هەر لەبارەی بكوژ و تیرۆریستەوە

هەر لەبارەی بكوژ و تیرۆریستەوە
بكوژ و تیرۆریست تەنیا لە خاڵی كوشتنی مرۆڤ یەكتر دەگرنەوە. بكوژی ئاسایی لادەرێكی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتییە بەڵام تیرۆریست لەبنەڕەتدا كائینێكی سیاسییە و بۆ مەبەستێكی سیاسی مرۆڤ دەكوژێ.
تیرۆریست لە داهێنانی تاكتیكی تۆقاندن و كوشتن زیرەك و ژیرە. بە پێچەوانەی بكوژی ئاسایی ئەو لەڕادەبەدەر حەزی لە دەركەوتنە و شێتی میدیایە. ڕیاكارە، دەتوانێ بچێتە پێستی مەڕ و بەرگی مەزلووم بپۆشێت، دەتوانێ ڕیش دابنێت و ئەگەر پێویست بێ بشیتاشێت. تیرۆریست سوود لە هۆیەكانی ڕاگەیاندن و چوارچێوە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەكانی وڵات وەردەگرێت. تیرۆریست مەسڵەحەتچیشە، بۆ گەییشتن بە مەرامی خۆی حەزی لە تەحالوفاتە. تیرۆریست دیماگۆجی و درۆزنە، بۆ لەخشتەبردنی ڕای گشتی چەواشەكاری بڵاو دەكاتەوە. ئەو دەتوانێ لە مزگەوت و قوتابخانە و ڕێكخراوی مەدەنیدا بێت، دەتوانێ ئاسنگر و فڕنیچی بێت و كەلوپەلی جوانكاریی ژنانەیش بفرۆشێت. تیرۆریست شارەزای تەكنیكەكانی مێنڕێژكردنی ڕێگەوبان و ئۆتۆمۆبیل و مرۆڤە. تیرۆریست ئەگەر دەستی بەسەر جیۆگرافیادا گرت دەتوانێ دەوڵەت ڕابگەیێنێت و شەڕی دەرووبەری بكات، هەروەكچۆن داعش كردی.
Top