وانەكانی شەڕی داعش و چەند پرسیارێك

وانەكانی شەڕی داعش و چەند پرسیارێك
داعش بۆ وا دڕندە و بەدڕەوشتە؟ بۆ وا لەگەڵ گەلی كوردستان بێ بەزەیی بوو؟
چونكە تێكهەڵێكە لە فكری تەكفیری جیهادیی ئەلقاعیدە و شۆڤینییەتی عەرەبی، لە ئاوێتەبوونی ئەو دووە ئەهریمەنێكی بەدڕەوشتی وەك داعش هاتەكایەوە. بەشێكی زۆری بكوژ و سەربڕ و ئەفسەرە مەیدانی و شەڕەكەرەكانیان خەڵكی بیانی و كۆنە بەعسییەكان بوون. كوردستان بەهۆی بەهاكانی و فرەلایەنی و پێكەوەژیان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پڕۆژەی خیلافەی ئیسلامی. هەموو شتێكی كوردستان پێچەوانەی جیهانبینیی داعش بوو.
شكستی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بۆچی مێژوویی و گرنگە؟
چونكە داعش هەڕەشەیەك بوو بۆ سەر كۆی مرۆڤایەتی، داعش ترسی خستبوو ناو دڵی هەموو دەوڵەت و وڵات و خێزانێك لەسەرانسەری جیهان. دوای ئەوەی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی داعشی شكاند، ترسەكان ڕەوانەوە و ئەو قەناعەتە لای جیهان دروست بوو كە داعش هێزێكە كە قابیلی شكانە.
لەگەڵ ئەوەیش پێشمەرگە تەنیا شەڕی دەعبایەكی شەڕەكەری پارەداری بێویژدانی فێڵبازی نەدەكرد، شەڕی تەوژمێكی شوومی دژەئینسانی دەكرد كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. شەڕی بەشە شەڕانگێزەكەی جیهانی دەكرد. شەڕی پاراستنی بەهاكانی دەكرد، پێشمەرگە لەشەڕێكدا بوو لەبەرانبەر جەهلێكی مورەكەب و وەحشی كە هەڵگری ڕق و كرێتی و پاوانخوازی و كۆیلەكردنی مرۆڤ بوو.
لەڕووی ستراتیژییەوە پێشمەرگە چی بەدەستهێنا؟ بۆچی نەیارانی كوردستان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە قەڵس و تەنگاون؟
چونكە پێشمەرگە لەم شەڕانەدا سنووری سەربەخۆیی دیار كرد. ئەو شەڕە پێشمەرگەی كردە هێزێكی شەرعی و پارێزەری جیهان. پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا بوو بە هێما و سیمبۆڵی ئازادیخوازی و بەروەڕووبوونەوەی زوڵم و جەهل.
لەوەیش بترازێ پێشمەرگە خاكی گەلەكەی ڕزگار كرد و قووڵایی ستراتیژی بۆ وڵاتەكەی دروست كرد. بست بە بستی بە خوێنی خۆی گەڕاندەوە. كوردستان پاشەكشەی نەكرد، دوژمنی وەستاند و بەرگریی كرد و پەلاماری دوژمنی دا. نەخشەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی ڕەبیعە و زووممار و چیای شنگال و شنگال و سەدی موسڵ و مەخموور و باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك و جەلەولا و شوێنەكانی تر بە لەبەرچاوگرتنی دژواریی شەڕەكان و سەرسەختیی دوژمن، ژیرانە و ورد و زانستی بوون. زۆر لە شارەزایانی سەربازی وای بۆ دەچن ئەم ئۆپڕاسیۆنانە وانەی سەربازیی گرانبەهان بۆ ئاكادیمیا سەربازییەكانی جیهان.
پێشمەرگە چیی كرد؟ بۆچی پێشمەرگە خوێنی خۆی بەخشی و فیداكاریی كرد؟
پێشمەرگە شاكاری كرد، خاكی ڕزگار كرد و بڕوابەخۆبوونی بۆ ئینسانی كورد گەڕاندەوە. پێشمەرگە خوێنی دا و خۆی فیدا كرد بۆ ئەوەی گەلەكەی بپارێزێت. لە ژیانی خۆی خۆش بوو بۆ ئەوەی گەلەكەی بژیێت. ئەوە گەورەترین وانەیە بۆ تاك تاكی ئێمە و لەسەرووشیانەوە بۆ سیاسییەكان. پێشمەرگە وەك سیاسییەكان چاوچنۆك و بوودەڵە و خۆبەبچووكزان نەبوو. پێشمەرگە مەردانە شەڕی دوژمنی كرد و وڵاتەكەی ڕزگار كرد.
ئەم قارەمانێتییە دەبێ تاهەتایە لە زاكیرەی ئینسانی كورددا بمێنێتەوە و لەبیری نەكات.
Top