جنێو و دڕندەیی

جنێو و دڕندەیی
نابێ قەدەری گەلێك كە قوربانیی بێسنووری لەڕێگەی ئازادیدا بەخشیوە بە جنێوفرۆشی و كوولتووری بێبەهایی بنەخشێندرێت. ڕەوا نییە بەددی و ساختە و درۆ و تەخوین سەربكەوێت. ئەبێ بەها بەرزەكان ناسنامەی هزر و دەروونی ئینسانی كوردستانی بن.
بەها بەرزەكانی كوردستان چین؟ ئایا تەنیا دروشم و قسەی قەبە و بەتاڵن؟ نەخێر ئەو ئاكار و كردارانەیە كاری پێكراوە. هێڵە گشتییەكانی سلووكی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمەی پێكهێناوە. كێ بیستوویەتی پێشەوا قازی و بارزانیی نەمر و شێخ مەحموودی نەمر و شێخ ئەحمەدی بارزان و شێخ عوبێدوڵڵا و كەڵەپیاوەكانی گەلەكەمان تەخوین و بەدی و زبرگۆیی لەنێوانیاندا هەبووبێت؟ ئەبێ پرسیار بكەین بۆ وا بە دڵفراوانی یارمەتیی یەكتریان داوە؟ بۆچی پشتیوانی یەكتری و تەواوكاری یەكتری بوون؟
كێ بیستوویەتی بەدبینی و دوودڵی و ڕق و كین و لەتلەتبوون و سەنگەرگرتن و دزی و ئێرەیی لەنێو خێزان و یەكەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا هەبووبێت؟ هەر لەم كوردستانەدا مەسیحی و جوو و موسڵمان بە هەموو تیرەكانیانەوە لەتەك یەكتردا، هەندێجار لەیەك گونددا دەژیان. بەها بەرزەكان ئەمانەن، بەڵام كەی ئینسانی كورد چاوچنۆك و فێڵباز بووە؟ كەی جاشبوون بوو بە پەتایەكی هەمەگیر؟ كەی سووكایەتی و ڕیسواكردن و جنێو و تەخوین و سەرلێشێواندن و تێكدان بوو بە فەرهەنگ و بە سیستەماتیك كرا؟
ڕەوتێكی فكری و سایكۆلۆژی و ئایدیۆلۆژیی نامۆ بە بەهاكان، دەستی هەبووە لە بەلاڕێدابردنی هەرچی مەفهوومە كە پەیوەندی بە خەبات و تێكۆشان و بوونی ئینسانی كوردستانیدا هەیە. ئەم ڕەوتە ئایدیۆلۆژییایەكی مونحەریفە كە تەنیا خۆی دەبینێت و ئەویتر ئینكار دەكات. بۆ ئەوەی ئینكارەكە هەڵتەكێنتر بێت دەستی بۆ خاپووركردنی بەهاكان بردووە، كێشەی لەگەڵ مێژوو و توراسدا هەیە و ئێستا و ئاییندە لەسەر بنەمای بەدبینی و یەكترشكاندن دادەمەزرێنێت. ئەو ڕەوتە حەزی لە چەواشەكارییە و لەئاستی فكریدا مرۆڤەكان لە قاڵب دەدات و كۆمەڵگە كەرت دەكات. ئەو ڕەوتە كە لە ئاستی جیهانیدا تاقیكراوەتەوە بووەتە هۆی نەهامەتیی گەلان، دیكتاتۆری و خوێنمژی و سەركوتكاریی لێكەوتووەتەوە. فاشیزم و كۆمۆنیزم و مافیاگەری و توندڕۆیی ئایینی ئەو نموونانەن لە دژایەتیكردنی بەهاكانی كۆمەڵگا و تێكدانی ئەخلاق و متمانەی نێوان چینوتوێژەكان و پشتبەستن بە جنێو و تەخوین دەستیان پێكردووە و دوای شێلان و هەڵتەكاندنی كۆمەڵگە، خۆیان سەپاندووە.
كوردستان نابێ خۆی لەبەرانبەر جنێوفرۆشی و بێبەهاییدا بەدەستەوە بدات. ئەبێ تاك تاكی خەڵكی ئەم وڵاتە ئەم ڕەوتە بخەنە ژێر زەڕڕەبینی پرسیار و تەسلیمی هاشوهوش و عەبەسیەت و پۆپۆلیزمی ئەو ڕەوتە نەبێت. ئەبێ هەموومان بزانین سیاسەتكردن ئەخلاق و بەهایە. سیاسەت بریتی نییە لە درۆ و جنێو و خەنجەرلێدان لە پشت. سیاسەت ئەوە نییە خەڵك چەواشە بكرێت و درۆ شوێن ڕاستی بگرێتەوە. ئەگەر سیاسەت وای لێهات لە دڕندەیی زیاتر ناكرێ ناوی تری بۆ دابنێین.
Top