پەلكێشكردنەوەی كورد بۆ بەردەم سەگەلەكەی نوگرەسەلمان!

پەلكێشكردنەوەی كورد بۆ بەردەم  سەگەلەكەی نوگرەسەلمان!
ترس لەوە نییە دوژمنان چیمان پێدەكەن و چەندە كۆسپ و تەگەرە دەخەنە سەر ڕێگای سەربەخۆییمان و لێمانی بەردەڵان و مینڕێژ دەكەن، مەترسی ئەوەیە كەسانێك، پەندیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هێشتا خەون بە یەكپارچەیی عێراقەوە دەبینن، خۆیان بە بەڵێنی سەركردە شكستخواردوەكانی حكوومەتی بەغدا هەڵدەخەڵەتێنن، لەوەش خراپتر ئەوەیە دەیانەوێت لە جیلی نوێدا پواز دروست بكەن، پوازیش ئەگەر لە گێلە پیاودا هەبێ، هێندەی گێلییەكەی خۆی زەرەر لە دۆسییە نەتەوەییەكەی دەدات.!
تا ئێستا بیستووتانە، كەسانێكی هێندە بێباك، لە نێو میللەتێكی بێ دەوڵەتدا هەبن لە خواستی زۆرینەی میللەت و خاكی ڕەسەنی خۆیان هەڵگەڕێنەوە؟ پێناسی خۆیان بپڵیشێننەوەو بە پێناسێكی دیكەی بگۆڕنەوە، وەڵامەكەی بریتییە، لە نەخێر. نەمانبیستووە، ئەوەشمان نەخوێندۆتەوە كەسانێك هێندە ڕووقایم و خۆبەبچووكزان بن لە نەوەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتدا بن، كەچی لە سەربەخۆیی خۆیان پەشیمان ببنەوە و خۆیان حەزی بندەستی و كۆیلایەتیی و زاڵبوونی نەتەوەی سەردەستە هەڵبژێرن.؟ بیانەوێت مێژووی بێوێنەی خاك و نەتەوەیەك لە بۆتەی وڵاتێكی عەرەبی بەزۆر سەپێنراودا بسڕنەوە!
بارزانی بۆ كۆبونەوە و تەكبیری ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی میللەتێك بانگهێشتیان دەكات، كەچی ئەوان ملی ڕێی حكوومەتە فاشلەی بەغدا دەگرنە بەر، گوایە جووڵەی سیاسییان دەست پێكردوە! لە پێناو ئەوەی هەرێمی كوردستان بكەنەوە كلكی عێراقی عەرەبی، نەتەوەی كوردیش بكەنە خزمەتكاری نەتەوەی عەرەب.!
ئاخر دەمانخەنەوە باوەشی كێ؟ چیتان لە عێراقی نەوەدساڵەی ستەم کارەساتدا چنیوەتەوە، جگە لە ئەنفال و كیمیابارانكردن، ئایە بەو وڵاتە عەرەبییەمانەوە گرێ دەدەنەوە كە سەركردە شۆڤێنییەكانی تا ئێستاش بە عەمیلی ئیمپریالیزم و ئینفیساڵ و كرێگرتە و ئیسرائیلی دووەم و میللەتی ناموسڵمانمان دەزانن.! خۆ لەوانەشە بۆیە بمانبەنەوە عێراق، خواخوایان بێ جارێكی دیكە بمانخەنەوە بەردەمی سەگەكانی نوگرەسەلمان. من ترسی ئەوەمە ئەوانە لە نەزانینەوە وا نەكەن، بگرە زۆر ئاگایانە و هۆشیارانە بۆ كاولكردنی كوردستان پەلكێشی بندەستی بەغدامان بكەنەوە.
Top