دوا وشەی مستەفا بارزانی بۆ ئەمەریکا

دوا وشەی مستەفا بارزانی بۆ ئەمەریکا
لەم چەند ڕۆژەی دوایی لەبارەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکا هەندێک زانیاریم لە د.(شەریق قەزار)، وەرگێڕی (مستەفا بارزانی) نەمر، وەرگرت پرسیارم لەسەر ئەوە بوو کە بارزانی ڕوانگەی چی بوو لەسەر ئەمەریکا و ئەمەریکاش چی لە کورد دەویست؟، قەزار، گوتی: "ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ مستەفا بارزانی، چووین بۆ ئەمەریکا ئەو کاتە بارزانی چاوی بە پزیشک کەوت دواتر خۆم بە بارزانیم گوت کە پزیشکەکان پێیان گوتووە جۆری نەخۆشییەکەی چییە، دواتر (جۆزیف سیسکۆ)، گەورە دیپلۆماتکاری ئەمەریکا و یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هات لای بارزانی پێی گووت کە ئەو ئاگاداری ناوبانگیەتی و کەسێکی شۆرشگێرە و بەخەمی گەلەکەوەیەتی، بارزانیش پێی گوتووە کە ئەو هیچی نەکردووە، ئەوەی کردوویەتی ئەرک بووە و کوردیش هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئاواتی خۆی، بەڵام یەک داواکاری لە ئەمەریکا هەیە ئەویش ئەوەیە کە پرسی کورد وەک پرسێکی هەمیشەی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک لەڕوودانی شتێکدا بیری بێتەوە)،.
لە کاتێکدا پێم وایە کە قسەکانی بارزانی لەو ڕوانگەیەوە بووە کە پرسێک هەیە بەناوی پرسی کورد لەهەمان کاتدا، جوگرافیایەکی دیاریکراوی هەیە و گەلێکە لەسەر خاکی خۆی ناکرێت ئەمەریکا لە ڕوانگەی کێشەکانی (تاران، ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق)ەوە لەپرسی کورد بنواڕێت.
پەیامی مستەفا بارزانی، ڕوون بووە بۆ ئەمەریکا. لەوەش دەچێت ئەوە دوا پەیام بووبێت چونکە ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەمەریکا سیاسەت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، بۆیە ئێستا گرنگە سیاسەتێک هەبێت بچێتە سەر راسپاردەی مستەفا بارزانی، وا لە ئەمەریکا بکات کورد ببێتە هۆکارێک کە بەرژەوەندییەکانی خۆی تێداببینێتەوە، چونکە راستییەک هەیە لەسەر پەیوەندی دوولایەنە ئەویش (تۆچیت هەیە تامن پێت ببەخشم)، ئێستا ئاستی پەیوەندی کورد و ئەمەریکا گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە رێککەوتنیان لەگەڵ واژۆبکرێت، واتە کورد توانیویەتی ببێتە دۆسیەیەک کە ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵ بکات، لەهەموو گرنگتر ئەو بۆچونەی کە مستەفا بارزانی پێی وابووە کە ناکرێت کورد لەڕوانگەی دراوسێکانییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەوەی ئەمرۆ لە کوردستان دەیبینین ئەو رێرەوەیە کە ئەمەریکاش گەیشتوەتە ئەو راستییەی کە ناکرێت پرسی کورد لە ڕوانگەی وڵاتانی دیکەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، باشترین نمونە پرۆتۆکۆلی هەولێر-واشنتۆنە کە بەپێی ئەم رێککەوتنەکە ئەمەریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هاوکاری سەربازی دەداتە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ئەگەر لەڕوانگەیەکی سیاسییەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین دەردەکەوێت کە ئێستا کوردستان وەک دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
پرۆتۆکۆلەکە بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە کە ئێستا وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە و لەئاستی جیهانیش وەک سەرکردەی مەیدانی لەبەرانبەر داعش وەستاوەتەوە، بۆیە مانەوەی کوردستان بەبەهێزی لە ناوچەکە نەک هەرخزمەت بە ئەوروپا و ئەمەریکا و ناوچەکە دەکات، بەڵکو سەنتەری ناوچەکە بەئارامی بهێڵێتەوە، بۆیە بەهێزبوونی کوردستان پاراستنی ئارامی ناوچەکەیە، دوورنییە هەنگاوی دیکەش نەنێرێت لەوانە بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێتە هێزێکی نێودەوڵەتی و لەناوچەیی، چونکە هاوکاری مەشق و پێدانی بودجە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ پێشمەرگە رەهەندی دیکە هەڵدەگرێت لەوە دەچێت یەکێک لە ڕەهەندەکان ئەو قسەی مەسعود بارزانی بێت کە گوتی: "پێشمەرگە ئامادەیی تێدایە هەیە لە ڕەقە جەنگ بکات!!"
Top