دەوڵەتی کوردستان و یاسا سروشتییەکان

دەوڵەتی کوردستان و یاسا سروشتییەکان
بۆ ماوەی ھزاران ساڵ دەبێ مرۆڤ وەک ئاماژە بۆ تێپەڕاندنی کات و دەم ھەڵساوە بە دانانی پێوەرێک کە لە یەکەکانی چرکە و خووڵەک و دەمژمێر و مانگ و ساڵ و سەدە و ھزارە پێکھاتووە. دیارە مرۆڤ لەو بیرۆکەیەدا پشتی بە تواناییەکانی مێشکی خۆی و ئاستی گۆنجانی ڕووداو و دیاردەکان لەگەڵ ئەو مێشکەدا بەستووە. شت ھەیە لەگەڵی نەگۆنجاوە بۆیە نەیتوانیوە بە جۆرێکی تر ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دا بکاتن.
ھاتنی زانا و فیزیکزانی گەورە ئەلبێرت ئەنشتاین یەکێک لەو ھەڵکەوتانە بووە کە گۆڕینێکی زۆر گەورەی لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و سایکۆلۆژیای ھزرکردنی مرۆڤایەتی دا کرد. بەر لە ھاتنی ئەو زانایە چاو و گۆێچکەکان و دڵ و دەروون و مێشکی مرۆڤ بۆ دەھان ھزار ساڵ وەھا ڕاھاتبوو کە پێی وابوو کە لە لایەنی ئەندازیاری و فیزیکییەوە شتەکانی فیزیکی لە جیھاندا تەنھا لە سێ ڕەھەندی(بُعد) بەرزایی و درێژی و پانتایی پێکھاتووە، بەڵام ئەنشتاین لە ڕێگەی ھاوکێشەی زانستی گەیشتە ئەوەی کە جگە لەو سێ ڕەھەندە رشەھەندێکی تری ئەندازیاریش لە شتومەکەکاندا ھەیە و ئەویش دەم واتە کاتە. شتێکی نوێ بوو. لەگەڵ ئەزموونی پێشتری ھزری و مێنتالی مرۆڤەکاندا نەدەگۆنجا. دیارە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا ھەلپەرەست و بەرژەوەندیخوازان و بیرتەسکەکان مرۆڤەکانیان وا فێرکردبوو کە خاوەنی بیروباوەری نوێ کەسێکی دوژمن و کافر و زەندیقە و دەبێ بکوژرێتن و دیاریشە کە زۆر پێغەمبەر و زانا و فەیلەسۆف پێش ئەنشتاین بەو دەردە چوون و کوژران و دەرمانخوارد یان ژەھر خواردکران و یان لە سێدارەدران یانیش سوتێنران. بەڵام چەرخی بیستەم نەیھێشت ئەو کارە لەگەڵ ئەنشتاین بکرێتن چونکە ئاستی ھۆشیاری و مێنتالیتەی ھزر و ھەڵسوکەوت و بڕیاردانی مرۆڤەکان وەک جاران نەمابوو و گۆڕانی گەورەی بەسەدا ھاتبوو.
دەھان ھزار ساڵ بوو کە مرۆڤ وایدەزانی کە کات و دەم تیپَەڕ دەبێ. بەڵام ئەنشتاین ئەو ڕێچکە ھزرییەی تێکشکاند و ئەفسانەی ئەو " دەم تێپەڕبوونەی" پووچەڵ کردەوە و گۆتی کە کات تێپەڕ ناکات بەڵکۆ ئەوەی تێپەرَ دەبێ کاروانی مرۆڤایەتی و ئێمەین. ئەو بیرۆکە و قسە و دۆزینەوە زانستییە نە ئەوکات و لە وانەشە ئێستاشی لەگەڵ دا بێ لەگەڵ بیروباوەر و مێشکی زۆر کەس دا نەگۆنجێ. ئەگەر بەر لە سەدەیەک کەسێک باسی لە ھەبوونی تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ یان ئەنترنێت و کۆمپیوتەر بکردبایە یان پێش پەنجا ساڵ ئەو کەسە باسی لە کەرەستەیەکی وەک مۆبایل، ئەو کەرەستە سحراوییەی ئەمرۆکە بووتە گاڵتە جارێی منداڵان، بکردبایە، بە سەدان کەس و بەر لە ھەموویان مامۆستایانی ئایینی ئەویان بە لادراو لە ئایین و کافر دەژمارت و بە پشت بەستن بە قۆرئان و ئایەت و حەدیس فتوای کۆشتنیان بۆ دەردەکرد، یان لەسەر مینبەرەکان بانگەشەی کۆشتنیان لە بن گۆێچکەکانی خەڵک دا دەچرپاند و تا کاتی لە ناوچوونی ئەو مرۆڤە نەدەحەسانەوە. دیارە پاڵنەری سەرەکیی ئەو کارەش بەرژەوەندییەکان بوون، کە مامۆستایانی ئایینی وایان دەزانی بە ھاتنی ئەو بیروباوەرە نوێیانە بۆ نێو مێشکی خەڵک مێشکیان زیاتر دەکرێتەوە و ئەوان چیتر ناتوان بیروباوەرەکانیان بە ئەوان بقبولێنن. ھەرچەندە زۆر جاران شتە نویێەکان قازانجێکی زۆری بۆ مرۆڤەکان ھەبووە و ژیانی سەردەم قەرداری ئەو بیروباوەر نوێیانەن.
ئەمرۆ لە سایەی دۆزینەوەی ئەنشتاینئێمە لەوە گەیشتوین کە ئەو چرکە و خووڵەکە و ڕۆژ و ھەفتە و مانگ و ساڵ و سەدە و ھزارەەی کە ئێمە لێی تێگەیشتوین لە بنەرشەتدا لە ناوەڕۆکی سروشت و یاساکانی دا ھەن و جێگیرکراون و ناجوڵێن. بە واتایەکی تر ئەوان و ئەو دەمە تێپەڕ ناکاتن بەڵام ئێمەین کە تێپەڕ دەبین و لەبەردەم خاڵی دەمدا دەرباز دەبین. واتا ئەو پێوەرە و چرکە و ...ھتد، ئەگەر وەک میلیمەتر و سانتیمەتر و دێسیمەتر و مەتر و کیلۆمەتر و فووت بۆ پیوانی درێژایی و پانتایی و دووری شتەکان و سی سی و میلی لیتر و لیتر و ... ھتد بۆ پیوانی قەبارەی شتە شلەکان و پیوەرەکانی تری ھاوشێوە درەستیش بن، بەڵام دەکرێ لە جیاتی پیوانی تێپەڕبوونی کات و دەم بەکار بھێنرێتن بۆ پیوانی تێپەڕبوونی ئێمە و ڕووداو و مێژوو لەبەردەم خاڵ و وێستگە و ڕەھەندی کات و دەم بەکار بھێنرێتن. بابەتی دەم و تێپەڕبوونی ئێمە بە قەراخی دا وەک نموونەی خوارەوەیە: کەسێک بیەوێ لە شارێکی کوردستانی ڕۆژھەڵات بێتە شاری ھەولێری پایتەخت، و بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر لە مھابادەوە بەڕێ بکەوێ و دێتن بۆ شاری نەغەدە و دواتر بۆ شنۆ و ئینجا پیرانشار و تا ئەو دیوی سنوور دەبێ و دێتە چۆمان و سۆران و حەریر و شەقلاوە و سەلاحەدین و تا دەگاتە ھەولێر. دیارە ئەو شار و شارۆچکانە ھەن و لە نەخشەی جۆگرافیایی ناوچەکەدا دامەزراوەن و جێگیرکراون و تەنھا مرۆڤەکانن لە بۆی دەچن یان لێی دەردەچن. سەبارەت بە کاتیش بە ھەمان شێوە. چرکە و خوولەک و ... ھتد، و یەکەکانی ھاوشێوەی وەک ئەو شارانەن و لە بنەڕەتدا ھەن و جێگیرکراون و ئەوە ئێمەی مرۆڤەکان و ڕووداو و کارەسات و دیاردە مرۆڤی و کۆمەڵایەتیەکانین لێی نزیک دەبینەوە ، واتە تێپەڕ دەبین و بەڕێدەکەوین تا ئەو کاتەی دەگەین بە ھەر یەک لەو خاڵ و دەم و یەکەیانە.
ئەمڕۆ یەکێک لە دیاردە و باس و خاسەکانی تاکی کوردستانی " دەوڵەتی کوردستانە". ئەگەر ئێمە ئەو دەوڵەتە بە پیوەر و ھاوکێشەکانی ئەنشتاین لێکبدەینەوە ئەومان بۆ دەردەکەوێ کە ئەو دەوڵەتە لە ئەزەل و بنەڕەتدا دروست و جێگیر کراوە و ھەیە و بە پێی یاسا سروشتیەکان لە بوونی دا ھیچ گۆمانیک لە ئارادا نیە، و ئەو دەمەی کە ئێمە باسی لێوە دەکەین نەک ئەو دەمەیە کە ئێمە چاوەڕوانی دەکەین تا تێپەڕ ببێ تاوەکو ئەو دەوڵەتە دێتە سەر نەخشەی جۆگرافیایی جیھان، لە ڕاستیدا ئەو دەمە ئەو کاتەیە کە ئێمە لە لاپەڕەکانی مێژوو دا دەستمان پێی کردووە و تیایدا بەڕێ کەوتووین و ئێستاکەش لە ڕێگەداین تاوەکو دەگەین بەو وێستگە و خاڵەی کە ناوی " دەوڵەتی کوردستانە".
بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نیە ئەگەر لە کوردستان و جیھان دا کەس و لایەن و تەنانەت پارتی سیاسیش ھەبن، جا چ ئەو پارتانە سەر بە ڕەوتی سکولاریز ( علمانی) بن یان ئیسلامییە سیاسییەکان، و لە ئەگەری تێنەگەیشتن لە یاساکانی سروشت، بیانەوێ و کار بکەن بۆ لەباربردنی یان وەک بە خەیاڵی خۆیان لە پێناو نەبوونی و نەھێشتن بۆ سەرگرتنی.ئەگەر چی ئەوان بە ڕاشکاوانە وان ناڵێن و لە ترسی ڕای گەشتی ئاشکرای ناکەن، و لە ھەمان کاتدا خۆشیان لە خۆیان بە گۆمانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دژی پێلەکانی دەریا مەلە دەکەن و لە دژی ئەو دەوڵەتە دەجووڵێنەوە و تەنھا لەبەر ئەوەی کە کەسان و وەڵاتانێک ھەن ئەوەیان لێ داوا دەکەن. ئەو کەس و لایەن و پارتانە جگە لەوەی کە بە ڕیشی خۆیان پێدەکەنن، وەک مرۆڤی ساویلکەی کۆن، مێشکیان ئەوەندە بچوکەو مەودای بیرکردنەوەیان ئەوەندە تەسکەکە یاسایەکی لەوە جۆرەی سروشتی جێگەی تیایدا نابێ. ئەوان نازانن ھەوڵەکانی خۆیان و ئاغاکانیان لە دژی پێلە بەھێزەکانی سروشتدا ئەوەندە بچوک و لاوازن کە ھێزەکەی ناگاتە ئاستی ڤزەڤز و پڕپڕی باڵەکانی مێشووڵکە یان پێشکەیەک لەچاو ئەو یاسا باڵا دەستانەی سروشت، بەڵکۆ زۆر زۆریش کەمتر. لەو جیھانە گەورە و لە بن نەھاتووە دا " دەوڵەتی کوردستان" لە خاڵێکی دیاریکراوی جۆگرافیایی-دەمی دا جێگیر کراوە، بەڵام تەنھا ئەو شتەی کە ڕوون و ئاشکرا نیە ئەوەیە کە بە پێی پێوەرەکەی مرۆڤایەتی چەند کاتی دەوێ تا ئێمەی مرۆڤایەتی بگەین بەو خاڵە و وێستگەیە. بەڵام دەبێ بگۆترێتن کە خێرایی گەیشتنمان و شێوازی بڕیار و ھەڵسوکەوتەکانمان لەگەڵ دیاردە و ھەڵویستە سیاسی و کۆمڵایەتییەکانە کە پێمان دەڵێ کەی دەبێ پێی بگەین. ئەگەر ئەو بابەتە لە شێوەی ئۆتۆمبێلەک دابنێین، دەبینین ئەگەر ئێمە بە خێرایی ( ٣٠) کیلۆمەتر لە دەمژمێرێک دا بھاژۆین لەوانەیە چەند سەد ساڵێکی تر بخایەنێ و ئەگەر خێراییمان ( ١٠٠ ) بێ بەڵکۆ سەد ساڵی پێبچیتن، و ئەگەر بگاتە سەد و ھەشتا و زیاتر لەوانەیە کە سێ یان چا پێج ساڵی بوێتن تا بگەین بەو خاڵە و وێستگەیە. ئەوەی کە لێرە دا گرنگە بگۆترێتن ئەوەیە کە ئەو لایەن و وڵاتانەی نەحەزی " دەوڵەتی کوردستان" دەیکەن ھیچ نیە جگە لە لەمپر خستە بەر تایەکانی ئەو ئۆتۆمبێلەمان کە لە دێر زەمانەوە بەڕێکەوتووە و تا ئەو کاتەی دەگاتە وێستگەی خۆی، و ئەو وێستگەیەی کە ئێمە مانان خەونی پێوە دەبینین و بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی سایکۆلۆژی و سیاسی و خۆراکی خۆمان بە گرنگی دەزانین. پێویستە زڵھێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕوسیا و بەریتانیا و فەرنسا و وڵاتانی دەوروبەر و پارتە سیاسیەکانی کوردستان باش بیر خۆیان بێنن، کە وەک ئەنشتاین ئاماژە بە یاساکانی سروشت و نھێنیی دەم دەداتن، بەڵگەی بەھێزن کە دەسەلمێنن ئەو دەوڵەتە دامەزراوە و دانراوە و جێگیرکراوە ، تەنھا ماوە کە ئێمەی کوردستانیان و جیھانیان، کە لە نێو پاپۆڕەکەی ژیان و لە ڕێگەداین بگەین بەو خاڵە. واتە کەس لە جیھاندا ناتوانێ لە یاساکانی سروشت لا بداتن. ھەر جوڵەیەکی دژی ئەو یاسایە تەنھا ئەنجامەکەی ڕووڕەشی و ڕیسواییە بۆ ئەو کەس و لایەنانە، و ئەوانەش کە قسەیەکی خێری لێوە دەکەن، ئەگەر لە ڕۆانگەی ئایینییەوە بمانەوێ بلێین، نامەی کرداری خۆیان دەوڵەمەندتر دەکەن و بەردێک و خشتەیەک دەخەنە سەر ئەو خشتانەی ئەو خانوویەی کە جیھانی دوایی دا و لە بەھشت دا بۆیان ئاوەدان دەکرێتن، و ئەگەر بمانەوێ وەک زانست لێکی بدەینەوە، ئاسۆدەیی دەروونی و سایکۆلۆژی بۆ خۆیان و خەڵکانی تر گەرەنتی و مسۆگەر دەکەن و خۆیان لە ململانێ دەروونیەکان دەپارێزن و ئەوەش سەرچاوە و دەستپێکی خۆپاراستنەوەیە لە زۆرێک لە گیر و گرفت و نەخۆشییە کۆشندە دەروونیەکانی ژیان.
ژێدەر: ھەموو بەرھەمەکانی خۆالێخۆشبوو عەلی وەردی و بەتایبەت (١- وعّاڤالسلاگین ) و (٢- مھزلە العقل البشری).
*بسپۆری پێداگۆگی و سایکۆلۆژیایێ/ زانـــینگـــەھا زاخۆ






Top