بەخۆدابچنەوە

بەخۆدابچنەوە
هەموو ئەو نیگەرانیانەی لەسەر ماهییەتی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی و دواڕۆژی دەوڵەتی كوردستان لەئارادایە، لەشوێن خۆیاندان، بە مەرجێك بۆ دروستكردنی لەمپەر و بیانووفرۆشتن نەبێ لەبەرانبەر سەربەخۆیی گەلی كوردستان. زۆر ڕاستە هۆكاری سەرەكیی شكستی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكارامەیی و ستەمكاریی سیستەمە سیاسییەكان بووە. هۆكارەكەیشی بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوڵەت لەو ناوچەیەدا بە ئیرادەی دانیشتوان و بە پێی ویستی خەڵك بەرپا نەبووە.
هەر دەوڵەتێك بە ئارزوو و ئیرادەی دانیشتوانەكەی بەرپا بێت ئەستەمە ڕێگەی ستەمكاری و نادیموكراتبوون بگرێتەبەر. دەوڵەتی كوردستان یەكەم دەوڵەتی ناوچەكە دەبێت بەپێی ویست و ئاواتی خەڵكەكەی دەكەوێتە سەرپێ.
دوای ئەوەی سەروەری مسۆگەر كرا دەكرێ زۆر بەباشی ئەو سیستەمەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە چاك بكرێت و بەرەو پێشەوە بچێت. بەشێك لە نەیارانی سەربەخۆیی كە دیموكراسی و سیستەمی سیاسی دەكەنە بیانوو بۆ دژایەتییەكەیان خۆیان هەنگاوی مەلمووسی دیموكراتخوازانەیان نەناوە. زیاتر كاریان بۆ نەهێشتنی متمانە و قووڵكردنەوەی گرفتەكان كردووە. كێ زانیویەتی جنێوفرۆشی و چەواشەكاری دیموكراسی پتەوتر دەكات؟ چۆنچۆنی ئەسیركردنی میدیای ئەهلی و بەحزبیكردنی ڕاگەیاندن خزمەتی سیستەمی سیاسی دەكات؟ تێكهەڵبوون لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمی چ سوودێكی بۆ دیموكراسی هەیە؟ پێشنیاردان بە مالكی بۆ ئەوەی قووتی خەڵكی كوردستان ببرێت كردەیەكی دیموكراتخوازانەیە؟ هاندان بۆ توندوتیژی و تەقەكردن لە خەڵكی بیانی خزمەتی كولتووری سیاسی دەكات؟ بەرپاكردنی شەڕی دەروونی و ڕیكلامی خۆڕایی بۆ تیرۆر چی؟ ئەوەیش لەبەرژەوەندیی سیستەمی سیاسییە؟ بەستنەوەی كوردستان بە سیستەمە فاشیلەكەی عێراق كوا لە بەرژەوەندیی كولتووری سیاسییە؟ كوا ڕەوایە لەسەر چانەخواردنەوەیەك قەیران بخوڵقێنن؟ كامیان دیموكراتیترە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵك یان فیلتەری حزبەكان؟
كەس دەوڵەتی هاوشێوەی كوریای باكوور و ئەتیوپیا و عێراق و ئێران و خەلیجی ناوێ. هاووڵاتیانی كوردستان دەوڵەتی كوردستانیان دەوێ كە ئاشتیخواز و مرۆڤسالارە و لە ناوچەكەدا بێ وێنەیە. ئەبێ ڕێگە بدرێ خەڵك خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و قەدەری وڵات بە بەرژەوەندیخوازیی ئەحزاب نەبەسترێتەوە. حزبەكان پێویستیان بە میساقێكی شەرەفە كە بە هەڵوێست و ڕەفتاریاندا بچنەوە. بەردی بناخەی سیستەمی سیاسی هەست بە بەرپرسیارێتیكردنی سیاسییەكانە. كار كردنە بۆ گێڕانەوەی متمانەی نێوانیان. ئەبێ دەستبەرداری ڕق و كین بن و بڕوایان بە سڕینەوەی بەرانبەرەكەیان نەبێ.
پارە لە جنێودان سەرف نەكەن بەڵكو لە فەرهەنگ و ئەدەب و هۆشیاریی سەرف بكەن.
بەخۆیاندا بچنەوە و پاشان قسە لەسەر سیستەم بكەن، نەشبنە ڕێگر لەبەردەم پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووس.
Top