش توانای کردەیی بەرچاویی ھەیە، بریتییە لەو بۆچوونە کە لە دونیای پۆست مۆدێرن و سەردەستی گلۆبالیزمدا دەوڵەتی نەتەوەیی مانای نەماوە و سازکردنی کۆمەڵگەیەکی ئالترناتیڤی سەرمایەداریی رۆژئاوا و کۆمەڵگەی ئیسلامیی رۆژھەڵات، دەبێ ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەتی کوردی.
ئەم دیسکۆرسە لە دوو رووەوە جێی سرنجە، یەکەم :لە موناقیشەیەکی تەواو پۆلیمیکیدا دەتوانین بڵێین ئەگەر باسی سیستمێکی کۆمەڵایەتی ئالترناتیڤی سەرمایەدارییان کردبا، بە بێ ئەوەی کە دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد ئینکار بکەن، دەمانتوانێ وەک ھەر بۆچوونێکی مارجینالی چەپیی دیکە، یان قسەی لە سەر بکەین، یان ھەر بە مارجینالی خۆیان بە سەریدا باز بدەین. کە باسی ئینکاری دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد دەکەن، وا لەم دیسکۆرسە دەکات کە دەبێ ھەڵوێستەی لە سەر بکرێ. دووەم: بە راشکاوی دەتوانین بڵێین کە ئەم دیسکۆرسە کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بەیان دەکرێت، یان لە لایەن فراکسیۆنێکی ئەو پارتەوە بە زەقی قسەی لە سەر دەکرێ، نەک بەرھەمی مەکتەب و بۆچوونێکی تیۆریکە، بەڵکوو زیاتر زادەی بارودۆخ، پێوەندییەکان و کارتێکەرییەکانی ژییۆپۆلیتیکی ناوچەکەیە. دەنا ھیچ عەقڵێکی سالم ناتوانێ لەناو ئەم ھەموو میللەت و کۆمەڵگەی جیاوازی دونیادا ئەم رەسالەتەی بداتە کورد کە ئالترناتیڤ بۆ سیستمی سەرمایەداریی لیبڕاڵی مەوجوود دابڕێژێت و دابمەزرێنێت.
ئەم گێژاوە فیکرییە تەنیا یەک بەرھەمی مەبەستە کە دوورخستنەوەی مێشکی کوردە لە پرسی رزگاریی نەتەوەیی و سازکردنی دەوڵەتی کوردی و بەفیڕۆدانی ئەو ھەموو توانا و ئێنێرژییەی میللەت. رووداوەکانی ھەر ئەم یەک دوو ساڵەی رابردوو بەڵگەی حاشاھەلنەگرن لە پێویستی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەت. چاوێک لە رۆژئاوا و نۆسەیبین و جزیر و شنگال بکەن. کورد ئەگەر دەوڵەتی ھەبایە، وڵاتەکەی بەم شێوەیە نەدەکەوتە بەر پەلاماری جۆرەھا دۆژمن و دڕندە و دەیتوانی خۆی بپارێزێت.
گرینگی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ پاراستنی مەوجوودییەت و ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک تەنیا لە ئاستی کورد و کوردستاندا نییە کە خۆی دەردەخات، بەڵکوو تەنانەت لە دونیای گلۆبال و لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیاشدا زەروورەتی خۆی نیشان دەدات .

دەرئەنجام
دامەزراندنی دەوڵەت پێوەندی راستەوخۆی ھەیە بە چارەنووسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ھەر تاکێکی کورد و جێگیرکردنی داھات و دابینکردنی ژیان و پاراستنی کەرامەتی، بۆیە ئەم پرسە پرسی ھەموومانە.
کورد سەرەڕای ھەموو گرفتەکانی رێگای باشی بڕیوە لە پچڕاندنی تۆقی خنکان لە ناو بازنەی سیاسەتی ناوچەیی داگیرکەرانی کوردستاندا و دەرگای دونیای ئازادی لە خۆی کردووەتەوە، ئەم خاڵە دەستکەوتێکی مێژووییە کە دەبێ لە سەری بەردەوام بین و سڵی لێ نەکەینەوە.
کورد بیری گشتیی دونیای ئازادی لەگەڵە، بۆیە ئەم خاڵە دەتوانێ یارمەتیدەری کورد بێت بۆ کردنەوەی ئەو دەرگایانە کە پێویستە کورد بیانکاتەوە. دەبێ لە سەری بەردەوام بین و خۆمان تێکەلی ھیچ ریزبەندییەکی تر جگە لە ھاوپەیمانان و بڕیاردەرانی سەرەکیی سیاسەتی نێودەوڵەتی نەکەین.
کوشتنی قاسملوو چەند خۆلەکێکی پێچوو، بەڵام پێگەیاندنی قاسملوو چەندین دەیەی پێ چووبوو. بارزانی بەرھەمی چەندین دەیە خەبات و پەروەردەی سیاسی و پێوەندی دیپلۆماسییە، پێگەیاندنی سەرمایەی لەم چەشنە بۆ میللەتی کورد پێویستی بە چەندین دەیەی دیکە ھەیە. لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زۆر کەس دەتوانن نۆێنەرایەتی کورد بکەن، بەڵام بەھێزی و بێھێزیی ئەم نۆێنەرایەتییە دەگەڕێتەوە سەر ئەم خاڵە گرینگە کە تا چەند وەک پارتنێر مرۆڤ وەردەگیرێ. لە جوگرافیای مرۆڤیدا لێکۆڵینەوەی زۆر بەردەستە لە سەر گرینگیی یەکتر دیتن و یەکتر ناسینی لە نزیکەوەی مرۆڤە کاربەدەستەکان لە سیاسەت و لە ئابووریدا، لەم لێکۆڵینەوانەدا باس لە زانیاری و زانستی بێدەنگ لە سەر یەکتر دەکرێ و ئەوە دەبێتە بناغەیەکی بەھێزی پێوەندی و نزیکایەتی، ئەم پێوەندییە پرۆسەیە، متمانەیە، جێی بڕوای یەکتر بوونە، جار ھەیە پێوەندییەکی باش نەتیجەی دەیان ساڵ ھاوکاری و یەکتر تاقیکردنەوە بووە.
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بە بارزانی دەکرێ، دەبێ وەک بەرھەمی مێژووییەک خەبات چاوی لێ بکرێ و ئەم پۆتانسییەلە وەک سەرمایەیەکی میللی حیسابی لە سەر بکرێ. ئێستا کە بارزانی شانی داوەتە بەر بەرزکردنەوەی کردەیی، -نەک پڕۆپاگاندای سیاسیی رۆژانە – خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە ئاستی سیاسەتی جددی ناوچە و دونیادا، دەبێ ھەموو دەستێکی پاکی کوردی ھاوکاری بێت.
نەخشەی ژمارەی یەک، سەرچاوە ئەنیستیتۆی ستراتفۆر، ئەم نەخشەیە بە روونی نیشانی دەدات کە کەنگێ و چۆن گشت ئەیالاتەکان گەیشتنە یەکتر و بوونە ئەم ئەمریکایە کە ئەمڕۆ ئێمە دەیناسین. پرۆسەی بە یەکگەیشتن سەد ساڵی پێچووە. بەرچاوڕوونییەکی باش دەخاتە بەر چاوی رزگاریخوازانی کوردیش.



سپۆت:
ئەوەی ئەمڕۆ بە بارزانی دەکرێ، دەبێ وەک بەرھەمی مێژووییەک خەبات چاوی لێ بکرێ و ئەم پۆتانسییەلە وەک سەرمایەیەکی میللی حیسابی لە سەر بکرێ. ئێستا کە بارزانی شانی داوەتە بەر بەرزکردنەوەی کردەیی، -نەک پڕۆپاگاندای سیاسیی رۆژانە – خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە ئاستی سیاسەتی جددی ناوچە و دونیادا، دەبێ ھەموو دەستێکی پاکی کوردی ھاوکاری بێت
کوشتنی قاسملوو چەند خۆلەکێکی پێچوو، بەڵام پێگەیاندنی قاسملوو چەندین دەیەی پێ چووبوو. بارزانی بەرھەمی چەندین دەیە خەبات و پەروەردەی سیاسی و پێوەندی دیپلۆماسییە، پێگەیاندنی سەرمایەی لەم چەشنە بۆ میللەتی کورد پێویستی بە چەندین دەیەی دیکە ھەیە
کورد سەرەڕای ھەموو گرفتەکانی رێگای باشی بڕیوە لە پچڕاندنی تۆقی خنکان لە ناو بازنەی سیاسەتی ناوچەیی داگیرکەرانی کوردستاندا و دەرگای دونیای ئازادی لە خۆی کردووەتەوە، ئەم خاڵە دەستکەوتێکی مێژووییە کە دەبێ لە سەری بەردەوام بین و سڵی لێ نەکەینەوە
دامەزراندنی دەوڵەت پێوەندی راستەوخۆی ھەیە بە چارەنووسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ھەر تاکێکی کورد و جێگیرکردنی داھات و دابینکردنی ژیان و پاراستنی کەرامەتی، بۆیە ئەم پرسە پرسی ھەموومانە
ھیچ کام لەم سەرپێچییانە و تەگەرخستنانە لە سەر رێگای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ناتوانن رێگربن و ناتوانن ئالترناتیڤی سیاسەتی رزگاریی نەتەوەیی بن، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیە کە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان ھەنگاوی مێژوویی باوێژن و خۆیان لەگەڵ شەمەنەڕی رزگاریی و دامەزراندنی دەوڵەت رێک بخەن کە ئێستا فرسەت بۆ کورد رەخساوە و دوو دەوڵەتی سووریا و عێراق لە کار کەوتوون و پێویستە ھەوڵێ مێژوویی بدەن بۆ دەرخستن و رزگارکردنی ناوچەی جێ نفووزی خۆیان لە ژێردەستی ھژموونی ئێران
ئەگەر بارزانی بە لە پێش گرتنی سیاسەتی دەرچوون لەو بازنە داخراوەی سیاسەتی ناوچەیی توانیویەتی بزووتنەوەکەی و ئیدارە و ستراتێژی و سیاسەتی گشتی کوردییەوە، ئەم پێگە نێوخۆیی و ناوچەیی و جھیانییەی خۆی دابین بکات، بەرپرسە سیاسییەکانی گۆڕان و یەکێتی کە ناوچەکەیان لە ژێر ھژموون و نفووزی ژیۆپۆلیتیکی ئێراندایە، دەبێ ھەنگاوی گەورەتر و مێژووییتر ھەڵبێنن، تاکوو بتوانن وەک بارزانی خۆیان و سیاسەتی کوردی لە تۆقی سیاسەتی داخراوی ناوچەیی جاران رزگار بکەن
سیاسەتی سەربەخۆیی بە کردەیی و رۆژانە لەگەڵ ئەفسەرانی وڵاتانی ھاوپەیمان لە سەر خاکی کوردستاندا ئەرتیش بۆ کورد سازدەکات و زۆرترین کەڵک لەو ھاوبەرژەوەندی بوونەی کورد و جیھانی ئازاد وەردەگرێت کە پێکرا لە شەڕی دژی تێرۆردان
سیاسەتی ئەحزاب بەیانکەری بەرژەوەندیی حزبییە و رۆژانە ئەم بەرژەوەندییە گۆڕانی بە سەردا دێت، ھەم مافەکان ھەم یاساکان و ھەمیش مۆئەسیسیەکان گشتیان دەبنە ئامرازی سیاسەتی ئەحزاب و قەت جێگیر نابن و نابنە بەشێک لە سیستمی ئیدارەی وڵات و کۆمەڵگە، بۆیە ئەم مەبەستە تەنیا بە دەوڵەت پێکدێت
ئەوەی میللەت دروست دەکات و پێناسەی پێ دەبەخشێت، دەوڵەتە کە خۆی بەرھەمی سیاسەتێکی ناسیۆنالیستییە و بە گۆێرەی دەسەڵاتی خۆیشی دەیپارێزێت، تەنانەت لاوازترین دەوڵەتانیش بە گۆێرەی توانای خۆیان خەڵکی خۆیان دەپارێزن
ژیانی سیاسیی کورد بە روونی و بە تراژیدیای گەورەوە نیشانی داوە کە نەبوونی سەروەریی نەتەوەیی بە واتای دەوڵەت ھۆکاری سەرەکی بووە لەوەدا کە ئەم میللەتە لە قۆناغی جیاوازی ژیانیدا چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ نەپارێزرێت و لایەنێکی ساوێرین و سەروەر لە ئارادا نەبووە تاکوو پارێزگاری لێ بکات

Top