مێنتالیتەی ناکۆک

مێنتالیتەی ناکۆک
کورد ڕاستی گۆتووە " تا بمینی ھەر دەبینی"! واتا بە تەمەنێکی درێژ شتی سەیر و سمەر و دڵتەزێن و ناخۆش و تاڵ و شیرین و خۆش دەبینی. ئەوەتا لەو شتانەش مانشێتی ڕۆژنامە و گۆڤار و سایت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەکانە، کە بە ڕۆژانە ھزاران شتی لەو بابەتە بڵاو دەکەن. ڕاستە ئەوە ڕاگەیاندنە و زۆرێک لەو ھەواڵ و بابەتانە لەونایە دور بن لە ڕاستی بەڵام خۆ زۆریشیان ڕاستن.
ئەوەتا مانشێتی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەکانی کوردستان چەند ھەواڵێکی دڵتەزێنی ھەبوو: گرووپێکی ئیسلامی تووندڕەو لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەبی سوریا خێزانێکی کوردیان کۆمەڵکۆژی کردووە. زیاتر لە ( ٥٠٠) کورد لە دەوروبەری شاری منبجی سوریا لە لایەن تیرۆریستان داعشەوە ب زۆر جل و بەرگی تیرۆریستانیان لەبەر کراوە تاکو ببنە قەلغان و مەتال بۆ ئەو تیرۆریستانە لە کاتی ھێڕشەکانی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان.لە شاری ئەستەمبۆلی تورکیا داعشەکان و بە ئاگاداری لایەنەکانی فەرمی چەند بنکەیەکی مەشق و ڕاھینانیان دامەزراندووە. دادگای تورکیا ( ٤٨٦ ) ساڵ زیندانی بەسەر یەکێ: لە سەرکردەکانی دیاری (HDP) سەپاندووە. و ھزاران جۆر ھەواڵی لەو شێوازە ڕۆژانە دێتە بەرگۆێمان و ھەمووی ھەڵوێستی مۆسڵمانانە بەرامبەر بە کوردەکان.
کاتێک ئەو جۆرە ھەواڵانە وەک مانشێتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەبەردەم چاوی بینەران و بیستەران تێپەرَ دەبن مرۆڤ سەر سوڕ دەمێنێ لە ھەندێ مێنتالیتە( ئەقلیەتی) سەیر و دۆگماتی لە کوردستان بە تایبەتی و جیھانی ئیسلام بە تێکڕایی.
ھەن و زۆریشن ئەوانەی لەو وڵاتانە ھاوشێوەی شێخ مەھدی ئەلخالێی بیردەکەنەوە. ناوبراو یەکێک لە پیاوە دیارەکانی ئایینی ئیسلامی و بە ڕەگەز عەرەبی شێعەی ئێراقیی دانیشتووی شاری کازمیە بوو و لە سەرەتای چەرخی بیستەم ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زۆر ھەڵوێستی سیاسی ئێراقدا ھەبووە و بەتایبەت ھاتنە سەر دەستھەڵاتی مەلیک فەیسەلی یەکەم لە ساڵی ( ١٩٢١) و پەسند کردنی لە لایەن خەڵکیەوە و ھەروەھا سەرنەگرتنی ھەڵبژاردنەکانی ( ١٩٢٣). دواتر دەستھەڵاتداران بە بیانۆی ئەوەی کە ڕەگەزنامی ئێرانیە دەریانکرد و پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ پیاوە ئایینیەکانی ھەر لە ئێران کۆچی دوایی کرد.ناوبراو لایەنگرێکی تورکەکان بوو. و وەک مرۆڤێک، کە ھەم ئەرینی و ھەم لایەنی نەرێنی یشی تیایدایە، خاوەن بیروباوەرێکی تووندی ئایینی بوو کە جۆرێکی دۆگماتیزم و وشک باوەری تیایدا بەدی دەکرا.

ھەرچەندە ھەن لە کوردستان بە خوێندنی ئەو گۆتارە لەوانەیە پێیان ناخۆش بێ. بەڵام ڕاستی تاڵە. شێخی ناوبراو نە دوژمنداری منە و نە باوکمی کوشتووە و نە منی بینیوە و نە من ئەوم بینیوە و ھیچ ڕق و کینەشم بەرامبەری نیە و داواکارم خۆاوەندی ئەھوەرامەزدا بە گەورەیی و بەخشندەیی خۆی لە گوناحەکانی خۆش بێ. ئەوەی لێرەدا گفتگۆی دەکەین گفتگۆیەکی زانستیانە و لۆژیکانەیە و ھیچی تر. شێخ بە پێچەوانەی " ئەبوو تاووس" کە دەیگۆت: "کافری دادپەروەر لە مۆسڵمانی زۆردار باشترە" بیری دەکرد. و لەگەڵ ئەوە بوو کە دەستھەڵات ھەر دەبێ لە دەست مۆسڵمان بێ تەنانەت ئەگەر زاڵم و ستەمگەریش بێ! دیارە ئەو جۆرە پیاوانە لە زۆر سەردەم و تا ئێستاش بوونیان ھەیە و ئەو دۆگماتیزم و وشکایەتی ھزری لە کۆڵیان نابێ و ئێمەش دەبێ ھەتاھەتایە بەدەستیانەوە بناڵێنین و قۆربانی ھەڵوێست و بڕیارەکانیان بین. چونکە بڕیارەکانی ئەوان چارەنووس سازن. شێخ ئەرەبێکی شێعە بوو، بەڵام لە ساڵانی دواتر بەریتانیەکان بە بیانۆی ئەوەی کە ئێرانییە و بە مەھانەی دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی و ھەڵبژاردنی مەلک لە ئێراق دەریان کرد و ئەوەش زۆر دەنگی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا ھێنای بەڵام نەگەڕێنرایەوە. ئەگەر شێخ ئەرەب بێ یان ئێرانی بەڵام شێعە بوو. بەڵام دەبۆایە فەرھەنگی ئێرانیەکان کاریگەری بەسەر دا ھەبۆایە، چونکە ئەو فەرھەنگ و کەلتوورە زۆر کاریگەری بەسەر ھەموو شێعەکانی جیھان و بەتایبەت ئێراقیەکانەوە ھەبوو. بەڵام دیار بوو شێخ وانەبوو.لە فەرھەنگ و کەلتووری ئێرانی ڕەسەن و ئاریاییدا قسەیەکی زۆر باو ھەیە کە دەڵێ: " دشمن دانا بە ز دوست نادان"، واتا دوژمنی زانا و تێگەیشتوو و وریا زۆر باشترە لە دۆستێکی نەزان و تێنەگەیشتوو و ( جاھیل). دیارە ئەو قسەیە لە خۆ ڕا نیە و بەرھەمی کەلتوور و فەرھەنگی دەوڵەمەندی ئێرانیەکانە کە بەشێکی زۆری بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە ئەو وەڵاتە ھێشتان لەسەر ڕێباز و ئایینی زەردەشت پێغەمبەر بوون، ئەو پێغەمبەرە شەھیدەی کە لە یەکەم ھەڵگرانی ئاڵای چاکسازی کۆمەڵایەتی لەو سەردەمە زووە لە مێژووی مرۆڤایەتی بووە.زەردەشت ئەو چاکسازییەی کردبوو بە فەرھەنگی ھەموونەتەوەکانی ژێر دەستھەڵاتی و بەتایبەتیش سەرکردەکانیان. تا ڕادەیەک ئەگەر بەھەڵە دا نەچووبم فەرموودەیەک لە محەمەد پێغەمبەر(س) ھەیە کە باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی پاشایەکی دادپەروەر لەدایکبووە و ئەو پاشایە کەسێک نیە جگە لە نەوشێروانی گەورە کە لەسەردەمی دا سنوورەکانی وڵاتی ئاریایی دەگەیشتە دوورگەی ئەرەبی.
با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان. مۆسڵمانانی زۆرداری وەک داعشیان و ڕێکخراوە ئیسلامیە تووندڕۆەکانی جیھانی ئەمڕۆکە، کە وەک ڕاگەیاندنەکان باسی لێوە دەکەن ھەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە جیھانی ئیسلامی ناویان بە کافر نەھێنراوە!، و بەلکۆ کەسانێک ھەبن ھەتاوەکو لەو کوردستانەش بەدزیەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و تەمەنای ھاتنە سەر دەستھەڵاتیان دەکەن، ئەوان بیر خۆیان ناھێنن چیمان بەدەست ئەوانەوە کێشاوە و بینیوە، بەس تەنیا لەبەر ئەوەی ناویان مۆسڵمانە!!، و بوونی ئەوان جگە لە کۆشتن و خراپە و ھزاران تاوانی نامرۆڤایانە ھیچ قازانجێکیان بۆ ئیسلام و جیھانیان نەبووە، کەی دەبێ لە نامۆسڵمانێکی دادپەروەر باشتر بن؟ پێوەر چیە؟ کام بنەما و یاسا ئەو بیرۆکەیە بە دروست و لۆژیکانە ھەژمار دەکات؟ ئەو نامۆسڵمانانەی کە لە سنووری کار و دەستھەڵاتیان دا نەژاد و نەتەوە و ئایین و ڕەگەز و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بە ئاسوودەیی و ئاشتی و ئازادی بژین و ( ممارسەی) داب و نەریت و کەلتوور و فەرھەنگ و زمانەکەی خۆیان بکەن، چۆن باشتر نین لە داعشەکان و تالیبان و ئەلقاعیدە و بۆکۆحەرام و ئەلشەباب و گرووپەکەی ئەبوسەیاف و ئەنسارۆلئیسلام و جەبھەتۆلنەسرە و ...ھتد؟ لە کاتێکدا کە لە ژێر دەستھەڵات و سیاسەتی ئەوانە دا نەک نامۆسڵمانان، بەڵکۆ مۆسڵمانەکانیش ئاسوودە نین؟ ئەوەتا نموونەی ئەو دەستھەڵات بەناو مۆسڵمانانەیە کە لە ئێراق و ئێران و تورکیا و سوریا دا ھەن و لە دژی کوردە مۆسڵمان و نەمۆسڵمانەکان چ تاوانی نامرۆڤایانە ئەنجام دەدرێتن. با بڕیار بەدەست ئێوە بێ. ئێوەن بە مێنتالیتەیەکی لۆژیکانە و بابەتیانە و دور لە دەمارگیری و لایەنگیری دۆگماتیانەبوون و بێ بنەما بیری لێ دەکەنەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن.
سەرچاوەکان:
١- کەناڵی کوردستان tv، ھەواڵەکانی رۆژی ( ١٨/٦/٢٠١٦).
٢- بەرواری، ئەیاد(٢٠١٦). وەزارەتا ئەوقافێ: رادیۆیا داعشێ گۆتارێن ھندەک بانگخواز و گۆتارخوینێن کوردستانێ پەخش دکەت، بابەت ل ڕۆژناما ئەڤرۆ،ژمارە ( ١٩٠٢)، بەرپەرێ ٢، ل ( ٢١/٦/٢٠١٦).
٣- مۆراد، نادیە(٢٠١٦). زانۆکیا ئەزھەر داعش ب کافر ل قەلەم نەدان، بابەت ل ڕۆژناما ئەڤرۆ، ژمارە (١٩٠٤)، بەرپەرێ ٤، ل ( ٢٣/٦/٢٠١٦).
٤- الوردی، علی (١٩٧٢ ). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق(١٩٢٠-١٩٢٤)، الجزء السادس، بغداد، ( ٣٨٤ ) ێ.
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ

Top