تشیلكۆت. بەرجەستە نەبوونی واقع

تشیلكۆت. بەرجەستە نەبوونی واقع
*هەفتەی رابردوو بە ئەندازەی گەرمی كەش و هەوای كوردستان گۆڕەپانی رامیاری جیهانی پەیوەست بە دۆسێی عێراق و بەتایبەت بەریتانیا ئالودە و سەرگەرمی شرۆڤەكردنی (بۆمبی) راپۆری لیژنەی لێكۆڵینەوەی بەریتانیا ناسرا و بە (تشیلكۆت) كە پەیوەستە بە بەژداری وڵاتی ناوبراو لە هەڵمەتی ئازادكردنی عێراق ساڵی (2003) لە چنگاڵی رژێمی بەعس بوون. ئەم راپۆرتە وای كرد زۆربەی نێوەندەكانی بڕیار بێنە دەنگ و هاوكات لە رۆژانێكدایە بەریتانیا بڕیاری دا لە فۆڕمی قەڵەمڕەوی یەكێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە. *لەو میانەدا ناچمە وردەكاری شرۆڤە و زانیاریەكانی راپۆرتی ناوبراو چونكە بەشێكی زۆری بۆ ناوخۆی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە بەڵام دەكرێ دوای بەدەنگهاتنی تۆنی بلێری سەوەزیری ئەوسا كە هاوتایەكی جۆرج وۆكەر بوش بوو، هاوپەیمانیەتیەكی فراوانیان لە سەرتاسەری جیهان دژ بە سەدام پێكهێنا، باس لە بۆچونێكی تر بكەم.

*بلێر زۆر ڕاشكاوانە گووتی: وێڕای ئەوپەڕی دڵتەنگیم بۆ شەڕ و هەڵەی هەندێ سەرچاوەی هەواڵگری بەڵام جیهان بەبێ سەدام حوسێن زۆر باشترە، هەروەها گەر بگەڕێنەوە ئەو قۆناغە و هەمان ئاریشە بێ شك دووبارە ئەو بڕیارە دەدەمەوە، بۆ بەژداری لەو شەڕە رەوتێكی راست و دروستمان گرتە بەر. هاوكات ئاماژەی بەوەدا كە تەواوی بەرپرسارییەتیەكە دەگەرێتە ئەستۆ هەروەها دژی ئەو بەندە بو كە توند و تیژی و ئیرهابی ئەمڕۆ، زادە و خوڵقا و بەرەنجامی ئەو شەڕە بوو بێت.
*تۆنی بلێر لەو بەدەنگەوە هاتنە ویستی بڵێ، زەبرو زەنگی توندڕەو و تۆقێنەرەكان لە هەر قەوارە و چوارچێوەیەكدابێ هەر یەكەو بنەماكەی هاوبەشە، رەنگە باشترین نمونە ئەوە بێ هێشتا سەدام مابوو كەچی (11)ی سێپتێمبەر رووی دا، سەدام مابوو تەقینەوەكانی نایرۆبی و خوبەر ئەنجام درا، كە وایە سەدام ئاڕاستەی توندڕۆكانی ئەمڕۆ دوو دیوی یەك دراون و بەبڕوای زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی عێراق و ناوچەكە بلێر و بۆش باشترین بژاردەیان ئەنجام دا. ئەوەی ئەمڕۆ هەیە بابەتێكی ترە و تەنها پەیوەندی بەعێراقەوە نییە، داعش لە منداڵدانی زەبر و زەنگ و تاوانی ئەسەد لە سوریا هاتە وجود ئەمە چ پەیوەندی بەدەرهاویشتەكانی تر هەیە. *لەو راپۆرتەدا تەیا و تەنیا بەرژەوەندی بەریتانیا بەردیدە گیراوە ئەمە لە سیاسەتدا وایە، وەلێ بۆچی پۆزەتیڤانە باسێكی كورتیشی لەوە نەدەكرد سوودی بۆ گەلانی ئازادیخوازش هەبوو وەكو كورد كە بڕیاری ئەوان و سەد ساڵ پێش ئێستا (سایكس پیكۆ) جوگرافیای ناوچەكەی بۆ كورد كردە دۆزەخ!. پێموایە ئەوەی بلێر كردی ( هێندەی پەیوەندی بەكوردەوە هەیە) قومێك بو لە شكاندنی تینوێتیمان بەرامبەر ئەو جورمەی حوكمی بەریتانیای عوزما كە لە میللەتەكەمان كراوە.
Top