پیلانی ئەردۆگان و دەوڵەتی كوردی

پیلانی ئەردۆگان و دەوڵەتی كوردی
هەندێ كورد پێشنیاریان دا بە مالیكی كە قووتی خەڵكی كوردستان ببڕێت بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم و بە قسەی خۆیان پارتی بكەوێتە سەر ئەژنۆ و تەسلیم ببێت. هاوكات لەگەڵ ئەو پێشنیارە زێڕینەی چەند جاشسیفەتێكی كورد، خوبەرای فورس و عەرەبی مالیكی، هانی سەرۆكوەزیرانیان دا پێشنیارەكە جێبەجێ بكات. ئەوان وای بۆ دەچوون سایكۆلۆژیای ئینسانی كورد چاوچنۆك و پارەپەرستە و ئەوە بكرێت كورد خێرا خۆی بەدەستەوە دەدات. پێشتر مالیكی هەرگیز جورئەتی نەبوو بودجە وەك كارتێكی سیاسی لەدژی كورد بەكار بهێنێت بەڵام كە پێشنیارەكە لە لایەن خودی كوردەوە پێشكێشكرا بە دەنگێكی دلێرەوە بڕیاری بڕینی بودجەی دا... بەڵام گەلی كوردستان تۆكمەتر لەوە بوو مەكرێكی ئەوها نزم ئیرادەی تێكبشكێنێت.
كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی یەكڕیز و یەكدەنگ سنووری سەربەخۆیی دیاری دەكرد و داعشی بەدڕەوشتی دەشكاند، بەغدا ئابڵۆقەی چەكی خستەسەر پێشمەرگە و جاش حەشدی لە شنگال دروست كرد و لەنێوخۆیشدا سەدان پەیج و سایت و میدیای سێبەر هەڵتۆقین و شەڕی دەروونیان لەگەڵ پێشمەرگە كرد و ڕیكلامی خۆڕاییان پێشكەشی دوژمن دەكرد. ئەو ڕەفتارە نامۆیە مایەی سەرسووڕمانی چاودێرە بیانییەكان بوو، بۆچی دەبێ لەكاتی شەڕدا میدیای حزبەكان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو دژی وڵاتپارێزان بن؟ بەوەیش نەوەستان هانی كارمەندی حكوومیان دا مان بگرن، بارەگایان سووتاند، خوتبەیان دا بۆ ئەوەی كونسوڵ بكوژن و ئەندازیار بڕفێنن.... لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا پێشمەرگە شەڕەكەی بردەوە و لووتی داعشی شكاند.
تابۆی سەربەخۆی شكا، كوردستان لەدەرگەی سەربەخۆیی دا، كۆمیتەی سەربەخۆیی دروست بوو، كەچی حزبەكان سەدان نووسەریان بەكرێ گرت، دەیان ملیۆن دۆلاریان لە میدیا خەرج كرد، شاشەكانیان كردە ئێچ دی بۆ ئەوەی باشتر جنێو بدەن و سووكایەتی بە سەربەخۆیی بكەن و سەرۆك و پێشمەرگە بشكێنن. ناو و ناتۆرەیان بۆ دەوڵەت داتاشی. ئاواتی گەلێكی ستەمدیدەیان بچووك كردەوە و بە پیلانی ئەردوگان و قەتەر و سعودیە و ئیماراتیان لەقەڵەم دا. ڕووقایمانە بڕوبیانوویان بۆ دۆزیەوە، ئەوەی لەدەستیان هات كردیان بۆ ئەوەی لە زەینی خەڵك دەوڵەت سووك و چرووك بكەن. لەوە زیاتر ڕۆییشتن و بەیعەتیان لەگەڵ بەغدایش تازە كردەوە و بە دەنگێكی بەرز بە نەیاریان گوت خەمتان نەبێ ئێمە پەرتەوازەین، یەك دەنگ نین، دەوڵەتمان ناوێ، پاشكۆیمان گەرەكە.
ڕەنگە تێگەییشتن لەم ڕەفتارە بۆ موحەلیلی ناوخۆیی ئاسان بێت بەڵام جیهانیان بە ئەسەفەوە سەیری ڕووداو و هەڵوێست و ئاستی نزمی سیاسییەكانی كورد دەكەن و لەو خۆبەبچووكزانینەی سیاسییەكانی كورد ناگەن.
دەوڵەت هی بارزانی و پارتی نییە، هی هیچ حزب و كەسێك نییە، موڵكی تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە. دەوڵەتی كوردستان ئاواتی مەزنی ئەم گەلەیە و دژایەتی دەكرێت چونكە پڕۆژەیەكی پیرۆزە بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. دەوڵەتی كوردستان گێڕانەوەی ئیرادەی دانیشتوانە كە سەدانساڵە بە زوڵم لە لایەن داگیركاران زەوت كراوە. دەوڵەتی كوردستان نەیاری زۆرە چونكە ئاشتی دەوێت و تاییفەگەری و جەهل هەوێنی نییە، دەوڵەتی كوردستان دوژمنی زۆرە چونكە وەك دەوراوپشتی خۆی دیكتاتۆر نییە و ڕۆڵەكانی لە سێدارە نادات و قڕیان ناكات، ئەو دەوڵەتە ڕاسیست و توندڕەو نییە و ڕێزی پێكهاتەكان دەگرێ.
لەناوخۆدا دژی زۆرە چونكە دەوڵەت كۆتایی خێڵایەتی و ناوچەگەری و شارچێتییە، گەڕانەوەی بڕوابەخۆبوونە بۆ مرۆڤی كورد. دەوڵەت كۆتایی بە حزب دەهێنێ و چوارچێوەیان بۆ دادەنێت. دەوڵەت ئینسانی كورد لە كۆیلەبوونی حزب و شەخس و خێڵ ڕزگار دەكات و دەیكاتە هاووڵاتی بۆیە ئەوەندە لێی دەخوێنن. دەوڵەت بەربەستە لەوەی مرۆڤی كوردستانی تێكهەڵی ئەدەبیاتی ئومەمی و توندڕۆیی جیهانی بكرێت و لە پێناسەی نامۆدا بتوێتەوە بۆیە ئەوەندە لەدژی ڕادەوەستن.
Top