دەمامکەکان کەوتن

دەمامکەکان کەوتن
فەرید ئەسەرسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لە دیمانەیەکدا، کە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" زمانحاڵی ڕەسمیی یەکێتی لە ژمارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ـی٧ـی٢٠١٦ بە ئیهتیمامێکی زۆرەوە بڵاوی کردۆتەوە، سووکایەتیی بە خواستی سەربەخۆییخوازیی گەلەکەی خۆی دەکات و پاساو بۆ دوژمنانی گەلەکەی دەهێنێتەوە و قسەی نەیارانی کوردستان دەڵێتەوە.
ئەو پاساو بۆ بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن مالکییەوە دەهێنێتەوە و دەڵێ: "ئێمە هیچ كێشەیەكمان لە گەڵ بەغدا نەبوو، هەتا ئەو كاتەی هەواڵێك بۆ گۆڕینی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو هاتە ئاراوە، بەشێك لە كوردو سوننە و موقتەدا سەدر ویستیان سەرۆك وەزیران بگۆڕن، كێشەكە لەمەوە دەستی پێكرد".
لێرە دەبێ دوو شت وەبیر ئەسەسەرد بهێنمەوە:
یەکەم: لەو کۆبوونەوەیەی کە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٢ لە بارەگای نوێی مەکتەبی سیایی یەکێتی لە هەولێر بەسترا، بە حزووری بەڕێزان سەرۆک بارزانی، مام جەلال، ئەیاد عەللاوی، ئوسامە نوجێفی، ساڵح موتڵەگ، عەممار حەکیم و موستەفا یەعقوبی وەک نوێنەری ڕەوتی سەدر، جەنابی مام جەلال پێشنیاری کردبوو کە ئێوە ئیمزا بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالکی کۆبکەنەوە و من سەلاحیاتی خۆم بەکار دەهێنم و وەک پڕۆژە دەیدەمە ئەنجوومەنی نوێنەران. دواتر کە ئیمزایەکان کۆ کرانەوە، مام جەلال لەو هەڵوێستەی پاشگەز بۆوە و نەیهێشت ئەندامانی یەکێتی ئیمزای بکەن، بۆیە ئەیاد عەللاوی لە دیمانەیەکدا ئاشکرای کرد کە مەسەلەی سەندەنەوەی متمانە لە مالکی پێشنیاری مام جەلال بووە.
دووەم: لەبیری کردووە کە ئەوە دوو سەرکردەی حزبەکەی ئەو بوون کە پێشنیاری بڕینی بودجەی خەڵکی کوردستانیان دایە مالکی، ئەگەر لەبیری چووە با قسەی جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وەبیر بهێنمەوە کە ڕۆژی ٢٣ـی٢ـی٢٠١٥ لە ڕۆژنامەی "هاوڵاتی" بڵاوکرایەوە و بە دەق گوتبووی: "عادل موراد بوو بە مالکی وت بودجەی کوردستان ببڕن".
لەوەگەڕێ کە ئەسەسەرد زوڵم و ناهەقییەکی گەورە لە گەلەکەی خۆی دەکات و پاساو بۆ تاوانەکانی مالکی و بەغدا دەهێنێتەوە، بەڵام نابێ ئەوەی لەبیر چووبێت کە دەوڵەتی ئێستای عێراق لەسەر شانی کورد دروست کرایەوە، ئادەی کاک فەرید پێشانمان بدە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، دەوڵەتی نوێی عێراق پابەندی کام بەڵێنەی بووە؟ کام مادەیەی دەستووری جێبەجێ کردووە؟ کوا ماددەی ١٤٠، کوا بودجەی پێشمەرگە؟ کوا پشکی کوردستان لە سوپای عێراق، کوا بەشی کوردستان لە شەراکەت؟ کوا بودجەی کوردستان؟ خۆ ئەگەر پێشتر ئومێدێکی بۆ پێکەوەژیان و هاوکاری هەبووایە، ئەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی مالکیدا هیچ ئومێدێک نەما. ئەو هەموو بنەماکانی دیموكراسی و سیستەمی فیدڕاڵی عێراقی تێک دا و بە تاکڕەوی و سیاسەتی هەڵە و خۆپەرستییەوە ئاوی کردە ئاشی تاییفەگەری و هێزێکی زیاتری بە شەڕی مەزهەبی بەخشی. ئەوە مالکی بوو کە بۆ یەکەمجار دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە کوردستان کرد و هێزی ناردە سەر پێشمەرگە. ئاخۆ ئەسەسەرد ڕووداوەکانی قەرەتەپە و هەڕەشەکانی هێزی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی لەبیر نییە؟ ئاخۆ لەبیری نییە چۆن مالکی بەڵێنی بە جەنەڕاڵە ترسنۆكەكانی دەدا کە پەلە نەکەن تا ئێف 16ـەکان دەگەن و ئەوکات ئاسانتر دەتوانن هەولێر داگیر بكەن؟ پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەسەسەرد خۆی دەکاتە پارێزەری مالکی و پاساو بۆ هەموو کردەوەکانی دژی کوردستان دەهێنێتەوە؟ ئەوەش لەکاتێکدایە کە مالکی ئێستا هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی نییە و ئەگەر سەودایەکیان بۆ داهاتوو لەگەڵی کردبێت وەک گرەوکردنە لەسەر کەری تۆپیو، چونکە ئەزموونی ڕابردوومان لەگەڵ بێ بەڵێنییەکانی بەغدا پێمان دەڵێت ئەوەی عاقڵ بێت دەست بۆ پشکۆیەک نابات کە جارێک دەستی داخ کردووە. خۆزگە ئەو خۆ زەلیلکردنەیان بۆ مالکی لە بەرانبەر ئەوە بێت کە بەڵێنی ئەوەیان لەو پیاوە وەرگرتبێت پشتگیریی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات.
ئەسەسەرد لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پێدەچێ هەر خۆی داینابێت و گوایە لە بری بەغدا، پایتەختێكی ترمان بۆ خۆمان دوست كردووە، دەڵێ: بەڵێ پشت كرایە بەغدا‌و رێككەوتنی ستراتیژی لە گەڵ توركیا ئیمزا كرا. جەنابی خەبیری ستراتیژی، دەکرێ پێمان بڵێت کاتێک بەغدا ئابلووقەی لەسەرت داناوە و هەڕەشەت لێ دەکات و بودجەکەت دەبڕێت، دەبێ دابنیشی چاوەڕێ بکەی پیلانەکە سەربگرێت کە بە خەیاڵی خاوەنەکانی پێشنیاری بڕینی بودجەی کوردستان، لێگەڕێین خەڵک ناڕازی بێت و پەلاماری دامودەزگەی حکوومەتی هەرێم بدەن؟ یان دەبێ دەرچەیەک بدۆزییەوە و داهاتێک بۆ گەل و وڵاتەکەت دەستەبەر بکەیت؟ ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ تورکیا، ئەگەر بە کێماسیشەوە بێت، کە نەوتی کوردستان بە فەرمی دەفرۆشرێت و بودجەی بۆ پێشمەرگە خەرجییەکانی شەڕی داعش و فەرمانبەران دابین کرد باشتر نەبوو لەوەی برادەرانی کاک فەرید دەیکەن و دەیانهەزار تانکەر نەوتی کوردستان ئاودیو دەکرێن بێ ئەوەی دینارێکی بێتە سەر داهاتی هەرێم؟
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا ئەسەسەرد، لە سەر ڕێگەی سەرۆک کۆمارەکەی، بێ ڕێزی بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و ئەمجارە لەجیاتی شوبهاندنی بە دڵداریی لەگەڵ کچێک، ئەمیان سەربەخۆیی لە گەل دەستێنێتەوە و دەیکاتە خواستی یەک حزب و بە ئاشکرایش دەڵێ یەکێتی لەگەڵ ئەوە نییە. "هەندێک هەڵپەی سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەكەن تاکو كێشەی یـــاسایی ‌و سیاسی پەردەپۆش بكەن، ئەو كێشەیە لەلای یەكێتی نییە". ئێستا منی هاووڵاتی بۆم هەیە بڵێم جەنابی ئەسەسەرد، ئەگەر ئێوە بۆ پەردەپۆشکردنی فەشەلی ئیدارەدانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان، پشت لە دروشمەکانتان دەکەن و سەربەخۆیی کوردستان دەکەنە قوربانیی دەستکەوتی بچوکی حزبی و بەرەو بەغدا بادەدەنەوە، ئەوە گوناهی ئەو کادیر و هەوادارانەتان چییە کە فریوی دروشمەکانی ئێوەیان خوارد و وایانزانی هەر بەڕاستی ئامانجتان مافی چارەی خۆنووسینە، کەچی ئێستا بە ڕووقایمییەوە هاتووی و دەڵێی: ئەو كێشەیە لەلای یەكێتی نییە.
ئەوەی نازانێ ئەسەسەرد مەبەستی چییە، با ئەم دێڕانە باشتر بخوێنێتەوە: "هەندێك لایەن لەسەر بنەمای یان لەسەر ستراتیژیی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغدا كار دەكەن. بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەردا بۆچوونێكی بەهێز هەیە كە پێویستە ئێمە ڕایەڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەپچڕێنین، من بۆچوونی خۆم ئەوەیە كە ڕەوتی ڕووداوەكانمان بۆ دەهێنێتە پێش كەپێویستە ئەو ڕایەڵانە بگەڕێنینەوە‌و بەهێزیشی بكەین". جەنابی کاک فەرید، کێشە ئەستوورکردن و پچڕاندنی ڕایەڵەکان نییە، بەغدا ڕاهاتووە کە پاشکۆی دەوێت و ئێمەش پاشکۆیی و کلکایەتیمان قبوڵ نییە. بەڵێ، لایەن هەیە دەیەوێ کۆتایی بە زوڵم و زۆر و بەسترانەوەی ناچاری لەگەڵ بەغدا بهێنێت و کوردستان سەربەخۆ بێت و ئەو ڕایەڵە درۆیینە نەمێنێت. ئەو لایەنەش پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەگەر لایەنی تریش هەیە دەیەوێ "ڕایەڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەپچڕێنین" و حەزی لە پاشکۆبوونە، غەدر لە مێژووی خۆی دەکات.
Top