جنێودەری خۆبەبچووكزان

جنێودەری خۆبەبچووكزان
بەقەدەر هەموو مێژووی چەندهەزارساڵەی كورد لەم چەندساڵەدا كوردەكان جنێویان بە یەكتر دا. شەڕەجنێو بە شێوەیەكی سیستەماتیك كاری بۆ كرا، دەیان ملیۆن دۆلاری لە سامانی گەل بۆ تەرخان كرا، سەدان ڕۆژنامەنووس و نووسەری بۆ بەكرێ گیرا. بووەتە بەشێك لە كوولتووری سیاسی، بووەتە شانازی و كارتی فشار لە دەستی بەشێك لە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بەرانبەریان بشكێنن. ئەوە لە حاڵێكدایە حزبەكان هەموو میكانیزمی كاری سیاسیی مەدەنی و یاساییان لەبەردەستدایە بۆ چالاكیی سیاسیی.
بەڵام بۆچی سیاسییەكان پەنا بۆ ئەم كردە ناتەربەویی و بێ كەلكە دەبن؟ بۆ دانبەخۆیاندا ناگرن و ناتوانن ڕێزی بەرانبەر بگرن؟ بۆچی بەزەییان بە باری دەروونیی خەڵك نایێت؟ بۆچی ناتوانن ئارام بن، هەڵنەچن، دووربین بن؟
هۆكارەكەی لە ناپێگەییشتووییدایە یان بابەتێكی سایكۆلۆژییە؟
هۆكاری سەرەكیی جنێودان و جنێوفرۆشی لە عوقدەی خۆبەبچووكزانینی جنێودەردایە. خۆبەبچووكزان خۆپەرستیشە و بڕوای وایە ئەوەی بۆ ئەو نەبێ با بۆ هیچ كەسیش نەبێ. حەزی لە پێشكەوتنی خەڵك نییە، تەنانەت گرفتی لەگەڵ شكۆ و سەروەریی وڵاتەكەیشی هەیە. خۆبەبچووكزان چاوچنۆكە بۆی بڕەخسێ هەرگیز دەست لە دزی و گەندەڵی ناپارێزێ. خۆبەبچووكزان دڵڕەق و بێبەزەییە، ئەتوانێ مرۆڤكوژ بێ. لە دەستەڵاتدارێتیدا زاڵم و خۆسەپێنە، لە ڕێی ستەمكاریدا قەرەبۆی گرێ دەروونییەكانی دەكاتەوە.
جنێودەر ئەو خۆبەبچووكزانەیە هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ژیانی دەرووبەری.
Top