تیرۆریستی پاڵەوان

تیرۆریستی پاڵەوان
(هانا ئارێنت) فەلسەفەزانی ئەڵمانیایی لە كتێبی (سەرچاوەكانی تۆتالیتاریزم)ـدا باس لەو مرۆڤە تێكشكاوە دەكات كە لەنێو پووچیدا ڕۆچووە. ئایدیۆلۆژیا تێكیشكاندووە و ڕۆحی بوێری لێ سەندووە. ئەو باسی جەنگێك دەكات لەدژی ئازادی. ئەو دەڵێ: "ئایدیۆلۆژیا پەیوەندیی نێوان تاكەكان تێكدەدات و متمانەی نێوانیان دەكوژێ. لەسایەی باڵادەستیی ئایدیۆلۆژیادا خەڵك لەناخی خۆیاندا لەیەكتر بەهەنجەتن، دوودڵ و بەدگومانن، لە یوتوپیای ئایدیالۆژیادا جا دینی بێت یان دنیایی (ئازادی) لەبەرانبەر (نان)ـدا خۆی بەدەستەوە دەدات، نان دەبێتە بەهای باڵا. ئەو زێتر باسی جەنگەكە دەكات و دەڵێ: " ئایدیۆلۆژیا لەڕێی میدیا و پڕوپاگەندە و ئیراهابی فكری پەیوەندیی نێوان تاكە و ڕاستییەكان دەشێوێنێت و، وای لێ دێت مرۆڤەكان بێ ئەوەی بزانن دژی ئازادیی خۆیان دەجەنگن". لەوێدا دژایەتیی ڕاستی كوێرانەیە و جیهان تەنیا دوو ڕەنگە.
دوای ئەوەی ئەمەریكا سەددامی ڕووخاند، عەرەبی شیعە و سووننە كە بارگاویی بوون بە ئایدیۆلۆژیای تاییفەگەری كەوتنە گیانی یەكتر و وڵاتیان خاپوور كرد و لەسەر ناو گەرووی یەكتریان هەڵدڕی. داعش و حەشدیان پێكهێنا كە تا سەر ئێسقان دژی ئازادیی ئینسانن. عەرەبی شیعە و سووننە شانازی بەم دوو دێوە دەكەن.
لە كوردستاندا ئایدیۆلۆژیا بە چەكی ئیعلام و چەواشەكارییەوە هاتە شەڕی خەڵك. ویستی كەشێك بخوڵقێنێ كە ئینسانی كورد دژی ئازادیی خۆی بجەنگێ، كاری بۆ لێكترازان و بەهەڵەتێگەیاندن و شێواندنی پەیوەندیی نێوان حەقیقەت و ئینسان كرد. ئێستا جەنگێك لەئارادایە جەنگی هەمووان لەدژی ئازادی و ئاسوودەیی خۆیان. ئەگینا چۆنچۆنی خەڵك دەردەكەوێ كوێرانە و ڕووقایمانە دژی سەربەخۆیی خۆیان بن... چۆنچۆنی شەڕی دەروونی لەگەڵ ئەو پێشمەرگەیە دەكرێ كە ئەوان دەپارێزێ؟ چۆن عەبەسیەت و یەئس دەبێت بەها؟ چۆن لە چاوتروكاندنێكدا دەكرێ فریشتە بكرێتە شەیتان و شەیتانیش بكرێتە فریشتە؟ ئەگەر ئەوە جەنگی ئینسانی كورد نەبێ لەدژی ئازادیی خۆی چۆن تیرۆریستی نارنجۆكوەشێن دەبێتە پاڵەوان كە بۆ كوشتنی مرۆڤ بۆسەی داناوە؟
Top